ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئاودێر

عوسمان زیندانی سەرۆكی سەندیكای كرێكارانی بیناسازی سلێمانی باس لە خراپی ڕەوشی كرێكاران بەهۆی قەیرانی دارایی و ئابووریی، لاوازی دامودەزگای جێبەجێكردن و چاودێریی دەكات، هاوكات باس لە ڕەوشی كرێكارانی مێینە و دۆخی خراپی كرێكارانی بیانی و ئەو بێكارییە درێژخایەنە دەكات كە لە هەریم بوونی هەیە، كاریگەرییە خراپەكانی نەبوونی خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی ڕوندەكاتەوە و دەڵێت گومانێكی زۆر هەیە حكومەت پارەی دەستەبەری كۆمەڵایەتی كرێكارانی خواردبێت.

بێكارییەكی درێژخایەن لەناو چینی كرێكاراندا بڵاو بووەتەوە و ساڵانە هەزاران دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاش هیچ دەرفەتێكی كاركردنیان بۆ ناڕەخسێنرێت.

لەناو هەندێك لە ناوەندەكانی كاردا تێڕوانینێكی كۆنەپەرستانە بەرانبەر بە ئافرەت هەیە، بەشێوەیەك بەچاوی جەستە سەیری ئافرەت دەكرێت، نەك وەك مرۆڤێك كە خاوەنی بیر و بازوی خۆیەتی، وەك كەسێك كە توانای بەرهەمهێنان، بینیاتنان و پێشكەوتنی ئابووری كۆمەلایەتی هەیە لە كۆمەڵگەدا.

90% ڕوداوەكانی كار لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەو كرێكارانەن كە لەبواری بیناسازی كار دەكەن، بەڵام تاكو ئێستا خانەنشینی و یاسای بیمەی كۆمەڵایەتی نایانگرێتەوە

حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبەر ئەوەی خاوەنی ئاڕاستەیەكی سەرمایەداری نیولیبراڵیزمە، بایەخ بە یاسای وەبەرهێنان، بازرگانەكان و كۆمپانیاكانی خۆیان دەدات، چینی كرێكار فەرامۆشكراوە

..............

عوسمان زیندانی سەرۆكی سەندیكای كرێكارانی بیناسازی سلێمانی لەبارەی ڕەوشی كرێكارانەوە ڕای دەگەێنێت كە دۆخی كرێكاران بەشێوەیەكی گشتی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی قەیرانی دارایی و ئابووریی، لاوازی دامودەزگای چاودێریی و بەهۆی گرنگی نەدانی حكومەت و دامەمودەزگاكانی وەزارەتی كارەوە، پرسی كرێكاران لە بارودۆخێكی خراپدایە، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بێكارییەكی درێژخایەن لەناو چینی كرێكاراندا بڵاو بووەتەوە، كێشەكە تەنیا لەوەوە سەرچاوە ناگرێت كە كرێكاران توشی بێ كاری بوون، بەلًكو كێشەكە ئەوەیە كە ماوەیەكی دووروو درێژە ئەم بێ كارییە بەردەوامە، لەهەمان كاتدا، لە كۆمەڵگە پێشكەوتووەكاندا كاتێك كە سیستمە سەرمایەدارییەكان تووشی قەیران دەبن، لەژێر كاریگەری چەپ، رێكخرا و سەندیكاكان ناچار دەبن بیمەی بێكاری بدەن، بەڵام لە هەرێمی كوردستاندا هیچ بیمەیەكی بێكاری نییە، لەهەمان كاتیشدا ساڵانە هەزاران دەرچووی زانكۆ و پەیمانگا هیچ دەرفەتێكی كاركردنیان نە لەكەرتی تایبەت نە لەكەرتی گشتی بۆ ناڕەخسێنرێت، بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی هەر مرۆڤێك ئامادەی كار بێت توانای كاركردنی هەبێ و كاری دەستنەكەوێت بە كرێكارێكی بێكار هەژمار دەكرێت، بۆیە دەتوانین بڵێن بە سەدان كرێكاری بێكار لە هەرێمی كوردستان بوونیان هەیە. " كرێكارانی ژن بەشێكی زۆری ئەو بێكارییەیان بەردەكەوێت، لەهەمان كاتدا ئافرەتان لەناوەندەكانی كاردا ڕووبەڕووی هەڵومەرجێكی سەخت دەبنەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو تێڕوانینە هەڵەیەی كە بەرانبەر بە ئافرەت هەیە، لەناو هەندێك لە ناوەندەكانی كاردا تێڕوانینێكی كۆنەپەرستانە هەیە بەشێوەیەك بەچاوی جەستە سەیری ئافرەت دەكرێت، وەكو مرۆڤێك كە خاوەنی بیر و بازوی خۆیەتی، وەكو كەسێك كە توانای بەرهەمهێنان، بینیاتنان و پێشكەوتنی ئابووری كۆمەلایەتی هەیە لە كۆمەڵگەدا سەیر ناكرێت.

لەبارەی گرفتە یاساییەكانی بەردەم كرێكاران، سەرۆكی سەندیكای كرێكارانی بیناسازی سلێمانی باس لەوە دەكات كە تاكو ئێستا یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی سەرجەم كرێكارانی كوردستان ناگرێتەوە، بەتایبەتی كرێكارانی بیناسازی، ئەوانەی خاوەنی كاری جێگیر نین، لەكاتێكدا كرێكارانی بیناسازی ئەو چینەن لەناو كرێكاراندا كە زۆرتر رووبەڕووی رووداوە مەترسیدارەكان و مردن دەبنەوە، بەشێوەیەك 90% ڕوداوەكانی كار لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەو كرێكارانەن كە لەبواری بیناسازی كار دەكەن، بەڵام تاكو ئێستا خانەنشینی نایانگرێتەوە، یاسای بیمەی كۆمەڵایەتی 12% دەبێت خاوەن كار بیدات و 5% كرێكارەكە خۆی بیدات، بەڵام لەبەر ئەوەی خاوەنكاری جێگریان نییە، ئەم بیمەیە وەرناگرن، پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2012 هەمواری یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی ژمارە 39ی ساڵی 1971ی كردەوە، بەڵام لەو 10 خاڵەی كە درەكراوە لەیەكێكیاندا داوا لە حكومەت كراوە كە رێنماییەك بۆ ئەو كرێكارانە درەبكات كە خۆیان بیمە دەكەن، بەڵام تاكو ئێستا ئەم دوو كابینەیەی كۆتایی ئامادە نەبوون ئەمە بكەن. واتە دوو گرفتی گەروەی یاسایی هەیە كە ئەوانیش نەبوونی بیمەی بێكاری و نەبوونی یاسای دەستەبەری كۆمەڵایەتییە كە هەموو كرێكاران نارگرێتەوە.

عوسمان زیندانی رەخنەی ئەوە دگرێت كە بەپێچەوانەی یاسا بەركارەكانەوە رێگری لە ئازادی كاری سەندیكایی دەكرێت و دەڵێت: تا ئێستا ئازادی كاری سەندیكایی لەناوەندەكانی كاردا پێشێل دەكرێت، رێگە نادەن وەكو پێویست هەڵبژاردن لەناوەندەكانی كاردا بكرێت، كرێكار جوڵەی هەبێت بۆ داكۆكیكردن لە مافی خۆی و هاوچینەكانی، لە زۆر شوێن كرێكار دەردەكرێت، دەخرێتە ژیر فشارەوە، بۆیە تاكو ئێستا سەرباری هەوڵ و ماندووبوونی سەندیكای بیناسازی لەگەڵ چەند سەندیكایەكی دیكەدا، بەڵام هێشتا نەتوانراوە لەسەرجەم كارگەكان و ناوەندەكانی كاردا، هەڵبژاردن بكرێت، لەكاتێكدا یاسای ژمارە 52ی ساڵی 1987 رێگە دەدات لە هەر ناوەندێكی كارا كە 50 كرێكار زیاتری تێدا بوو لیژنەی هەڵبژێردراوی سەندیكایی هەبێت.

سەرۆكی سەندیكای كرێكارانی بیناسازی سلێمانی لەبارەی كێشەی بێكاری و بوونی كرێكاری بیانی هێما بۆ ئەوە دەكات كە كێشەی كرێكارە بیانییەكان ئەوەیە كە بەشێكیان بە قاچاخ و بەشێكی دیكەشیان بە كڕێن و فرۆشتنن دێنە ناو هەرێمی كوردستان، كەمیان بەشێوەی فەرمی دێن، ئەم كرێكارانە لەلایەكەوە بەنایاسایی دێنە ناو هەرێم لەلایەكی دیكەوە خاوەن كارەكان دەیانچەوسێننەوە، كرێی كەمیان پێدەدەن، لەناو هەڵومەرجێكی خراپدا دەژین، ئێمە لەگەڵ ئەوەین ئەگەر رێگە درا كرێكاری بیانی بێتە ناو خاكی هەرێم پێویستە دەستەبەری مافەكانیشی بكرێت، ئەم شێوازەی ئێستا وایكردووە كە رەوشی كرێكاری بیانی لەبارێكی زۆر خراپدا بێت.

لەبارەی كاریگەرییەكانی كۆرۆنا لەسەر كرێكاران و سندوقی دەستەبەری كۆمەڵایەتیی، زیندانی باس لەوە دەكات كە بەهۆی كۆرۆناوە حكومەت ئامادە نەبووە هیچ قەرەبوویەكی كرێكاران بكاتەوە، لەكاتێكدا بەگوێرەی مادەی 65 لە یاسای ژمارە 71ی ساڵی 1987 لەیاسای كار ئەگەر (قوەی قاهیرە) رویدا، كە لەدەسەڵاتی خاوەن كارو كرێكاردا نەبوو، خاوەن كار دەبێت بۆ ماوەی دوو مانگ مووچە بداتە كرێكار، ئێمە لە سەندیكای بیناسازی سەردانی هەموو كارگەكانی چیمەنتۆی ناوچەی پیرەمەگروون، بازیان، تەكییە و ناوچەكانی دیكەمان كردووە، هەموو كرێمان بۆ وەرگرتوون، بەڵام زۆربەی كرێكارانی بەشەكانی دیكە كە ئێمە لێیان بەرپرس نین، وەكو مۆڵەكان و بەنزینخانەكان و زۆر كۆمپاینا و شوێنی دیكە لەكاتی بوونی كەرەنتنینی تەواو مووچەیان نەدراوەتێ، لەكاتێكدا بە ملیارەها دینار لەناو سندوقی دەستەبەری كۆمەلایەتیدایە، پێویست بوو لانی كەم هەموو كرێكارێك لەماوەی كەرەتنینەدا بۆ دوو مانگیش بوایە مووچەیەكی 200 هەزاری پێبدایە، چونكە یەكێك لە خاڵەكانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ خانەنشینی و سەلامەتی روداوی كار و یەكێكی دیكەش لە بڕگەكان بۆ خەدەماتی كۆمەڵایەتییە، بۆیە دەبینین لەزۆربەی وڵاتانی دونیا حكومەتەكان لە بودجەی گشتی خۆیان پارە دەدەنە كرێكاران، بەڵام لە هەرێمی كوردستان تەنانەت لەو پارەیەی كە بۆ دەستەبەری كۆمەڵایەتی دانراوە نەدرایە كرێكاران، هەربۆیە گومانێكی زۆر لەسەر بوونی ئەو پارەیە هەیە لە خەزێنەی دەوڵەتدا دروست بوو.

سەبارەت بە گرنگی دانی زیاتری حكومەتی هەرێمی كوردستان بە وەبەرهێنەران و پشتگوێخستنی یاسای كار و كرێكاران، سەرۆكی سەندیكای كرێكارانی بیناسازی سلێمانی ڕوونی دەكاتەوە كە یاسای كار یەكێكە لە یاسا گرنگەكان لە زۆربەی ولاتانی دونیا كە لەرێگەیەوە رێكخستنی پەیوەندییەكانی نێوان تاكو كۆمەڵ، پەیوەندی نێوان كۆمەڵگە و دەوڵەت، كرێكار و خاوەن كار پەیوەندی لەنێوان سەندیكا و كرێكار و خاوەنكار رێكدەخات، یاسای كار و سەندیكا كرێكارییەكان، بەشێكی گرنگن لە بەڕێوەبردنی كۆمەڵگە و رێكخستنی كۆمەڵگە و باشكردنی لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ و عەدالەتی كۆمەڵایەتی، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبەر ئەوەی خاوەنی ئاڕاستەیەكی سەرمایەداری نیولیبراڵیزمە، بایەخ بە یاسای وەبەرهێنان، بازرگانەكان و كۆمپانیاكانی خۆیان دەدەن، چینی كرێكاریان فەرامۆشكردووە، بۆیە پێویستمان بە وشیارییەكی گەورەی چینایەتی سیاسی لەناو كۆمەلگە و چینی كرێكاردا هەیە تاكو خەباتە سەندیكایی و پیشەییەكە بۆ كۆمەڵێك داواكاری یاسایی و پیشەیی بەكار بهێنرێت و لەپاڵیدا خەباتی سیاسی لە پەرلەمان و حكومەت بكرێت، بەشێوەیەك حكومەت ناچار بكرێت وەبەرهێنانی درێژخایەن بكات، دەستی كاری ناوخۆیی بخاتە دەرەوە، ئابوورییەكی ناوخۆیی بەهێزی هەبێت و سنورێك بۆ هاوردەكردنی كاڵاكانی دەرەوە دابنرێت، بەپێچەوانەی ئێستاوە كە حكومەتی پشتی بە سندوقی دراو و زیدكردنی باج و كەمكردنەوەی مووچەی خەڵك بەستووە.