ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئاودێر

دیاردەى کوشتن و خۆکوشتن لە هەرێمى کوردستان گەیشتۆتە ئاستێکى مەترسیدار و لەماوەى مانگى ڕابردوودا زیاتر لە 20 حاڵەت تۆمار کراون، سەرۆکى دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ رەخنە لەدەسەڵاتى جێبەجێکردن و یاسادانان دەگرێت و بەشێک لە هێزە سیاسییەکانیش تۆمەتبار دەکات بەوەى چەک وەکو دیارى دەدەنە ئەندامەکانیان، ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان بەرگرنگى دەزانێت یاسای چەک هەموار بکرێتەوە و توێژەرێکى دەروونیش باس لە پاڵنەرەکانى کوشتن دەکات.

ئێوارەی رۆژى یەکشەممە، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە شەڕەتەقە لە نێوان دوو کەس لە لە شاری هەولێر روویدا و بەهۆیەوە کەسێک گیانى لەدەستداو کەسێکى دیکەش بریندار بوو، دوو رۆژ پێشتر و لە شارى سلێمانى لەئەنجامی دەمەبۆڵەی نێوان دوو دراوسێ‌ دوکان شەرو ئاڵۆزی دروست بوو لەئەنجامدا یەکێکیان گیانى لەدەست داوە، رۆژى پێشووتریش لە دهۆک کەسێک ژنێک دەکوژێت، ئەمانە ئەو ڕوداوى کوشتنانەن کە رۆژانە هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان دەیانبیستن، ئەمە جگە لە خۆکوشتن و بەکارهێنانى چەک بەشێوەیەکى بەردەوام بریندارکردنى خەڵک و ئەنجامدانى هەڕەشە لەرێگەى چەکەوە.

ئەم دیاردەیە لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی پۆلیسی گشتیی هەرێم لەماوەى دوو ساڵى ڕابردوودا 5 سەد و 17 حاڵەتى کوشتن و خۆکوشتن لە هەرێمى کوردستان تۆمار کراون.

بەگوێرەى ئامارەکە ئامارەکە لە ساڵى 2019دا 260 رووداو لەساڵى رابردوشدا 257 رووداوی کوشتن و خۆکوشتن ئەنجامدراون، چالاکان و رێکخراوەکانى مافى مرۆڤیش بەشێکی زۆری هۆکارەکان بۆ بوونی دیاردەی چەکداری دەگەرێننەوە.

روداوەکانى کوشتن و خۆکوشتن بۆ ساڵى 2020 بەم شێوەیە بوون لە هەولێر 65 رووداوی کوشتن و خۆکوشتن. لە سلێمانی 50 رووداوی کوشتن و خۆکوشتن. لە دهۆک 61 رووداوی کوشتن و خۆکوشتن ئەنجامدراون. لە هەڵەبجە 4 رووداوی کوشتن و خۆکوشتن و لە سۆران 32 رووداوی کوشتن و خۆکوشتن ئەنجامدراون. هاوکات لە گەرمیان 19 رووداو و لە راپەڕینیش 26 رووداوی کوشتن و خۆکوشتن ئەنجامدراون.

لەسەرەتاى ئەمساڵەوە ئەم دیاردەیە بەشێوەیەکى تەواو ترسناک پەرەى سەندووە و لە زۆربەى ناوچەکانى کوردستان بەهۆى بەکارهێنانى چەکەوە بۆ یەکلاییکردنەوەى کێشەکانیان هاووڵاتیان یەکتر دەکوژن، زۆرجاریش چەند ئەندامى خێزانێک لەیەک کاتدا بەم هۆیەوە گیان ەلدەست دەدەن، بەشێوەیەک تەنیا لەماوەى مانگى ڕابردودا زیاتر لە 20 حاڵەتى کوشتن لەناوچەکانى هەرێمى کوردستان تۆمار کراون.

زیا پتروس سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕای دەگەێنێت، بەداخەوە لەم چەند ساڵەی دواییدا کوشتن و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان بووەتە دیاردە و ئامرازى سەرەکی ئەم کوشتن و خۆکوشتنەش بە بەکارهێنانى چەک ئەنجام دەدرێت. گوتیشی: بەهۆى نەبوونى ئیرادەیەکى ڕاستەقینە لەناو دەسەڵاتى جێبەجێکردندا تاکو ئێستا نەتوانراوە دیاردەى چەکدارى لە هەرێمى کوردستان کۆنترۆڵ بکرێت، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە بەردەوامى ئەم دیاردەیە دەرخەرى ئەو ڕاستییەیە کە حکومەت هەر بەراستى ناتوانێت کۆنترۆڵ بکات، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بۆچوونى وایە جگە لە کەمتەرخەمییەکانى وەزارەتى پێشمەرگە و وەزارەتى ناوخۆ، چەندین هۆکاری دیکە وایانکردووە کە دیاردەى چەکدارى بنبڕ نەکرێت، لەوانە حەزى زۆرى خەڵکى بۆ بوونى چەک لەماڵەوە، بەشێوەیەک زۆرجار خەڵک بۆ دەربڕینى خۆشی بەکارى دەهێنێت، هاوکات "بەهۆى ئەوەى هەرێمى کوردستان دەوڵەت نییە و سنوورێکى فراوانى هەیە، کۆنترۆڵکردن و ریگرى کردن لە بازرگانیکردن بەچەکەوە کارێکى ئاسان نییە، تەنانەت هەندێکجار حکومەت خۆى ناچارە چەک بکرێت، ئەمەش بەهۆى ئەوەى بەغدا لەدابەشکردنى چەکدا بەشدارى پێناکات". یەکێکى دیکە لەو هۆکارانەى وایکردووە کە دیاردەى چەکدارى لە هەرێمى کوردستان بنبڕنەکرێت نەبوونى هەڵمەتى بەردەوامى هێزە ئەمنییەکانە بۆ دەستبەسەرداگرتنى چەکى نایاسایی، "زۆرجار هێزە ئەمنییەکان هەڵمەتى هەفتەیی، یاخود مانگى بۆ دەستبەسەرداگرتنى چەکى بێ مۆڵەت ڕادەگەێنن، بەڵام ئەمانە ناتوانن ببنە رێگر". زیا بتروس، باس لەوەش دەکات کە بەپێى بەدواداچوونەکانى ئەوان بەشیکى زۆرى تاوانەکان بە چەکى بێ مۆڵەت ئەنجام دەدرێن. سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، گەراندنەوەى چەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ ماڵی خۆیان لەکاتى تەواوبوونى دەوامى فەرمى بەیەکێکى دیکە لە هۆکارەکانى کوشتن و خۆکوشتن لە هەرێمى کوردستان ناو دەبات، "رێگریکردن لە گەڕاندنەوەى چەک بۆ ماڵەوە کارێکى هێند قورس نییە، وەزارەتى ناوخۆ و پێشمەرگە دەتوانن لەرێگەى بڕیارێکەوە ئەمە بکەن". لەبارەى سەروەرنەبوونى یاسا و بوونى کەموکوڕى تیایاندا، سەرۆکى دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ بەپێویستى دەزانێت کە پەرلەمانی کوردستان ڕۆَڵی لە هەموارکردنەوەی یاسای چەکدا هەبێت جەختیش دەکاتەوە کە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە هەوڵی سەروەرکردنی یاسا بدات و جیاوازی نەکرێت لەنێوان حکومدانی کەسانی تاوانبارداو رێگر بێت لە دەربازبوونى کۆمەڵەکەسێک لە یاسا. هاوکات رۆڵى ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بەتایبەت ڕێکخراوەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ بەپێویست دەزانێت لە بڵاوکردنەوەی کلتوری مافی مرۆڤ و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و ئاشناکردنی کۆمەڵگا بە بنەماکانی ڕێزگرتن لە شکۆی مرۆڤ.

بەگوێرەى یاسای ژمارە 16 بڕگەی 3 تایبەت بەچەک کەساڵی 1993 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەندکراوە هەرکەسێک بەبێ مۆڵەت چەکی ئاگرین یان عەتادەکەی لەژێردەستدا بێ یان هەڵیبگرێ، سزای بەندکردن کە لەساڵێک کەمتر نەبێت دەدرێت، هەروەها غەرامەش دەکرێ‌. خۆ ئەگەر تاوانیشی پێبکات بەپێی جۆرەکەی ماددەکانی دەگۆڕێت.

زانا مەلا خالید، ئەندامی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان باس لەوە دەکات کە ئەگەرچی لە کوردستان یاسای هەڵگرتنی چەک هەیە، بەڵام پابەندبوون بە یاساکە زۆر خراپە بە تایبەت لە دوای شەڕی داعش، ئەو ئەندامەى پەرلەمانى کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە بوونى چەک لەماڵاندا هاندەرى سەرەکییە بۆ ئەنجامدانى تاوان، "ئەو تاوانانەى بەچەک ئەنجام دەدرێن تەنیا بەو چەکانە نین کە بەبێ مۆڵەتن، بەڵکو بە چەکى مۆڵەتداریش تاوانى کوشتن و خۆکوشتن ئەنجامدراوە".

هەر لە بارەى گرفتە یاساییەکانى هەڵگرتنى چەک لە هەرێمى کوردستان، حیکمەت محەمەد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، باس لەوە دەکات کە وەکو فراکسیۆنى پارتى بەنیازن پڕۆژە یاسایەک بۆ هەمواری یاسای هەڵگرتنی چەک ئامادە بکەن، ئەو ئەندامەى پەرلەمانى کوردستان بۆچوونى وایە کە یاسای ئێستا کۆمەڵێک گرفتى تێدایە کە وادەکات بەئاسانى چەک هەڵبگیرێت، "ماوەیەکە دیاردەی کوشتن و شەڕکردن و تەقەکردن زۆر بووە، یەک لەو هۆکارەنەشی کە وای کردووە ئەمە روبدات، ئاسانی هەڵگرتنی چەکە".

بەشێک لە چالاکانى کۆمەڵگەى مەدەنى ڕەخنەى ئەوە دەگرن کە یاسا بەپێى پێویست بۆ هەموان سەروەر نییە، هەرئەمەش وایکردووە زۆرجار کەسەکان خۆیان پەنا بۆ وەرگرتنەوەى مافەکانیان ببەن، یاخود ترسیان لەو دەرئەنجامە نەبێت کە دەبنە لێکەوتەى دواى روداوەکان، ئەوان دەڵین کەسانی تاوانبار ترسیان لە سزادان نییە، لە دادگا و بەندیخانەکانی هەرێم تاوانباران لە دوای بەندکردنیان بە ئاسانی بە کەفالەتی مادی و شەخسی ئازاد دەکرێن، یاخود تەنانەت کێشەکەش ناچێتە دادگا و لەرێگەى خێڵەوە دەبەخشرێن، ئەمە جگە لەوەى هەندێک لە تاوانباران بە پاڵپشتی هێز و کەسی و حیزب و دەزگا و عەشیرەت، رووبەڕووى یاسای ناکرێنەوە، "بەشێکى زۆرى ئەو تاوانانەى لەرێگەى چەکەوە ئەنجام دەدرێن ئەو کەسانەن کە لەناو حزبە دەسەڵاتدارەکاندا پاڵپشتیان لێدەکرێت، ئەمانە بەڕۆژى روناک تەقە لەخەڵک دەکەن و لەدواى ئەنجامدانى تاوانەکەش دەچنەوە باوەشی حزب".

لەپاڵ بوونى چەکی بێ مۆڵەت و لێبوردنی گشتی بۆ تاوانباران، چەندین هۆکارى دیکەی وەکو قەیرانی ئابووری، سیاسی، بەرزبونەوەی ڕێژەی بێکاری، خراپ بەکارهێنانى ئامێرەکانى پەیوەندیکردن و پاڵنەرە دەروونییەکان وایانکردووە کە کوشتن و خۆکوشتن بگاتە ئاستێکى مەترسیدار. "لەکاتى بوونى هەر فشارێکى دەروونى، بەردەست بوونى ئامێرەکانى کوشتن و خۆکوشتن دەبنە پاڵنەرى سەرەکى بۆ ئەنجامدانى تاوانەکە". زریان عومەر، توێژەرى دەروونى، بۆچوونى وایە کە بەشێکى زۆرى تاوانەکانى کوشتن و خۆکوشتن بەهۆى ئەو هەڵچوونە خێراییەوە دروست دەبن کە ڕووبەرووى کەسەکە دەبنەوە، بەڵام ئەگەر بێت و ئەو کەسە ئامرازەکانى کوشتن و خۆکوشتنى لەبەردەستدا نەبێت، بەئەگەرێکى زۆرەوە لە ئەنجامدانى تاوانەکە پاشگەز دەبێتەوە، "هەرچەندە چەندین تاوان لە هەرێم ڕویانداوە کە کەسەکە بەپلان کارەکەى کردووە و پێشتر نەخشەى بۆ کێشاوە، بەڵام دیسانەوە لەم دۆخەشدا بوونى کەرەستەکانى کوشتنن و خۆکوشتن دەبنە هاوکارى ئەنجامدانى تاوانەکە". ئەو توێرەژە دەروونییە رونى دەکاتەوە کە "مرۆڤ دەکرێت لە ماوەى خولەکێکدا هەستەکانى چەندینجار بگۆڕێن، هەربۆیە زۆر ئاساییە کەرەستەکانى بەردەستى ئاڕاستەى ژیانى کەسەکە دیاری بکرێت، دواى ماوەیەک و پاشا هێوربوونەوە ئەگەر کەرەستەى کوشتنەکەى دەست نەکەوێت، رەنگە بۆچوونى خۆى بگۆڕێت". زریان عومەر لەپاڵ سەروەربوونى یاسا و رۆڵى گرنگى ڕاگەیاندن و رێکخراوەکان باس لە رۆڵى گرنگى خێزان، قوتابخانە و کۆمەڵگە لەسەر تاک دەکات و جەخت دەکاتەوە کە بەوپێیەى هەموو بوارەکانى ژیان گرێدراوى یەکترن، مرۆڤ وەک بوونەوەرێک رۆژانە بەر ڕوداو و دیاردەکان دەکەوێت و کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ئاڕاستەکردنى ژیانى دەبێت، " بوونى پەروەردەى دروست لەناو خێزان تا دەگاتە زانکۆ و دواجاریش کۆى کایەکانى دیکەى ژیان هۆکارى سەرەکین بۆ شێوازى ئەنجامدانى هەڵسوکەوتى کەسەکە لە ژیان و دواتریش ڕەنگدانەوەى لەناو کۆمەڵگەدا".