ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

تەوەرێکی پانێڵی "ئاڵنگاری و پێشهاتەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان" لەبارەی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەرفەت و ئاستەنگەکانی بوو. سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان لەو بارەوە رایگەیاند، "پێموایە یەکێک لە گرفتەکانی حکومەت یەکەمیان دەستنیشانکردنی ئەوەیە کە ئایا ئەو چاکسازییە پێویستە یان پێویست نییە."

د. کاوە مەحموود، سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان لەبارەی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "من پێموایە چاکسازی لەوە دەستنیشان دەکرێت دەبێت بڵێین قەیرانێکمان هەیە، ئەو قەیرانە تەنیا قەیرانێکی دارایی و رێکخستنی مووچە نییە، بەڵکو قەیرانێکی گشتگیرە. دووەم ئەو قەیرانە کاریگەری لە دۆزی نیشتمانی کوردستانی دەکات."

سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان ئاماژە بەوەش دەکات، "چاکسازی واتایەکی وەرگرت، کە چاکسازی مانای ئەوەی کە دەوڵەت واز لە هەموو ئەرکەکانی خۆی بهێنێت، کەرتی گشتی نەمێنێت، سەرکردایەتیی ئابووری بدرێتە کەرتی تایبەت. بەم حاڵەتە ئەقڵیەتی سەنترالیزمی ئەوروپایی شێوازێکی سەپاند لە چاکسازی وەکو بڵێن چاکسازی ئەوەیە."

 بەشێک لە قسەکانی د. کاوە مەحموود، سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان:

 چەمکی چاکسازی، چەمکێکی نوێ نییە، هەرچەند باسی چاکسازی دەکرێت لە چوارچێوەی چاکسازی ئابووری یان چاکسازی سیاسی کە لە کۆتایی ساڵەکانی هەشتا باس دەکرێت، بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە پێشتر لەکاتی مارتن لۆسەر باسی چاکسازی ئایینی کراوە، لە کاتی دەوڵەتی عوسمانی باسی چاکسازی کراوە، دواتر باسی چاکسازی ئایینی محەممەد عەبدەو جەمالەدین ئەفغانی کراوە، واتە ئەم چەمکە چەمێکێکی کۆنە.

بەڵام ئەم چەمکەی ئێستا بەکاردێت پەیوەندی بە قۆناخێکی مێژووییەوە هەیە، ئەو قۆناخە مێژووییە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانە. لەوکاتەدا دەبێت تەماشای دۆخی نێودەوڵەتی بکەین، ئەو پێشبڕکێیەی کە هەبوو لەنێوان دوو کەمپ، کەمپی سۆشیالیستی و کەمپی سەرمایەداری. ئەو هەوڵەی کەمی سەرمایەداری دای، توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، ئەمەش دوای هەرسهێنانی یەکێتی سۆڤیەت لە سەرەتای نەوەتەکان.

چاکسازی واتایەکی وەرگرت، کە چاکسازی مانای ئەوەی کە دەوڵەت واز لە هەموو ئەرکەکانی خۆی بهێنێت، کەرتی گشتی نەمێنێت، سەرکردایەتیی ئابووری بدرێتە کەرتی تایبەت. بەم حاڵەتە ئەقڵیەتی سەنترالیزمی ئەوروپایی شێوازێکی سەپاند لە چاکسازی وەکو بڵێن چاکسازی ئەوەیە. لە کاتێکدا ئەگەر تۆ تەماشای ئەزموونەکان بکەی، سەیر دەکەین چەندین ئەزموون هەیە بۆ چاکسازی. کە هەندێکیان سەرکەوتووە بوونە و هەندێکیان سەرکەوتوو نەبوونە، ئەگەر تەماشای ئەو قۆناخە بکەین، چاکسازی لە چین لە ساڵی 1978وە دەستیپێکرد، بەڵام دەستی پێنەکرد بە یاسا، دەستیپێکرد بە پرۆسەیەکی بەردەوام تاوەکو ئێستا بەردەوامە و دەڵێن ئێمە تاوەکو ساڵی 2035 بەشێک لە هەنگاوی یەکەمی چاکسازی تەواو دەکەین.

کۆمەڵێک ئەزموون هەیە لە چاکسازی، بەڵام گرفتی ئێمە چییە کە وەکو ئاستەنگ رووبەڕوومان دەبێتەوە لە کوردستان؟ ئەوەیە کە ئێمە یەک شێوازمان لەبەردەستدایە، ئێمە پێمانوایە هەموو شتێک لە ئیدارەکردنی حوکم، لە چاکسازیکردن و ئەوانە هەر هەمووی دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سەنترالیزمی ئەوروپایی ئەو نموونەیەی لە ئەوروپاوە هاتووە، وەکو بڵێی جیهان هەر هەمووی بریتییە لە ئەوروپا، وەکو بڵێی شارستانییەتەکانی دیکە و گەلانی دیکە هیچ ئەزموونێکیان نییە لەوبارەیەوە. ئەمەش یەکێکە لەو گرفتانە.

ئەمەش رەنگیداوەتەوە لە کۆمەڵێک شت، لەوانە لە سیاسەتی حکومەت، تەنانەت رەنگدەداتەوە لەو دیدگایەی 2030 کە بڵاوکرایەوە، کە دیسان کۆمەڵێک شت دەهێنێتە پێشەوە کە دووریخستووەتەوە لە گەشەپێدان. باشە ئێمە کاتێک باسی گەشەپێدان دەکرێت سەیر دەکرێت لە دیدگای 2030 بە نموونە باسی دۆخی ئافرەت ناکرێت. لە باسی تەندروستی باسی گەشتیاری پزیشکی دەکرێت، هەموومان دەزانین دۆخی پزیشکی و نەخۆشخانە و تەندروستی لە کوردستان چۆنە.

بۆیە پێموایە یەکێک لە گرفتەکانی حکومەت یەکەمیان دەستنیشانکردنی ئەوەی ئایا ئەو چاکسازییە پێویستە یان پێویست نییە. من پێموایە چاکسازی لەوە دەستنیشان دەکرێت دەبێت بڵێین قەیرانێکمان هەیە، ئەو قەیرانە تەنیا قەیرانێکی دارایی و رێکخستنی مووچە نییە، بەڵکو قەیرانێکی گشتگیرە. دووەم ئەو قەیرانە کاریگەری لە دۆزی نیشتمانی کوردستانی دەکات.

بۆیە  کە من باسی چاکسازی دەکەم، دەبێت ئەوەم لەبیر بێت کە مەسەلەی کوردستان کە مەسەلەیەکی نیشتمانییە، پەیوەندی بە مەسەلە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانەوە هەیە لەو حاڵەتە.