ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەر هەنگاو و بڕیارێک کە پەیوەندی بە سیاسەتی داراییەوە هەبێت و بە مەبەستی ڕووبەڕووبونەوە و چارەسەرکردنی ڕەوشیک یان قەیرانێکی دیاریکراو وەربگیرێت، پێویستە لە چوارچێوەی دانانی نەخشەیەکی دراسەتکراوەوە بێت کە شێواز و کاتی دەستنیشانکراو بۆ ئەو بڕیارە ناچارییە دیار بێت، و ماوەی دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیاڕە بە جۆرێک ڕوون بێت کە خودی دەسەڵات و ناوەندی دەستنیشانکراو کە ئەو بڕیار و هەنگاوە دەیانگرێتەوە، بۆیان ڕوون بێت کە کاتی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە کەیە و چەند داخایەنێت و لە چ کاتێکدا کۆتایی دێت.

ئەم هاوکێشەیە دەبوایە لە سەر بڕیاری حکومەت بۆ لێبڕینی موچە ڕەنگبداتەوە، و جگە لە بابەتی گونجاندنی یاسایی ئەو بڕیارە بۆ پێدانی شەرعیەت بە هەر بڕیارێک کە حکومەت وەریدەگرێت و لە گەڵ بنەماکانی چەمکی "حوکمرانی باش" بگونجێت و پشتگیری قانونی بۆ بڕیاڕەکان هەبێت، بڕیاری حکومەتی هەرێم بۆ لێبڕینی موچە بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ کورتهێنانی بودجە سەرەتای دەستپێکردن و جێبەجێکردنی دیار بوو، بەڵام کاتی کۆتایهاتن بەو بڕیارە و ماوەی دیارکراو بۆ جێبەجێکردنی دیار نییە.

لە ماوەی ڕابووردوودا حکومەت و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کە حکومەتیان پێک هێناوە هەموو هەوڵەکانیان لە سنووری ڕێگاگرتن لە پەرلەمان بووە بۆ ئەوەی بڕیاری حکومەت بۆ لێبرینی موچە نەخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمان، و لەوەش دەچێ خودی فراکسیۆنەکانی حکومەت لە پەرلەماندا لەو قەناعەتەدان کە بڕیاری لێبڕینی موچە بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان یاسایی نییە و بۆیان ناکرێت پاساوی ئەو بهێننەوە کە حکومەت مافی هەیە ئەو بڕیارە بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان وەربگرێت، بەتایبەتی پێویستە ئەوەش ڕچاو بکرێت کە ئەو بڕیاڕە بە پێچەوانەی قانونی خزمەتی مەدەنی و مافی فەرمانبەرانە.

پێش وەرگرتنی هەر بڕیارێکی دارایی و هەر هەنگاوێک لە بواری سیاسەتی ئابووری پێویست بوو حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری بۆ دانانی بودجەی هەرێم بکردایە نەک بەستنەوەی ئەو بودجەیە و پێکهاتەکەی بە ناردنی بەشی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە چونکە سەڕەڕای رێکەوتن لە گەڵ بەغدا لە بواری بودجەدا زۆر ڕوون بوو کە حکومەتی کازمیش وەک حکومەتەکانی پێشتری عێڕاق بودجەی هەرێمە کوردستان بە رێکی نانێرێت، و ئەوەتا گەیشتوینەتە مانگی تەمموزی 2021 حکومەتی بەغدا تەنها یەک جار 200 ملیار دینار لەم مانگەدا ڕەوانە دەکات، کەچی حکومەتی هەرێم ئەم مانگەش موچە بە لێبڕینەوە دابەش دەکات، و تا ئێستاش حساباتی کۆتایی ساڵی 2020 و بوجەی 2021 لە پەرلەمان باس نەکراوە لە کاتێکدا دەبوایە هەر لە ئێستاوە حکومەتی هەرێم کار لە سەر پرۆژەی بودجەی 2022 بکات.

مامەڵەکردن لە گەڵ بواری دارایی لە لایەن حکومەتی هەرێم و بەدووا نەچوونی پەرلەمان بۆ بابەتی بودجەی هەرێمی کوردستان و حساباتی کۆتایی لیڵی و بێ متمانەیی لە بواری سیاسەتی دارایی و هەنگاوەکانی حکومەت لە بواری لێبڕینی موچە درووست دەکات، بەتایبەتی بەلێنەکانی حکومەت کە بە رێکی لە چوارچێوەی هەر مانگێکدا بە لێبڕینەوە موچە دابەش دەکات بە شێوەیەکی کردەیی جێبەجێنەکرا و باس لەوەش دەکرێت کە سەرچاوەی داهاتەکەکان و پشکی هەر پارێزگایەک بۆ پێدانی ئەو بڕە پارەیەی دەکەوێتە سەر شانی بۆ داهاتی گشتی و وەزارەتی دارایی بە رێکی جێبەجێ ناکرێت و کار گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی کە هەندێ پەرلەمانتار ئەوە ڕادەگەیەنێت کە لە سلیمانی و لە هەولیر داهات گل دەدرێتەوە و بەشی دیاریکراو بە وەزارەتی دارایی نادرێت، بێ ئەوەی وەزارەتی دارایی ڕوونکردنەوەی پێویست بۆ ئەم بابەتە بە خەڵکی کوردستان بدات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان قورسایی باری ئابووری و کورتهێنان دەخاتە ئەستۆی خەڵکی کوردستان بە لێبڕینی موچە و زیادکردنی باج و رسومات و ڕاگرتنی پێدانی شایستەی پلەی وەزیفی بۆ فەرمانبەران و تەنانەت موچەی خانەنشینی نوێیش بە بڕی دووا موچەی بە لێبرینی رێژەی 21% دەژمێردرێت، لە کاتێکدا کەرتی تایبەت لە دەروازە سنوورییەکان فراوانتر دەبێت و بڕە داهاتی حکومەت لەو دەروازانە کەم دەبێتەوە.

لە کاتێکدا نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بەرزدەبێتەوە، بە پێی لێدوانەکانی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم قەرزەکان مانگ لە دووای مانگ زیاد دەکات، و بۆ فەرمانبەرانیش ڕوون نییە ئایا ئەو لێبڕینە لە موچەدا قەرزە لای حکومەت یان لە چوارچیوەی قسەی حکومەت بۆ خۆگونجاندن بەشە لێبڕاوەکان لە موچە بەنادیاری دەمێنێتەوە و حکومەت بە پاشەکەوت حسابی ناکات.