رێگای كوردستان

 

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێك و شەش مانگ بەسەر راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و پاش چەندین كۆبوونەوە لەنێوان هەولێر و بەغدا لەسەر ئەم پرسە، هێشتا هیچ رێككەوتنێك لەمبارەیەوە ئەنجامنەدراوە و سەرەڕای ئەو زیانە 19 ملیار دۆلارەی كە راستەوخۆ بەر داهاتی عێراق و هەرێم كەوتووە، هاوكات هێزی كار لە هەرێم زیانێكی گەورەی بەركەوتووە.

 كۆتایی هەفتەی رابردوو لەكۆبوونەوەیەكی نێوان شاندی حكومەتی عێراق و سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، یەكێك لە تەوەرەكان پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بووە لەرێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە.

ئەم كۆبوونەوەیە یەكێكە لەو سەدان كۆبوونەوانەی لەنێوان هەولێر و بەغدا، لەماوەی ساڵ و شەش مانگی رابردوودا تایبەت بەپرسی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە.

ئەگەرچی عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كە یەكێك بوو لە شاندەكەی بەغدا باسی لەوەكرد كە هەولێر و بەغدا لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان گەیشتنە ڕێككەوتن، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكان رێككەوتنەكە تەنیا خواستی هەردوو حكومەت بووە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت بەبێ چوونە ناو وردەكارییەكان و رێككەوتن لەبارەیانەوە.

هەرچەندە سەرۆكی شاندی بەغدا لە هەولێر هێمای بۆ ئەوەكرد كە رێككەوتنەكەیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم تایبەت بووە بە هەمواركردنەوەی گرێبەستی كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم، بەڵام مایڵز كاگینز، گوتەبێژی كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئەپیكور)  باس لەوە دەكات كە تائێستا هیچ پێشنیاز و دەستپێشخەرییەكی فەرمییان بۆ هەمواركردنەوەی گرێبەستەكانیان پێ نەگەیشتووە. مایڵز كاگینز گوتەبێژی كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئەپیكور) جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەوان ماوەی زیاتر لە سالێكە بەردەوام داوای دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانیان كردووە و بۆ ئەم مەبەستەش داوای رێككەوتنیان كردووە، بەڵام رەتی دەكاتەوە كە هیچ دەستپێشخەرییەك لەم ماوەیەی دواییدا بۆ ئەوان چووبێت.

رۆژی 23ی ئاداری ساڵی 2023 دادگای ناوبژیوانیی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس بڕیاری نایاساییبوونی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستانی دەركرد. دوو رۆژ دواتر و رۆژی 25ی ئازاری هەمان ساڵ، دوای بڕیارەكەی دادگای پاریس ئەنقەرە پابەندبوونی بە بڕیارەكەوە دەربڕی و هەرنادەكردنی نەوت راگیرا.

دوای كەمتر لە دوو هەفتە و لە رۆژی 4ی نیسان رێككەوتننامەیەك لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەرێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە واژۆكرا، بەگوێرەی رێككەوتنەكە "هەرێم خۆی نەوتەكەی دەفرۆشێت و داهاتەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێم، عێراق تەنها سەرپەرشتی پڕۆسەی نەوتی هەرێم دەكات"، بەڵام ئەم رێككەوتنە  دوای زیاتر لە ساڵێك و شەش مانگ هێشتا جێبەجێ نەكراوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، پرسی فرۆشتنی پێشوەختەی نەوتی هەرێمی كوردستان و كێشەی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنان و بڕی تێچووی دەرهێنانی نەوت، پارەی كۆمپانیاكان كە لای حكومەتی هەرێمە، لەگەڵ كێشەكانی نێوان ئەنقەرە و بەغدا لە گرنگترین ئەو خاڵە ناكۆكانەن كە تاكو ئێستا رێككەوتنی یەكجارەكییان لەبارەوە نەكراوە.

پێش راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەرێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە، هەرێمی كوردستان رۆژانە  بڕی 450 هەزار بەرمیلی هەناردە دەكرد، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكان ئەو زیادكردنەی لە بەندەری باشوور كراوە رۆژانە تەنیا نزیكەی 50 هەزار بەرمیلە، كە ئەمەش رێژەیەكی زۆر كەمە لەچاو نەوتی باكوور و هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی كە زیانێكی زۆر بەر داهاتی عێراق بكەوێت.

لەنوێترین لێدوانیدا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە كە بەهۆی وەستاندنی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە، زیاتر لە نۆزدە ملیار دۆلار زیان بە هەرێمی كوردستان و بودجەی گشتیی فیدراڵ كەوتووە و بەشی زۆری ئەم زیانەش بەر هەرێمی كوردستان كەوتووە.

راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان جگە لەو زیانە راستەوخۆیەی لە داهاتی هەرێمی كوردستانی داوە، هاوكات بەهەمان هۆكار راگرتنەكە زیانێكی زۆری بە هێزی كار لە هەرێمی كوردستان گەیاندووە و بەهۆیەوە سەدان كەس لەم ماوەیەدا بێكار بوون.

پێشتر رێكخراوی وردبین لە راگەیەندراوێكدا باسی لەوە كردبوو كە هەموو ئەو كۆمپانیا نەوتیانەی لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم كاریان كردووە زۆربەی كارمەندەكانیان ناردووەتەوە بۆ ماڵەوە. "تەنانەت ئەو كۆمپانیایانەی كە لە ئێستادا دەستیان بە بەرهەمهێنانیش كردووەتەوە زۆربەی كارمەندەكانیان جوابكردووە و بەشێكی تریش لەكارمەندەكان بۆ كاتێكی نادیار لەماڵەوەن دەبێت چاوەڕێی بانگكردنەوەیان بكەن هەروەها چەند كارمەند و ئەندازیارێكی كەم لە كێڵگەكاندا ماونەتەوە."

لەماوەی  نزیكەی دوو ساڵی رابردوودا، هەولێر و بەغدا نەك نەیانتوانیوە پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەرێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە چارەسەر بكەن، تەنانەت لە پرسی داهاتی نانەوتیش كێشەیان هەیە، ئەمە جگەلەوەی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە هەردوولا چەندینجار جەختیان لەوە كردووەتەوە لە پرسە سیاسییەكانی دیكەی جیا بكەنەوە، بەڵام هێشتا ئەم پرسە بەهەڵواسراوی ماوەتەوە و فەرمانبەرانی هەرێم ماوەی دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە.

 

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە