یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێم بۆ کاروباری دارایی و ئابووری، رێباز حەملان رایگەیاند کە لەمیانی مانەوەی وەزیری نەوتی عێراق لە هەولێر، تاوتوێی بابەتی پەیوەنددار بە هەناردەی نەوت کراوە و، لەسەر تێچوونی کۆمپانیاکان ژمارەی جیاواز هەبوو بەڵام ئێستا نزیکبوونەوەیەک هەیە و بڕیارە دوای گەڕانەوەیان بۆ بەغدا، وەزیری نەوت لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و دەزگا پەیوەنددارەکان گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە بکەن و، هیوادارین بە زووترین کات هەناردەی نەوت دەست پێ بکاتەوە.
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێم بۆ کاروباری دارایی و ئابووری، رێباز حەملان لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەوانان لەبارەی سەردانەکەی وەزیری نەوتی عێراق و هەناردەکردنەوەی نەوت، گوتی: "وەزیری نەوتی عێراق و شاندی یاوەری ماوەی سێ رۆژ لە هەولێر بوون، لەسەر بابەتە تەکنیکی، یاسایی و ئیدارییەکان گفتوگۆکرا، جیاوازیەک لە تێچووی دەرهێنانی نەوت لەلایەن کۆمپانیاکەوە یەکێک لە تەوەری گفتوگۆکان بوو، ئەویش نزیکبوونەوەیەک لە هەردوولا هەبوو، بڕیارە دوای گەڕانەوەی وەزیری نەوت لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و دەزگا پەیوەنددارەکان گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە بکەن و، هیوادارین بە زووترین کات هەناردەی نەوت دەست پێ بکاتەوە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، یاریدەدەری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری دارایی و ئابووری، ئاماژەی بە ناوەرۆکی نامەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرد کە بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی ناردوویەتی.
لەبارەی ناوەرۆکی نامەکەوە، رێباز حەملان گوتی: "سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بە شاندێکی فەرمیی نامەیەکی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی کردووە و دوو خاڵی گرنگی تیادایە، خاڵی یەکەم لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمەوەیە، چونکە لە رابردوودا ئێمە داوای مووچەی شەش مانگی کۆتایی ئەمساڵمان لە حکوومەتی عێراق کردبوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی دەربڕی لەسەر سێ مانگ، کە مانگانە ٧٠٠ ملیار دینار بنێرن لە کاتێکدا هەرێم داوای ٨٠٠ ملیاری کردبوو".
رێباز حەملان گوتیشی: "ئێمە بۆ سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ، داوای سێ مووچەی دیکەمان کردووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە کە ئەم بابەتە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق باس بکرێت و ھیوایەکی گەورە ھەیە کە ئەم سێ مووچەیە بنێرن و چاوەڕێی وەڵامی حکوومەتی عێراقیین".
حەملان ئاماژەی بەوەیش کرد کە سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە پەیوەندی بەردەوامدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و جەختی لەوەشکردەوە کە ئەم سەردانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەولێر ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدای بردووتە ئاستێکی باشتر بە تایبەتی لە بابەتی نەوت و مووچە.
لەبارەی خاڵی دووەمی نامەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی کە ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی کردبوو، رێباز حەملان گوتی: "خاڵی دووەم لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای بوودجە بووە، داوا کراوە ئەم بابەتە لە نیفاقی فیعلی دەربهێرێت بۆ ساڵی ٢٠٢٤ و ئەم هەموارکردنەوەیەش لیژنەیەکی هاوبەشی هەرێم و بەغدا دەیکات و بەشیکی زۆری لایەنە شیعییەکانیش نەرمییان نواندووە لەم بابەتە".