رێگای كوردستان

لەماوەی كەمتر لە هەفتەیەكی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، چەندین پێشێلكاری جیاواز تۆمار دەكرێن و كۆمسیۆنیش دەڵێت سزای سەرپێچیكاران دەردێت. بەشێك لە هاووڵاتییان رەخنە لەشێوازی بانگەشەی ژمارەیەك لە هێزە سیاسییەكان دەگرن و ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن لەبری خستنەڕووی پلان و بەرنامەیان بۆ چوارساڵی داهاتوو خەریكی ناشیرینكردنی یەكترن. رێكخراوێكیش داوا دەكات كە بانگەشەی هەڵبژاردن كار نەكاتە سەر ئەزموونی سیاسی و پرۆسەی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان.

لە كۆتاییەكانی هەفتەی رابردووەوە، هەڵمەتی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە 20ی مانگی داهاتوو بەڕێوە بچێت دەستیپێكردووە و تەنیا لەماوەی چوار رۆژی یەكەمی باگەشەكەدا چەندین پێشێلكاری جیاواز تۆمار كراون.

یەكێك لەو پێشێلكارییانە سەرپێچیكردنی شوێنی هەڵواسین و دانانی پۆستەرەكانە كە بەگوێرەی رێنماییەكانی پێشتری كۆمسیۆن و شارەوانییەكان دانانیان لەنێوان شەقامەكان قەدەغە كراوە و لەماوەی چەند رۆژی رابردووشدا چەند رووداوێكی هاتوچۆ بەوهۆیەوە روویانداوە.

نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق باس لەوە دەكات كە بەگوێرەی رێنماییەكانی كۆمسیۆن و شارەوانییەكان، پێویست بوو هیچ پۆستەرێك لەنێوان شەقامەكان و لەنێو باخچەكان دانەنرێن و بە ستوونەكانی كارەباوە هەڵنەواسرێن. هێما بۆ ئەوەش دەكات كە ئەوان وەكو كۆمسیۆن سزای لایەنی سەرپێچیكار دەدەن كە بریتی دەبێت لە پێبژاردن بەشێوەیەك لە ١٠٠ هەزار دینار كەمتر نەبێت و لە ٥٠٠ هەزار دیناریش زیاتر نەبێت. جگە لە سزای پێبژاردن دوو سزای دیكەش هەیە كە بریتین لە دەستگیركردنی پاڵێوراو و تەنانەت دوورخسنەوەی لە هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی كوردستان بەتایبەتی ئەگەر بێت و سەرپێچییەكە زۆر قورس بێت.

لەپاڵ ئەم پێشێلكارییانەدا، بەشێك لە كاندیدان و  هێزە سیاسییەكان لەبری خستنەڕووی بەرنامەی كاری خۆیان یاخود بەرنامەی كاری حزبەكانیان بۆ چوار ساڵی داهاتوو، بەزمانێكی زبر كار لەسەر شكاندنی لایەنی نەیاریان دەكەن و ئەمەش نیگەرانی زۆری لای هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دروستكردووە.

بەشێك لە هاووڵاتییان باس لەوە دەكەن كە دۆخی هەرێمی كوردستان سەرەڕای ئەوەی لەڕووی ئابووری و داراییەوە ماوەیەكی زۆرە خراپە، بەڵام لەهەمان كاتدا لەڕووی سیاسییەوە هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی مەترسیداردا تێدەپەڕێت و "پێویست ناكات هێزە سیاسییەكان، بەتایبەتی هێزە حكومڕانەكان كە پارە و چەكیان بەدەستەوەیە ئەو زمانە زبرە بەرانبەر بە یەكتر بەكاربهێنن".

سیروان عومەر هاووڵاتییەكی شاری هەولێرە و بوونی ژمارەیەكی زۆر كاندید و هێزی جیاواز بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە گرنگ ناو دەبات، بەڵام لەهەمان كاتدا بەپێویستی دەزنێت كە هێزە سیاسییەكان كەمتر كار لەسەر یەكتری بكەن و بەپێچەوانەوە زیاتر ئەو پلان و بەرنامانەیان بۆ خەڵكی روون بكەنەوە كە ئەگەر چوونە دەسەڵات لەماوەی چوار ساڵی داهاتوودا دەتوانن جێبەجێیان بكەن. "ئەوەی ئێستا من دەیبینم لە بەشێكی زۆری كاندیدان و هێزە سیاسییەكان بەو هێزانەشەوە كە ماوەی زیاتر لە 30 ساڵە هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەبەن تەنیا تۆمەتباركردنی یەكترییە، ئەم جۆرە لە گوتار بەزیان بۆ هەرێمی كوردستان دەشكێتەوە بەتایبەتی كە ئێمە هێشتا دۆخی شەڕی ناوخۆمان تێنەپەڕاندووە". ناوبراو بەپێویستی دەزانێت كە هێزە سیاسییەكان ببنە پێشەنگ و دەنگدەرەكانیان لەسەر كار و بەرنامەی هێزەكەیان رابهێنن، نەك ئەو جۆرە لە گوتاری پۆپۆلیستی و یەكتر سڕینەوەیە كە بەزیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەشكێتەوە لەماوەی چەند ساڵی داهاتوودا.

 هەر لەسەر ئەم زمانە زبرەی كە هێزە سیاسییەكان بەتایبەتی هێزە دەسەڵاتدارەكان دژ بەیەكتری بەكاری دەهێنن، بزاڤی ئاشتی ناوخۆ داوا دەكات كە لایەنەكان دووربكەونەوە لە توندوتیژی و گوتاری ڕق و كینە و ناوزڕاندن لەكاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا. ئەم بزاڤە كە زیاتر كار لەسەر كەمكردنەوەی توندوتیژی لە كۆمەڵگەدا دەكات، لەپەیامێكدا رایگەیاندووە كە ئێستا بارودۆخی  ناوخۆ لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا هەستیارە و نابێت ڕێگە بدرێت بەهۆی كێشە و ناتەبایی لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا كاریگەری نەرێنی بكاتە سەر ئەزموونی سیاسی و پرۆسەی دیموكراسی هەرێمی كوردستان. بزاڤەكە جگە لەوەی جەخت لەوە دەكاتەوە كە هەڵبژاردن پرۆسەیەكی سیاسی و دیموكراسییانەی گرنگە و بەركەوتەیەكی نیشتمانییە و سەركەوتنی پرۆسەكە دوور لە كێشە و ئاڵۆزی بۆ ڕای گشتی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی و بۆ ناوبانگی هەرێمی كوردستان گرنگە، بەڵام لەهەمان كاتدا داوا دەكات كە حزب و لایەنە سیاسییەكان و پاڵێوراوەكان دوور بكەونەوە لە توندوتیژی و گوتاری ڕق و كینە و زمانی زبر و پەلاماردان و ناوزڕاندنی یەكتری لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان. روونیشیدەكاتەوە كە بارودۆخی ناوخۆ و عێراق و هەرێمی هەستیارە و نابێت ڕێگە بدرێت بەهۆی كێشە و ناتەبایی لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا كاریگەری نەرێنی بكاتە سەر ئەزموونی سیاسی و پرۆسەی دیموكراسی هەرێمی كوردستان.

  

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە