ڕاپۆرت: محه‌مه‌د چاوشین
ئه‌م ساڵ له سنووری ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین باران و به‌فرێكی كه‌م باریوه، به‌و هۆیه‌شه‌وه جگه له‌وه‌ی كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاستی ئاوی سه‌رزه‌وی و ژێرزه‌وی ده‌بێت، هاوكات پێشبینی ئه‌وه‌ش ده‌كرێت ڕێژه‌ی به‌رهه‌می دانه‌وێڵه بۆ ئاستی نیوه له‌چاو ساڵی ڕابردوو دابه‌زێت.
"خالید ئه‌حمه‌د" به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كشتوكاڵی ڕاپه‌ڕین به"ڕێگای كوردستان"ی ڕاگه‌یاند، لەڕووی بەرهەمه‌وه، ئەمساڵ وەک ئاشکرایە ڕێژەی کەمبارانی لە زۆربەی ناوچەکان کاریگەری ته‌واو ده‌كاته سه‌ر بڕی بەرهەمی جووتیاران، ئەوەی پێشبینی دەکرێت، له سنووری ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین دابەزینی بەرهەمی دانه‌وێڵه لە چاو پار بگاتە نزیکەی ٥٠٪ ، ئه‌وه‌ش ئاستێكی به‌رزه و جووتیاره‌كان تیایدا زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن.
له هه‌ندێك ناوچه‌كانی سنووری ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین به‌هۆی كه‌می بارانبارینه‌وه، به‌شێك له جووتیاره‌كان ئه‌و زه‌وییانه‌یان كه به گه‌نم داچاندبوو، سه‌رله‌نوێ كێڵاویانه‌ته‌وه، چونكه دڵنیابوون له‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌یان سوودێكی نابێت.
به‌گوێره‌ی داتا و زانیارییه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كشتوكاڵی ڕاپه‌ڕین، ساڵانه 170 هه‌زار دۆنم زه‌وی جووتیاران له سنووری ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین، كه هه‌ردوو ده‌ڤه‌ری پشده‌ر و بیتوێن له‌خۆده‌گرێت، به دانه‌وێڵه‌ی وه‌كوو گه‌نم و جۆ داده‌چێنرێت.
ڕێژه‌ی بارانبارینی ئه‌مساڵ به‌راورد به ساڵی ڕابردوو نزیكه‌ی چوار به‌رامبه‌ر كه‌متره، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری به‌رچاوی له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی دانه‌وێڵه له‌و سنووره‌دا ده‌بێت.
به‌پێی خشته‌یه‌ك كه كشتوكاڵی ڕاپه‌ڕین بۆ ڕێگای كوردستانی ناردووه، ڕێژه‌ی بارانبارینی ئه‌مساڵ تا به‌رواری 5ی ئایاری 2025، له سنووری ڕانیه، ته‌نها 259 ملم باران باریوه، له‌كاتێكدا ساڵی 2024 تا ئه‌م به‌رواره787 ملم باران باریبوو. جیاوازییه‌كه‌ی 527 ملم بارانه.
هه‌روه‌ها، له سنووری قه‌ڵادزێ تا به‌رواری 5ی ئایاری 2025 بڕی 336 ملم باران باریوه، به‌ڵام له ساڵی ڕابردوو تا ئه‌و به‌رواره 825 ملم باریبوو، جیاوازییه‌كه‌ی 488 ملمه.
خالید ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵی ڕاپه‌ڕین به‌نیگه‌رانییه‌وه پیشبینی بۆ به‌رهه‌می ئه‌مساڵی دانه‌وێڵه‌ی جووتیاران له سنووری ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین ده‌كات و ده‌ڵێت، به‌هۆی كه‌می بارانبارینه‌وه، پێشبینی و مه‌زنده‌ی ئێمه وایه به‌روبوومی دانه‌وێڵه به‌راورد به ساڵی ڕابردوو به‌ڕێژه‌ی 40% بۆ 50% كه‌م بكات. هه‌روه‌ها به‌هۆی كه‌می باران و كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاوی سه‌رزه‌وی و ژێرزه‌وی، له وه‌رزی هاوینی داهاتوودا به‌روبوومی وه‌رزی هاوینه‌ش كه‌مبێته‌وه.
هاوكات له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستانیشدا، دۆخی كشتوكاڵ له ڕه‌وشێكی باش‌دا نییه، چونكه دیارده‌ی وشكه‌ساڵی و كه‌می باراینی باران، دیارده‌یه‌كی سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ته‌نانه‌ت ناوچه‌كانی ڕؤژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته.
به‌گوێره‌ی لێدوانێك كه پێشتر وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووه‌ته‌وه، بەهۆی وشكەساڵی و كەمی بارانبارین، بەراورد بە ساڵی رابردوو ئەمساڵ پێشبینی ده‌كه‌ین بەرهەمی گەنمی جوتیاران كەمبكات، بەجۆرێك ساڵی رابردوو بەرهەمی گەنم گەیشتووەتە نزیكەی دوو ملیۆن تۆن، بەڵام ئەمساڵ پێشبینی دەكرێت بگاتە نزیكەی یەك ملیۆن تۆن، واتا بۆ ئاستی نیوه داده‌به‌زێت.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و پێشهاتانه‌شدا، وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق ڕایگه‌یاندووه، سه‌ره‌ڕای دیارده‌كانی وشكه‌ساڵی و كه‌می ڕێژه‌ی بارانبارین، به‌ڵام عێراق له به‌رهه‌مهێنانی گه‌نمدا گه‌یشتووه‌ته ئاستی خۆبژێوی.
عه‌باس جه‌بر عه‌لیاوایی وه‌زیری كشتوكاڵی عێراق له‌وباره‌وه ڕایگه‌یاندووه، له‌ڕووی به‌رهه‌مهێنانی گه‌نمه‌وه گه‌یشتوونه‌ته ئاستی خۆبژێوی و به‌رهه‌می ساڵانه شه‌ش ملیۆن تۆنی تێپه‌ڕاندووه.
بەو پێیەی خۆبژێوی یەکێکە لە بنەماکانی ئاسایشی خۆراک له هه‌ر وڵاتێكدا، بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی خۆراک دەتوانرێت ده‌سته‌به‌ری ئاسایشی خۆراك بكرێت. گەنم وەک بەرهەمێكی میحوه‌ری و سەرەکیی کشتوکاڵی، كه له‌لای زۆرینه‌ی گه‌لانی جیهان و به‌تایبه‌تیش له كوردستاندا شوێن و پێگه‌ی تایبه‌تی هه‌یه و بووه‌ته بابه‌تێكی گرنگ له سه‌به‌ته‌ی خۆراكی هه‌رێمی كوردستاندا، وه‌ك یه‌كێك له‌و به‌رهه‌مانه ئه‌ژمارده‌كرێت، كه ئاسایشی خۆراكی پێوه به‌نده. هه‌ربۆیه، خۆبژێوی له به‌رهه‌مهێنانی گه‌نمدا ڕۆلێكی گرنگ و كاریگه‌ر ده‌گێڕێت له به‌رجه‌سته‌كردنی ئاسایشی خۆراك له وڵات‌دا.