د. کاوە مەحموود

ئەم بابەتە وەڵامی کۆمەڵێک  پرسیار دەداتەوە، ئایا ئیسلام لەسەرەتاوە سیاسی بووە؟ گرفتی مامەڵەکردن لەگەڵ دەقی ئاینی، دیاردەی دژایەتیکردن و قبوڵکردن لەسەرەتای بانگەواز بۆ ئاینی نوێ، بانگەشەی ئیسلام بۆ یەکسانی و برایەتی و دادوەری لە چوارچێوەی فیکری سیاسی باودا و بە میکانیزمی داگیرکردنی خاکی وڵاتی دیکە. سەرەڕای پێداویستی بوونی، بۆچی فۆڕمی ئاینیی شکستی هێنا؟ و پاشان عەلمانیەت وەک پێداویستییەکی ڕیفۆرمی ئاینی.

ئایا ئیسلام لەسەرەتاوە سیاسی بووە؟

ئەم مشتومڕ و گفتوگۆیە دەمێکە لەناو بیرمەندەکانی بواری ئیسلامناسیدا هەیە. هەڵگرانی میتۆدی ئیسلامی و ئەوانەی کە عەلمانیین بە جیاوازی دەڕواننە دیاردە ئاینییەکان، لەوانەش دیاردەی ئیسلامی سیاسی. هەڵگرانی پڕۆژەى ئیسلامى سیاسی، پێیان وایە کە ئیسلام هەر لەسەرەتاوە سیاسى بووە و ئیسلام بە سیاسى هاتووە. بەشێک لە بیرمەندە دیموکراتى و عەلمانی و تەنانەت هەندێک لە چەپەکان لەسەر ئەو ڕایەن کە ئیسلام لەسەرەتاوە سیاسى نەبووە. من بەپێچەوانەى ئەو بۆچوونە، لە میتۆدێکی عەلمانی و چەپی دیموکراسییەوە پێم وایە ئیسلام هەر لەسەرەتاوە سیاسى بووە، چونکە ناکرێ ئیسلام لەو قۆناغ و پەرەسەندنە مێژووییەی فیکری ئاینی ئەنجامی دابوو، جیابکرێتەوە. ئیسلام یەکەمین دیاردەی ئاینی لە کۆمەڵگەی مرۆیی لە ڕووی مێژوییەوە نەبووە. کاتێک ئایینى ئیسلام لە کۆمەڵگە سەریهەڵدا، بیرى ئایینى قۆناغێکى دوورودرێژى بڕیبوو.

پێش دەستپێکردنی ئاینی ئیسلام کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە بواری دیاردە ئاینییەکان چەندین پەرەسەندنی بەخۆوە دیبوو، بە جۆرێک ئەو دیاردانە لەگەڵ دروستبوونی ناکۆکی چینایەتی و پەیدابووی چینەکان لەکۆمەڵگەدا، ڕۆڵی چارەسەری دەروونی بۆ تاک کە دەیبینی، یان تەفسیری هەندێ دیاردەی سروشتی بۆ مرۆڤ بکات، جێدەهێڵێ.

مرۆڤ وەکو پێداویستییەک مامەڵەی لەگەڵ ئایندا کردووە و پیرۆزی پێبەخشیوە. بەم جۆرە دەبینین ئەرکی دیاردە ئاینییەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت. هەر بۆیە دیاردە ئایینییەکان لەناو مێژوودان و لەدەرەوەیدا نین و ناکرێت بێ مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی تەسەوری ئەم دیاردەیە بکرێت.

ئیسلام لەسەرەتای کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییەوە دەستی پێنەکردووە و فیکری ئایینی گەیشتۆتە ئەو ڕادەیە کە دەبینین ئیسلام لە پەیڕەوەکانی خۆیدا باس لە ئاینەکانی پێشتر دەکات و خۆی بەبەردەوامبوونی ئەوانەی کە لە جوغزی ئاینی ئاسمانی دایدەنێت، دەزانێت.

فیکری ئاینی پێش ئیسلام بەشێک بووە لەو بنەمایانەی کە ململانێی سیاسیی پێکراوە. فیکری سیاسی کە پەیوەندی بە چەمکی دەسەڵاتەوە هەیە، لە ئاینەکاندا ئاماژەی پێکراوە. لەو قۆناغە مێژووییەی پەرەسەندی مرۆڤایەتیدا سیاسەت بە پەیڕەو و بنەما ئاینییەکان کراوە. ئەم حاڵەتە دەرخەری ئەوەیە، کە دیاردەی ئاینی بەتایبەت ئیسلام هەر لەسەرەتاوە، هاوکات لەگەڵ ڕۆڵی دەروونی بۆ تاک، مۆرکێکی سیاسی پێوەیە.

لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە سەبارەت بە ئیسلام وەک پڕۆژەیەکى سیاسى. ئایا لەدەرەوەى ڕەوتى مێژوو بووە و لەکارتێکردنى فکرى مرۆڤ بەدوور بووە؟ بەشێک لە هەڵگرانی پڕۆژەى ئیسلامی سیاسى پێیان وایە پڕۆژەکەیان لە سەرچاوەیەکی دەرەوەى مێژووە هاتووە. ئەمەش هێزێکى میتافیزیکى بە پڕۆژەکەیان دەبەخشێت. لە کاتێکدا ئەو پڕۆژەیە بریتییە لە لێکدانەوە و حاڵبوونی خودى خۆیان لە دیاردە ئاینییەکان و لێکدانەوەی دەقەکان، لە هەلومەرجێک و قۆناغێکی دیاریکراو کە ململانێ و ناکۆکی بزوێنەری ڕووداوەکانە و کۆمەڵگەى عەرەبى پێش ئیسلام و دواى ئیسلام ئەو ڕەوشەی بەخۆیەوە دیوە.

گرفتی مامەڵەکردن لەگەڵ دەقی ئاینی

شیکردنەوەی ئەم مەسەلەیە پێوەندى بە تێگەیشتنمان سەبارەت بە قۆناغى پەرەسەندنەوە هەیە. بۆ ئەوەی لە میتۆدی خوێندنەوەی ئەم دیاردەیە هەڵە نەکەین، دەبێت تەنیا تەماشای ئیسلام وەک دەق نەکەین، بەڵکو هاوکات لەگەڵ دەق و تێکستدا، ئەزموونی مێژوویی تێکستی نوێی بەرهەمهێناوە وەک لێکدانەوە و شیکردنەوەی دەقە ئەساسییەکان. بۆیە پەرەسەندنی ئەم حاڵەتە هاوتەریب بووە لەگەڵ پەرەسەندنى کۆمەڵگەدا. تەنانەت لە خودی دەقە ئەساسییەکاندا گۆڕانکاری قۆناغی مێژوویی بەدی دەکرێت. ئەم مەسەلەیە وای کردووە کە زانایانی بواری زانستی قورئان ئاماژە بۆ ئایاتى مەکى و ئایاتى مەدینەیى بکەن و هەر یەک لەوانە مۆرکی تایبەتییان هەبێت. کاتێک کە پێویستی دەسەڵات و بەڕێوەبردنى دەوڵەت لە ئارادا نەبێت، لە سەرچاوە سەرەکییەکاندا باس نەکراوە، بەڵام کاتێک دیاردەیەک لە ئارادا بێت و خەڵکی هەڵوێستیان بوێت، دەبینین باسکراوە. سەرەڕای ئەمەش لە فەرموودەکاندا ئەگەری ئەوە دانراوە، کە لەوانەیە ڕووداوێک حوکمەکەی لە قورئاندا یان لە فەرموودەکاندا نەبێت، ئەوا دەبێت  بەپێی ڕاوبۆچوون یەکلا بکرێتەوە، هەروەک لە فەرموودەکەی پەیامبەر بۆ موعازی کوڕی جەبل هاتووە، کە دەنێرێتە یەمەن بۆ دادوەری.

 لەم فەرموودەیەدا پێی دەڵێ، بە چی حوکم دەکەی؟ موعاز دەڵێ: بە کتێبی خودا. پەیامبەر پێی دەڵێ: ئەی ئەگەر لە کتێبی خودادا نەتبینییەوە؟ موعاز دەڵێ: بە فەرموودەی پەیامبەری خودا. پەیامبەر پێیدەڵێ: ئەی ئەگەر لەو فەرموودانە نەتبینییەوە؟ موعاز دەڵێ: ئیجتهاد دەکەم و کەمتەرخەمی ناکەم.

ئەمەش لەلایەکەوە ڕێگاخۆشکەربووە بۆ ئیجتهاد، لە هەمان حاڵەتدا ئەگەری ڕوودانی حاڵەتێکە بێتەدی کە حوکمەکەی لە کتێبی خودا و فەرموودەی پەیامبەری خودا بەدی ناکرێت. بەم پێیەش واقیعی ژیان لە دەقی سنووردار فرەوانترە.

ئەم بۆچوونەی سەرەوە بەمێژووبوونی دیاردەکەمان بۆ دەسەلمێنێت.

دژایەتی و قبوڵکردن لە سەرەتای بانگەواز بۆ ئاینی نوێ

لەسەرەتاى سەرهەڵدانى ئیسلام، کۆمەڵگەى عەرەب و سەرکردەکانى دژایەتیان کرد، دوایى لەگەڵى ڕێککەوتن .

دیارە لەسەرەتاشەوە ئەو دابڕان و دابەشبوون و دژایەتیکردنە پێوەندی بە بەرژەوەندییەکانەوە هەبووە. تەنانەت ئەگەر وەک دیاردەیەکی تەجریدی سەیری بکەین، ئەو کاتەش هەر دەربڕی بەرژەوەندییە جیاوازەکان بووە. خودی دیاردە میتافیزیکییەکانیش پەیوەندی بە لایەنی سیاسییەوە هەبووە. ئەوانەی خوازیاری چەندپەرستی بوونە، لەگەڵ دیاردەی سەنتڕاڵکردنی دەسەڵات نەبوونە. ئەوانەش لەگەڵ وەحدانیەت بوونە، لە بواری سیاسیدا پەیامی دامەزراندنی دەسەڵاتی سەنتڕاڵیان هەبووە. بەم جۆرە دەبینین تەنانەت دیاردە میتافیزیکییەکان لەگەڵ دیاردەکانی واقیعی سیاسی تێکەڵ دەبێت. گۆڕانکاری بەرژەوەندییەکان و سەرکەوتنی پڕۆژەیەکی دیاریکراو، گۆڕانکاری لە هەڵوێستی نەیارانی ئەو پڕۆژەیە دروست دەکات و تەنانەت ئەوەی دژایەتی کردووە لە قۆناغێکدا، دەبێتە هەڵگری ئەو پەیامە. بۆیە دەبێت ئەو گۆڕانکارییە لە هەڵوێستدا وەک حاڵەتێکی ئاسایی لە پڕۆسەی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی لە قۆناغی خۆیدا سەیر بکرێت. ئەوانەی کە دەگەنە دەسەڵاتیش پەیڕەوی ئەو پێداویستییە دەکەن، کە لەو قۆناغەدا بۆ دەسەڵات گرنگە، واتا دەسەڵات دابڕان نییە لە نەریتی کۆمەڵایەتی و پێوەندییەکانی، بەڵکو بەردەوامبوونێتی بەشێوەیەکی دیکەی گونجاو. دوورگەی عەرەبیش لەوە بەدەر نەبووە و دانەبڕاوە لەو ڕەوتە گشتییەی لە فیکری سیاسی دەوروبەری، کە سەبارەت بە چەمکی دەسەڵات هەبووە.

 کاتێک دەسەڵاتیش سنووری فرەوانتر دەبێت، پێویستی بە ئامرازی تازە دەبێت و دەبێ نەریت و عورفی بەڕێوبردنی حوکم، تەنانەت لە بواری شکلییەوە، پیادە بکات. نزیکترین نموونەی دەسەڵات کە سوودی لێوەربگیرێت شارستانیەتی فارس و کەلتووری ڕۆمە، بۆیە معاویە لە شام ئەو کەلتوورە کاری تێدەکا و تەنانەت دەیەوێ لاسایی قەیسەر بکاتەوە لە کۆشکەکەی خۆیدا. هەروەها لە وەزیفەکانی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدا ئەو لاسایکردنەوە هەیە و دەبینین دەسەڵاتی نوێی ئیسلام پێویستی بە وەزیر و حاجب و چاودێری بازاڕ و هتد، دەبێت. بەم جۆرە بەڕێوەبردنی دەسەڵات بە مۆرکێکی ئاینییەوە ئەنجام دەدەرێت، چونکە بیری مرۆڤایەتی تەنیا بیری ئاینی بەرهەمهێناوە و ناکرێت لەو هەلومەرجەدا چاوەڕێی بیری نەتەوەیی یان هزرێکی دیکە بکەین.

بانگەشەی یەکسانی و برایەتی و دادوەری لە چوارچێوەی فیکری سیاسی باودا

لە ئەزمونی ئیسلامدا گۆڕانکاری و خوێندنەوەی نوێ بۆ حاڵەتە نوێیەکان کراوە، بەڵام دەبێت ئەومان لە بیر نەچێت، کە ئەو خوێندنەوانە لە چوارچێوەی بازنەی بیری ئاینی بووە. بانگەشەکردن بۆ چەمکی برایەتی و یەکسانی لە چوارچێوەی ڕۆشنبیری باودایە. پەیوەندی دەوڵەتی ئیسلامیش بە دەوروبەری، بەشێکە لە نەریتە باوەکان، کە ئەو پەیوەندییانەی لەسەر بنەمای هەڕەشەکردن و غەزوە و داگیرکردن بووە. ئەو حاڵەتە بنەمای پەیوەندی ئیمپراتۆریەتەکانی ئەو سەردەمە بووە. ئەوکات یاسای نێودەوڵەتی و چەمکی سەروەی و دەستێوەرنەدان لە ئاردا نەبوون، کە ئەمانە بەرهەمی سەرمایەدارین. بۆیە ناکرێت بە پێوەرەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوچەرخ بڕوانینە پەیوەندی ئەو سەردەمەی دەوڵەتی ئیسلام لەگەڵ دەوربەردا.

دیاردەى ئایینى لەگەڵ ئەوە کۆمەڵێک فاکتەری چەسپاندووە، خۆى لەخۆیدا حاڵەتێکى گۆڕاوە و لە قۆناغێک بۆ قۆناغێکى دی گۆڕانکارى بەسەردا هاتووە. ئەوە تەنانەت لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕەنگیداوەتەوە کە لە هەلومەرجێکدا هەندێک دیاردە ئاساییە یان پیرۆزە و لە هەلومەرجێکی دیکەدا بە پێچەوانەوە. هەر بۆ نموونە هاوسەرگیری موتعە لە سەردەمێکدا ئاسایی بووە و پاشان قەدەغەکراوە و دواتر سەرلەنوێ بواری پێدراوەتەوە و پاشان جارێکی دیکە قەدەغەکراوە. ئەمەش بە بۆچوونی ئاینزاکانی سووننە. لە کاتێکدا لە ئاینزای شیعەدا تا ئیستا ئاساییە و تەنانەت هەندێکیان بە پیرۆزی دادەنێن. هەردوولاش هەر ئیسلامن. بەڵام خوێندنەوەی جیاواز کە ڕەنگدانەوی بەرژەوەندی جیاوازە، لە ئارادایە.

ئەم ململانێیە کە بەشێکی زۆری مۆرکی سیاسی هەبووە و پەیوەندی بە ڕەوابوونی دەسەڵات هەبووە، وای کردووە ئەو جیاوازییانە بواری بیرکردنەوەی فەلسەفی بگرێتەوە و ئەمەش وای کردووە ڕەوتی عەقڵانی لە ناو خودی فیکری ئاینی، دژ بە ڕەوتی نەقل و سەلەفیەت بێتە کایەوە. بەڵام پەرەسەندنەکانی مێژوو لە بەرژەوەندی سەرکەوتنی سەلەفیەت بەسەر ڕەوتی عەقڵانیەتی ئیسلامیدا بووە، کاتیکدا لە سەردەمی موتەوەکیل خەلیفەی عەباسییەکان، ڕەوتی عەقڵانیەت پاکتاوکرا.

هاوکات لەگەڵ ڕەوتی عەقڵانیەت لە فەلسەفەدا، کە سەرەتاکەی زانستی کەلام بوو، لە فیقهەدا ڕەوتی ئیجتهاد و کارکردن بە عەقڵ دەرکەوت و گرنگترین بەرهەم لە بواری زانستی ئوسوڵ فیقهدا چەمکی مەسلەحەتە وەک سەرچاوەیەک بۆ هەڵێنجانی حوکمی شەرعی، تا ئەو ڕادەیەی ئەگەر مەسلەحەت و دەقێکی پیرۆز ناکۆک بن، ئەوا حوکمڕان بەگوێرەی مەبەستە سەرەکییەکانی فیقە بۆی هەیە کار بە مەسلەحەت بکات و حوکمی دەق ڕاگرێت.

ئەمەش ئەوپەڕى عەقڵانیەتە، بەڵام فیکری سەلەفى هەر بیرکردنەوەیەکى عەقڵانیەت لەناو فکرى ئایینیدا بە تەجاوز دادەنێت تا ڕێگە بگرێت لە ئیجتیهاد و پەرەگرتنى عەقڵانیەت لەناو فیکرى ئاینیدا.

شکستی ڕیفۆرمی ئاینیی

لەسەردەمى دەوڵەتى عوسمانیدا کاتێک قەیران دروست بوو، لە کۆتاییەکانى ئەو دەوڵەتەدا جوڵانەوەی ڕیفۆرمیستی ئاینی لە ئیسلام دروست بوو، جەمالەدینى ئەفغانى، محەمەد عەبدە، کەسانی دیکە سەرنجیان لە بیری ڕۆژئاوایی دەدا، بۆ چارەسەرى قەیرانەکانى دەوڵەت و کۆمەڵگەی ئیسلام، بەبێ ئەوەی ئەو چەمکانە بە ناکۆک لەگەڵ هزری ئیسلام دابنێن. بەڵام ئەو بزووتنەوەیە شکستی هێنا و یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو شکستییە ئەوەیە، کە ئەو نموونەیەی پشتیان پێبەست بوو، بە نموونەیەکی کۆلۆنیالى بوو کە وڵاتانی ئیسلامی داگیرکرد. وێنەی فڕەنسا، پێش ئەوەى میسر داگیر بکات، وێنەی دروشمەکانى شۆڕشى فڕەنسا بوو، بەڵام لە میسر کردەوەکەى حاڵەتى داگیرکەرى وەرگرت. لەکاتێکدا ڕیفۆرم لەلایەن ئەفغانى و هاوەڵەکانی گەشبینی بوو بە مۆدێرنیزم و پێشکەوتنى ڕۆژئاوا. دوای ئەوان، ئەو جوڵانەوەیە شکستی هێنا و مۆرکی سەلەفییانەی وەرگرت.

هەڵبەتە ئەوکاتەی هەڕەشەی دەرەکی و قەیران لە ئارادا بێت و بزووتنەوەی دیموکراتی بەهێز نەبێت، ئەوا ڕەوتی سەلەفی و توندڕەوەی سەرهەڵدەدا. لە ئەڵمانیا فاشیەت سەریهەڵدا، بەهۆی قەیرانی ئەو وڵاتە و شکستهێنانی لە یەکەمین شەڕی جیهانیدا. یەکێک لە خولیاکانی فاشیەت گەڕانەوە و سەرهەڵدانی مێژووە. ئەم مەسەلەیە پێویستی بە خوێندنەوەیەکی هەمەلایەنە هەیە تا بزانین ڕیفۆرمى ئایینى لە ئەوروپا بۆچی سەرکەوت و لەناو ئیسلامدا بۆچی شکستى هێنا. ئەمە ڕاستەوخۆ پێوەندى بە پەرەسەندنى کۆمەڵایەتى و شێوازەکانى بەرهەمهێنانەوە هەیە. ئێستا، لەخودى وڵاتەکانی ناوچەکەدا قەیران هەیە، چەپ شکاوە، مەشروعى قەومى عەرەبى هەرەسى هێناوە، شاڵاوى دەرەکى لەمەڕ وڵاتانى موسڵمان بەردەوامە، نەبوونى دیموکراسى و کێشە کۆمەڵایەتییەکان و برسێتى لە هەڵکشاندایە. لەم حاڵەتەدا ئاساییە هەر کاتێک توندوتیژى دروست بێت، فێندەمینتالیزم سەرهەڵبدات، ئەلقاعیدە و وەهابى پێک بێت، خودى گرووپە توندڕەوەکان لە منداڵدانى ئیخوان موسلمین و وەهابییەکان بەشێوازى جۆراوجۆر دروست دەبن. لە هەمانکاتدا بوونى ڕژێمە دیکتاتۆرەکان ڕێگای توندوتیژىیان بۆ گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکان خۆشکردووە.

عەلمانیەت وەک پێداویستییەکی ڕیفۆرمی ئاینی

لەمەڕ کوردستانەوە، ئەرکێکی زۆر گرنگی حکوومەت ئەەویە کە پابەند بێت بەو پڕۆژە دیموکراتی مەدەنی عەلمانییەوە، کە لە هەڵبژاردندا هەڵیگرتبوو. دەبێ ئەو پڕۆژەیە لە کۆمەڵێک ڕەفتار و کردەوەی سیاسی ڕەنگبداتەوە و کاریگەری هەبێ لە تەشریع و یاساداناندا، لە شێوازێک کە عەقڵیەتی مەدەنی و گفتوگۆکردن لەناو کۆمەڵگە بڵاوببێتەوە. ئەمەش بەمانای نەهێشتنی ڕۆڵی ئایینی و دوورەپەرێزکردنی نییە، بەڵکو مانای ئەوەیە کە ئەو بابەتە کە تۆ ڕێزی بۆ دادەنێیت وەک خۆی دەمێنێتەوە و ناهێڵی بۆ مەسەلە سیاسییەکان بەکاربهێندرێت.

ڕاستە ئیسلام لە سەرەتاوە پڕۆژەیەکی سیاسی بووە. بەڵام ئەمە لە حاڵەتێکدا بووە کە مرۆڤایەتی جگە لە هزری ئاینی، هزری دیکەی لە بواری سیاسەتدا بەرهەمنەهێناوە. دەسەڵاتی کوردستان دەبێت وریا بێت، چونکە زۆرجار بەبێ ئەوەی ئاگای لێ بێت هەندێ کار دەکات لە خزمەتی پڕۆژەی ئیسلامی سیاسیدا.

ئیسلامی سیاسی لەکۆمەڵگەی ئێمەدا دوو پڕۆژەی هەیە؛ یەکەم، بە ئیسلامکردنی کۆمەڵ. دووەمیان بە ئیسلامکردنی دەوڵەت. هەڵبەتە زوربەی کۆمەڵگەکەمان ئیسلامە و وەکوو ناسنامە زۆربەیان موسوڵمانن و بەڵام ئەو گرووپانە بەئیسلامکردنی کۆمەڵگە بەو نموونە سیاسییانە دەزانن، کە لە بەرژەوەندی خۆیانە و تەنانەت لێکدانەوەی خۆیانە بۆ دەقە ئاینییەکان و بۆیە دەبینین قاعیدە و ئەنسار و کۆمەڵ و ئیخوان و حزبی تەحریر و دەعوە و مەجلیسی ئەعلا و هتد لە پڕۆژەکانیاندا بۆ حوکم و بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی دەوڵەت، جیاوازیان هەیە.

گرنگە لە کوردستاندا یاساکان مۆرکی مەدەنی وەربگرن، کە ناکۆک نییە لەگەڵ خودی بنەماکانی هەر ئاینێک کە بەرژەوەندی گشتی بە پێوەرێکی سەرەکی دابنێت.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە