وەزارەتی دارایی هەرێم ڕێككەوتنی هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق لەسەر پڕۆژەی هەژماری من ئاشكرادەكات و دەڵێت" بەپێی ڕێككەوتنەكە دابەشكردنی مووچە بووە بە دیجیتاڵی و مووچە بە كاش نامێنێت".

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێركاری وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت" بەپێی ڕێككەوتنەكە، وەزارەتی دارایی عێراق کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ ی دیاری کرد بۆ ئەوەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ببنە خاوەن هەژماری بانکی تایبەت بە خۆیان، بەپێچەوانەوە لە ساڵی نوێدا مووچەیان بۆ خەرج ناکرێت".

 

دەقی راگەیەنراوەکە:

ڕاگەیەندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری / وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

سەبارەت بە پرسی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من کە ماوەی دوو ساڵە دەستی پێکردووە و لە قۆناغی کۆتاییدایە، دوای بڵاوکردنەوەی ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سەر بەوەزارەتمان لە هەفتەی ڕابردوو لێرە و لەوێ خوێندنەوەی نادروست و نابەرپرسیارانەی بۆ کراوە بە پێویستمان زانی ئەم ڕاستییانەی لای خوارەوە بخەینەڕوو.

١- لەئەنجامی ڕێکكەوتنی سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ لە نێوان شاندی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدول حەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواچوون و ژمارەیەک بەرپرس و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵ بەسەرۆکایەتی بەڕێز دکتۆر فواد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری عێراق و خاتوو تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، وەزارەتی دارایی عێراق کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ ی دیاری کرد بۆ ئەوەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ببنە خاوەن هەژماری بانکی تایبەت بە خۆیان، بەپێچەوانەوە لە ساڵی نوێدا مووچەیان بۆ خەرج ناکرێت.

٢- هاوکات بە پێی بڕیاری ژمارە ( ٥٥٠ ) ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق خاڵی سێیەمی بڕگەی سێیەم کە لە ڕۆژی ( ١٧ ی تەمووزی ٢٠٢٥ ) دەرچووە و تیایدا لیژنەی هاوبەشی پێکهاتووی لە نێوان حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی پابەند کردووە کە لە ماوەی سێ مانگدا پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەواو بکەن، بەپێی سەرجەم ڕێکەوتن و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کۆتایی ئەمساڵ دوا مۆڵەتە بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بۆسەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

شایەنی باسە لە هیچ وڵاتێکدا دوو جۆر شێوازی دابەشکردنی مووچە نییە، لەلایەک بەکاش و لەلایەک بەسیستەمی بانکی، لە ئێستاشدا لەهەرێمی کوردستان بەڕێکكەوتنی هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ مووچە بە سیستەمی دیجیتاڵی خەرج دەکرێت، واتە دابەشکردنی مووچە بەکاش نامێنێت.

بۆیە دووپاتی دەکەینەوە لەدوای سەری ساڵ مووچە تەنها لە ڕێی پڕۆژەی (هەژماری من)ەوە خەرج دەکرێت، وە هەر کەسێک بەشدار نەبێت لە پڕۆژەی هەژماری من مووچە وەرناگرێت و خۆی بەرپرسیار دەبێت.

هاوپێچ /

١- وێنەی کۆبوونەوەی شاندی هەرێم و حکومەتی عێراق لەمانگی شوباتی ئەمساڵ.

 

٢- بڕگەی سێیەم لە بڕیاری ژمارە ( ٥٥٠ ) ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری / وەزارەتی دارایی و ئابووری

٢٣ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا