سەروتاری رێگای كوردستان
دواكەوتنی وەرگرتنی مووچە، كە زۆربەی جار بەنزیكەی دوو مانگ جارێك فەرمانبەری كوردستان مووچەكەی وەردەگرێت، بۆتە دیاردەیەك، كە هاووڵاتی كوردستان دەیان شیروڕێوی بۆ بێنێتەوە‌ و باس لە ڕێكەوتنی ستراتیجی ‌و یەكلاكەرەوەی نێوان حكومەتی بەغدا ‌و حكومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ بكەیت سەبارەت بە بابەتی وەرگرتنی مووچە لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا، باوەڕی پێناكات، چونكە بەردەوام كار ‌و كردەوە لە ئاخافتن‌ و بەڵێندان ڕوون‌ و ڕاستترە.
لەگەڵ دەستپێكی ساڵی 2025 بانگ بەگوێی فەرمانبەران درا، كە دانوستان ‌و سەردانی ماراتۆنی وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا خۆشبەختانە بەفیڕۆنەچوو، ئەنجامەكەی ئەوەیە كە لە 2025 كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كۆتاییهات، بەڵام دواكەوتنی مووچە لە چوار مانگی پێشووتر ڕوویاندا‌ و ئەوە خەریكە نیوەی 2025 تەواودەبێت ‌و ئەم مانگە نەك 45 ڕۆژە، بەڵكو وا دەبێتە 60 ڕۆژ ‌و فەرمانبەر مووچەی وەرنەگرتووە.
لە مانگان ‌و ساڵانی ڕابوردوو بیانووی جۆراجۆر بۆ بابەتی دواكەوتنی مووچە لەلایەن هەردوو حكومەت دەهێنرایەوە‌ و بەگشتی بەشێك لە كاردانەوەكان بەقسەی بەرز و نزم لە تۆڕەكانی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان گوزارشتی لێدەكرا.
نەبوونی شەفافیەتی پێویست لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی سەبارەت بەم بابەتە، هۆكاری لاوازی متمانەیە بە حكومەت‌ و لایەنەكانی بەشداربوو تیایدا.
ئەوەی پەیوەندی بە مووچەی ئەم مانگەوە هەیە، تا ئێستا نە لەلایەن بەغداوە ‌و نە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، هۆكاری دوواكەوتنی مووچە ڕوون نییە ‌و لەوەش دەچێ تێر ئاگای لە برسی نییە، جا چۆن فەرمانبەر ‌و خانەنشین دووچاری نامۆبوون نابێت ‌و متمانەی لاواز نابێت؟!
ئەمڕۆ ئەم لاوازییە لە متمانەبوون هاوكاتە لەگەڵ تێپەربوونی زیاتر لە شەش مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ‌و پێكنەهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. بەشێك لە لاوازی متمانەبوون بەندە بە خەمساردی حكومەت ‌و لایەنە دەستڕۆیشتووەكان لە مامەڵەكردن‌ و بەدەمهاتنەوەی پێداویستییەكانی تایبەت بە ریتم‌ و ئاراستەی گۆڕانكارییە چلۆنایەتییە چاوەڕوانكراوەكانی ناوچەكە.
ئەم خەمساردییە و نەبوونی ڕادەی نزمی بۆچوون‌ و كاری هاوبەش سەبارەت بە مەسەلە چارەنووسسازەكانی گەلی كوردستان تا كەی؟

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە