رێگای كوردستان
بڕِیارە هەفتەی داهاتوو حكومەتی عێراق دواین بڕە پارە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت و ناردنی هەر بڕە پارەیەكی دیكەش بكەوێتە دوای هەمواركردنەوەی پڕۆژەیاسای بودجە یاخود رێككەوتنێكی دێكەی هاوشێوە لەنێوان هەولێر و بەغدا.
سەرەتای مانگی 9ی ئەمساڵ و دوای چەندین كۆبوونەوە لەنێوان هەولێر و بەغدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی بڕی دو ترلیۆن و 100 ملیار دیناری بۆ موچەی 3 مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دا.
ناردنی ئەم بڕە پارەیە ئەگەرچی كەمتر بوو لەو بڕەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابینركردنی مووچە پێویستییەتی، بەڵام توانی بەشێوەیەكی كاتی كێشەی مووچەی سێ مانگی مووچەحۆران چارەسەر بكات و بەمەش مووچەی مانگەكانی 7,8 و 9ی مووچەخۆران دابین بكرێت.
دەربارەی موچەی 3 مانگی كۆتایی ئەمساڵ، ئەگەرچی حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ رونكردنەوەیەكی پێویستی نەداوە، بەڵام بەشێوەیەكی نافەرمی باس لەوە دەكرێت كە هاوشێوەی ساڵانی رابردوو وەك قەرز لای حكومەتی هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە و حكومەتی عێراق ئامادە نییە 3 گوژمەی دیكەی مووچە بۆ مووچەی كۆتایی 3 مانگی ئەمساڵ دابین بكات.
بەگوێرەی زانیارییەكان بڕیاردان لەسەر بەردەوامبوون لە ناردنی بڕی 700 ملیار دینار بۆ سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ لەدەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیراندایە نەك بەتەنیا سەرۆكی حكومەت و ئەم بڕیارەش تا ئێستا نەدراوە.
میدیای عێراقیی لەزاری بەشێك لە بەرپرسان لە وەزارەتی دارایی عێراق بڵاویانكردووەتەوە كە ناردنی هەر بڕە پارەیەكی دیكە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە پێویستی بە ڕێككەوتنێكی دیكەی نوێ لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق دەبێت.
چارەسەركردنی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كە پەیوەست كراوە بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان تا ئێستا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش لە هەوڵی هەمواركردنەوەی یاسای بودجەدان وەك چارەسەرێك بۆ كێشەی مووچە.
لە وەڵامی پرسیاری نوێنەرێكی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمە شیاع سودانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران ناردنی هە بڕە پارەیەكی دیكەی پەیوەست كردووە بە دەسەڵاتی ئەنجوومەنەكەیەوە و بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكان ئەنجوومەنی وەزیران لە چاوەڕوانی هەمواركردنەوەی یاسای بودجەدایە.
مەریوان قەرەنی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق باسی لەوە كردووە كە سودانی پێیراگەیاندووە كە بابەتی هەمواركردنەوەی یاسای بودجە لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدایە و ئێمە هیچ مانعاتێكمان نییە ئەگەر ئەو بڕگەیە هەموار بكرێتەوە و چارەسەری ئەم بابەتە بكرێت، بەڵام ئێمە دەسەڵاتی جێبەجێكردنین و هەمواركردنەوەكەش لەدەست دەسەڵاتی یاسادانانە و هەر یاسایەك دەربكەن و هەمواری بكەنەوە، ئێمە جێبەجێی دەكەین.
لەماوەی چەند مانگی رابردوودا لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان هەوڵیانداوە لەسەر دوو ئاست كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان چاەسەر بكەن، ئەویش بە رێككەوتنیێكی كاتی لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران و هەوڵدان بۆ هەمواركردنەوەی پڕۆژەیاسای بودجە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەك چارەسەرێكی كۆتایی بۆ ئەم پرسە. هەرچەندە رێككەوتنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق بۆ ناردنی مووچەی 3 مانگ بەشێوەیەكی كاتی كێشەی مووچەی چارەسەر كردووە، بەڵام ئەم پرسە هێشتا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و سەرەڕای ئەوەی 3 مووچەی كۆتایی ئەمساڵی مووچەخۆران دەكەوێتە لای حكومەت، هاوكات هیچ گەرەنتییەكیش نییە ساڵی داهاتوو رێككەوتنێكی دیكە لە نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر ناردنی 700 ملیار دیناری مانگانە بكرێت.
دابەشنەكردنی مووچە بووەتە هۆی پەككەوتنی پڕۆسەی خوێَندن لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی كۆیە و سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر دەستپێكی خوێندنی ساڵی 20203-2024 بەڵام هێشتا دەرگای هۆڵەكانی خوێندن لەم شوێنانە نەكراونەتەوە.
ئەوەی بووەتە جێگەی پرسیار و نیگەرانی لای هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی مووچەخۆران پرسی دیارنەمانی داهاتی ناوخۆیە كە سەرەڕای زیادكردنی بەردەوامی بڕی باج و بەردەوامی لە فرۆشتنی نەوت لەرێگەی تەنكەر و داهاتی دەروازە سنوورییەكان، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان نەیتوانوە خۆ كێشەی مووچەخۆران چارەسەر بكات و بەردەوامیش بەغدای تۆمەتبار كردووە بە نەناردنی شایستە داراییەكان.
سەرەڕای پێنەدانی مووچەی مانگانە بە مووچەخۆران، ماوەی چەندین ساڵە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبێ بوونی هیچ پاڵپشتییەكی یاسایی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی راگردتووە، ئەمە جگە لە وەستانی یەكجارەیەكی پرۆسەی دامەزراندنی هەمیشەیی.