
لەهەنگاوێکی دیکەی ئاشتیخوازانەدا، بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی لەباکووری کوردستان، گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، pkk، بڕیاریاندا لەناوچەی زاب بکشێنەوە،
لەبەیاننامەیەکدا ئاماژەییان پێکردووە، ئەم هەنگاوەیان بەئاراستەی زیاتر چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیرییە لە تورکیا .
دەقی بەیاننامەکە
بەیاننامەکەی ٢٦ـی تشرینی یەکەمماندا کە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ڕاگەیاندرا و بە ئامادەبوونی ٢٥ گەریلامان کە لە سنوورەکانی تورکیاوە کشاونەتەوە بۆ هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ڕامانگەیاندووە، کە لەو شوێنانەی مەترسی شەڕیان لەسەرە لەسەر سنوور، ڕێوشوێنی دژە شەڕ دەگرینەبەر.
لەو کاتەوە بە پشتبەستن بەو کارانەی ئۆرگانەکانی پەیوەندیدار ئەنجامیانداوە، لە هەرێمی زاپ گەیشتووینەتە ئەنجامێکی گرنگ. لە ئێوارەی ١٦ـی تشرینی دووەم، هێزەکانمان لە هەرێمی زاپ کە مەترسی شەڕی تێدابوو کشانەوە بۆ ناوچە جیاوازە گونجاوەکان. لە دۆخی ئێستادا مەترسی شەڕ لە ناوچەی ئاماژەپێکراودا بە تەواوی نەماوە.دوای کشانەوەی هێزەکانی گەریلامان بەهۆی مەترسی شەڕ لەناو سنوورەکانی تورکیاوە، ئەم خۆگونجاندن و کشانەوەیە لە هەرێمی زاپ بووەتە بەشدارییەکی پراکتیکی گرنگ لە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و ئیرادەی ئێمە بۆ پرۆسەکە نیشان دەدات.
لەو باوەڕەداین کە ئەم هەنگاوە نوێیەمان خزمەت بە چارەسەری پرسی کورد و ئاشتی و دیموکراتیزەکردنی تورکیا دەکات.بە ڕێزەوە ئەم زانیارییانە بۆ ڕاگەیاندنەکان و ڕای گشتی بڵاودەکەینەوە، سڵاوی خۆمان ئاراستەی هەموو لایەنە پەیوەندییدارەکان دەکەین.”ئەمە لە کاتێکدایە، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥، بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کرد، لەو چوارچێوەیەشدا لە ٥-٧ـی ئایار، پەکەکە کۆنگرەی ١٢ـیەمینی خۆی ئەنجام دا و کۆتایی بە هەموو ئەو چالاکییانەی بەناوی پەکەکە و کۆتا بە ڕێبازی خەباتی چەکداریی هێنا.
هەروەها لە ١١ـی تەمووز، گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە لە ٣٠ گەریلای ژن و پیاو پێکهاتبوون و لەلایەن بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی گشتیی کەجەکەوە پێشەنگایەتی دەکرا، لە ئەشكەوتی جاسەنەی سنووری پارێزگای سلێمانی، لەبەردەم ڕای گشتییدا چەکەکانیان سووتاند، هەر لە چوارچێوەی بانگەوازییەکەدا، لە ٢٦ـی تشرینی یەکەم، گرووپێکی ٢٥ گەریلایی، بۆ ئەوەی شەڕ و پێکدادانیان دروستنەبێت لەو ناوچانەی کە مەترسییان لەسەر هەیە، لە سنووری تورکیاوە کشانەوە بۆ هەرێمەکانی پاراستی مەدیا.