
دابەزینی کورسیەکانی کەرکوک بۆ یەکەمینجار بۆ خوار نیوە، لەسەر هەموو ئاستەکان، نیگەرانی و کاردانەوەی جیاجیای لێکەوتەوە،
لەو بارەوە چاودێرانی سیاسی و ڕۆشنبیران دیدو بۆچونی خۆیان خستووەتەڕوو، هاوکات پێیان وایە پارتی و یەکێتی هۆکاری کەمکردنی کورسیەکانی کوردن لە کەرکوک .
سوبحی مەهدی چاودێری سیاسی: دەڵێت لە دواهەڵبژاردنی ، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکدا سەنگەرلەیەک گرتن بەردەوام بوو، نەک هەر ئەوەش بە پارەی براوی خەڵک کادیرو ئەندامی یەکتریان دەکڕی بە ناوی گواستنەوەی سەنگەر(کەلەڕاستیدا،سەنگەر چۆڵکردن بوو بۆ پارەو پۆست).
لەو هەڵبژاردنەدا لیستە کوردییەکان ژمارەی پێویستیان لە کورسی ئەنجومەنەکە بردەوە، ئەو لێکترازانە هەر بەردەوام بوو نەتوانرا بە ڕێککەوتن، بڕیار لەسەر کاری پێکەوەیی ئەنجومەنەکە و پارێزگار بدەن، تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران هاتە پێشەوەو( نەیەک لیستی و نەکۆدەنگی و نەڕێککەوتنێکی ژێر بەژێریش) بۆ بەرژەوەندی کورد نەکرا. گەیشتە ئەوەی دەنگەکان پەرتەوازەو کورسییەکانیش کەم ببنەوە.
دەشڵێت ئۆباڵی گەورەی ئەم پاشەکشەو لێک ترازانە لە ئەستۆی یەکێتی و پارتییە، نەک هیچ لایەنێکی تر ئەحمەدی مەلا نوسەرو ڕۆشنبیر لە ووتارێکدا نوسیویەت٫ هەڵبژاردن: شەقهەڵدان لە تۆپ بەبێ گۆڵکردن!
لە بەشێکی ووتارەکەیدا دەڵێت، تۆ با ملیۆنێک زیاتر دەنگت هەبێ، بەڵام لە کەرکووک شکست بهێنێت، ئەمە پێی ناگوترێت سیاسەت، بەڵکو یارییکردنە بە گەمەیەک کە لەم هەڵبژاردنە نایخوات. دەبوو ئەمە هەڵگیرێت بۆ هەڵبژاردنی ناوخۆی هەرێم. ئاڕاستەی سێیەمیش، ناوچە جێناکۆکییەکانە، دەبوو، کورد یەک لیستی هەبوایە، ئەمە رووی نەدا، ئایا دەبێ بە ئەزموون؟ ئەمە پرسیارەکەیە.
سیاسەت بە قین و رق ناکرێت، دەبێ ئیش لە سەر ئەم سێ ئاستە بکرێت. رەپکردنی دەمار لە گۆڕەپانێک کە دەماررەپکردنی پێویست نەبێ، بە هەڵگرتنی ئاو دەچوێندرێت بە بێژنگ.
ئەقڵی سیاسی، ئەقڵیکی نەرم و نیانە لە دۆخێک کە پێویستی بە نەرمونیانی بێت، هەروەها ئەقڵێکی رۆچووە ئەگەر دۆخەکە بخوازێت.
ئەوەی رووی دا شەپڕێوی بوو، لە گەمە منداڵانی دەکرد، هەر کێیەک هات و شەقی لە تۆپەکە هەڵدا بە بێ ئەوەی بزانێ گۆڵەکە لە کوێیە!!
ئەم سیاسەتە ئەوەی سەڵماند کە کەرکوک نە دڵە نە قودسە، بەڵکو گۆڕەپانێکی فەرامۆش کراوە!
لایەنە تەکنیکییەکەی بۆ لێزانان جێدەهێڵم.
هاوکات ڕۆژنامەنوس سەرتەیب جەوهەر نوسیوێتی: شکستی کەرکوک ئەنجامی کوردایەتیی موزەیفی حزبەکانی کوردستان بوو.
لە بەشێکی ووتارەکەدا دەڵێت ،ئەم دەنگ نەدانەی خەڵك، بەڵگەیەكە روونە بۆ شكستی حزبەكانی كوردستان بەدەسەڵاتدارو ئۆپۆزسیۆنەوە، ئەگینا چ مەنتقێكە زۆرینەی هاوڵاتیان حزبێك نەبینن دەنگی پێبدەن. لەهەمووی خراپتر هاوڵاتیانی كورد لەناوچە جێناكۆكەكان بەڕێژەیەكی زۆر كەم بەشداریان لەهەڵبژاردن دا كرد، ئەمەش وایكرد بۆیەكەمجار لەماوەی 22 ساڵی رابردوو كورد لەنیوەی كەمتری دەنگەكانی كەركوك بەدەستبێنێت، واتە لایەنیكەم كورسیەكی پەرلەمان لەدەستبدات.
ئەم شكستەی كەركوك، دەرئەنجامی دەمارگیریی حزبیی و ئەو كوردایەتیە موزەیەفەی حزبەكانە لەڕاستەوە بۆچەپ، دەسەڵاتدارو ئۆپۆزسیۆن كە رۆژانە وەك شاباش بەخەڵكی كوردستانی دەفرۆشنەوە. ئەگەر كورد یەك لیست و هاوپەیمانێتی هەبوایە، بەدڵنیاییەوە كورسیەك زیاتر یاخود نیوەی دەنگەكانی كەركوكی زیاتر دەبرد. شكستیی كەركوك بەهیچ قەرەبوو ناكرێتەوە، چونكە رەهەندی نەتەوەیی هەیە.
هاوکات شوان داودی ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێشبینی دەکات لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقدا ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەکرێت، ژمارەی کورسییەکانی کورد دەبێتە 4 کورسی و ژمارەی کورسی عەرەب بۆ 6 کورسی زیاد دەکات.