ڕێگای کوردستان
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست ڕێگای کوردستان کەوتووە، فراکسیۆنە جیاجیاکانی پەرلەمانی کوردستان و حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، لە گفتوگۆی بەردەوامدان، بۆ ئەوەی پێش کۆتایی ئەم مانگە، بە هەڵوێستێکی هاوبەش بگەن بۆ بڕیاریی کۆتایی لە بەرانبەر بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی عێراق بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان.
ئەم هەڵوێستەی هەرێمی کوردستان لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، کە خواستێک هەیە بۆ زیاتر لاوازکردنی هەرێمی کوردستان و هێشتنەوەی لە بۆشایی یاساییدا، بەتایبەت کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیی خۆی دەرنەبڕیوە بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
لە بەرانبەر ئەوەشدا، ئەگەر تا ٣٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ، کۆمسیۆن هیچ وادەیەک ڕانەگەیەنێت، ئەوە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان پشووی خولی هاوینەی پەرلەمانی کوردستان ڕادەگەیەنێت و بەوەش واتە کارەکانی پەرلەمانی کوردستان درێژەی دەبێت.
هەر بەپێی زانیارییەکانی ڕێگای کوردستان، لەبەرئەوەی سەرۆکی هەرێم ماوەی یاسایی بەسەرنەچووە، بۆی هەیە داوای ئەنجوومەنێکی سنووردار لە سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکان و نوێنەرانی پێکهاتە جیاجیاکان، لە نێوانیاندا پارتی و یەکێتی پێکبێنێت، بۆ ئەوەی تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سێ کار ئەنجام بدات کە بریتیین لە: دانانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پێکهێنانی کۆمسیۆنێکی کوردستانی بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئامادەکردنی ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان و دەنگدان لەسەر ڕەشنووسەکە.
ئەوەش جۆرێکە لە ڕێککەوتنی هاوشێوەی ساڵی ١٩٩٢، کاتێک بەرەی کوردستانی کە لە سەرجەم حزبەکانی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوو، لەسەر شێوازی هەڵبژاردن و دانانی کۆمسیۆنێک بۆ سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکە ڕێککەوتن، بەبێ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا، هەر لەو ڕێگەیەشەوە یەکەمین هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان کرا و پەرلەمانی کوردستان پێکهێنرا.