
بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان و ناوچەكەو كاریگەری لەسەر چارەنووسی سیاسی هەرێم و ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان بەگشتی و چینی كرێكار و مووچەخۆران بەتایبەتی، تەوەری سەرەکی دیدارێکی نێوان هەردوو حزبی شیوعی کوردستان و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان بوو.
ڕۆژی دوو شەممە ڕێكەوتی ( ٢٤ - ١١ -٢٠٢٥) شاندێكی (حزبی شیوعی كوردستان ) پێكهاتبوون لە هاوڕێیان( ئەبو كاروان ) سكرتێری كۆمیتە ناوەندی و هاوڕێیان ( صبحی مهدی ونعمەت معروف ) ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و هاوڕێ ( عوسمان زیندانی و فاخر شەهید زاهیر ) ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی، سەردانی سەركردایەتی (حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستانی ) كرد .
لەلایەن هاوڕێیان (عوسمانی حاجی مارف سكرتێری حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستان وخەسرە سایە سەرۆكی مەكتەبی سیاسی و هەردوو هاوڕێ فواد صادق و ڕێبورا عارف -ئەندامانی مەكتەبی سیاسی) پێشوازی كران .
لە سەردانەکەدا گفتوگۆ کرا لە بارەی بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان و ناوچەكەو كاریگەری لەسەر چارەنووسی سیاسی هەرێم و ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان بەگشتی و چینی كرێكار و مووچەخۆران بەتایبەتی، بەدوای تەواوبوونی هەڵبژاردن .
لەم بارەیەوە هەردوو حزب كۆك بوون لەسەر كاری هاوبەش ویەکخستنی بەرەی ئازادیخوازی كوردستان لەپێناو بەدەست هێنانی مافەكانی جەماوەر و كاریگەری دروست كردن لەسەر دۆخی سیاسی بەقازانج وبەرژەوەندی خەڵك .
هەروەها هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستی گۆرانکاری ڕیشەیی لەیاسایی هەڵبژاردنی بەرکار لەعێراق و كوردستان کردەوە کەبەشێوەیەك بێت فرسەت بدات بە هەڵسوراوانی جەماوەری بۆ خۆکاندیدکردن و کۆتایی بهێنی بە قۆرخكاری .
لەبەشێكی تری كۆبوەنەوەكەدا سەرنج لە دۆخی سیاسی جیهانی و تێڕوانینی كۆمۆنیست و شیوعیەكان دراو باس لەو ئاڵنگاریانە کران کەدێتە پێشەوە، کە پێوسیتیان بەگفتوگۆ كردن هەیە لەگەڵ یەكتر و كەسایەتیە ئازادیخواز وپێشكەوتووخوازەکانی ناو كۆمەڵگە .
خالێکی تری کۆبونەوەكە جەختکردنەوەبوو لەسەر پەیوەندی دوو قۆڵی هەردوو حیزب بۆ كار وچالاكی هاوبەش لەسەر خواستەکانی مووچەخۆران و خەڵكی بێكار و بێ دەرامەتی كوردستان .