كێشەی كورد لە كەركوك بە تەنیا ژمارەی كورسییەكانی نییە، بەڵكو تا چەند دەتوانێت پڕۆژەیەكی هاوبەشی كوردستانی هەبێت ؟
سەروتاری رێگای كوردستان
كێشەو قەیرانەكانی خەڵك لەدوای تەواوبوونی هەڵبژاردن ؟
مەبەست و ئامانج لە هەڵبژاردن لایەنی كەم گەڕانەوەیە بۆ ئیرادەیەكی ئازاد و بەدەستهێنانی شەرعییەتی مللی لە پرۆسەی سیاسی و حوكمداریدا، بۆ بەدیهێنانی ئەوەش كۆمەڵێك هەڵومەرج و ڕێوشوێنی یاسایی و ژینگەیی پێویستە.
ئه‌م ڕێوشوێنانه‌ش پێویستی بە دروستكردنی ژینگەیەكی وەهایە كە هەموو هاوڵاتییەك بەبێ‌ ترس و هیچ جۆرە فشارێكی سیاسی و ئیداری و ئاینی دەرونی، بتوانێت بە ئیرادەیەكی ئازاد دەنگی خۆی بدات و ئەو هێزو لایه‌نانە هەڵبژێریت كە متمانەی پێیەتی، ئەوەش دەبێت لە ڕوانگەی تەمەشاكردنی بەرنامەو دیدی ئەو كەسە بێت بۆ چارەسەركردنی پرس و قەیرانەكانی كۆمەڵگە نەك لە ڕوانگەیەكی كەسی و پەیوەندی خوێن و خێڵ و هتد .... .
لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕاپۆرتەكان ئەوە پشتڕاست دەكەنەوە دەنگ كڕین و پارە دابەشكردن و بەكارهێنانی دامودەزگای حكومەت و تەنانەت دەستوەردانی وڵاتانی دراوسێشی تێكەوتووە.
ئاماژەكان ئەوەمان پێدەڵێن، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەوە ڕوونتر دەبێتەوە، هەڵبژاردن بەم فۆرم و شێوەیە، ناتوانێت لە خزمەتی دیموكراسییەت و چاككردنی ژیانی خەڵك و قەیرانەكان دابێت بە قەد ئەوەی وەك مانۆرێكی سیاسییە بۆ خۆ بەرهەمهێنانەوە و لە خزمەتی كەمینەیەكی ئۆلیگاریشی.
كێشە لە خودی پرۆسەی هەڵبژاردن نییە، بەڵكو كێشە لەو فۆرم و ناوەڕۆكەیە كه‌ لەمڕۆدا بە هەڵبژاردن دراوە، ئەوەش دەرئەنجامی ڕەنگدانەوەی عەقڵییەتی هێزە دەسەڵاتدارەكانە لە دانانی چوارچێوەی یاسای هەڵبژاردن و نەهێشتنی ئیرادەی ئازاد لە هەڵبژاردندا .
لەم هەڵبژاردنە، ناوچە دابڕاوەكان لە ئاستی چەندایەتی و چۆنایەتی جارێكی تر شكستی بەرنامەی هێزە دەسەڵاتدارەكان پیشان دەدات، بۆ داهاتووی ئەو ناوچانە ڕاستە هێزە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان زۆرترین دەنگیان هێناوە، بەڵام ئەم زۆرییە هیچ كاریگەرییەكی نابێت، كاتێك بەرنامەو تێگەیشتنێكی هاوبەشی كوردستانی نەبێت بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی ناوچەدابڕاوەكان، لە لایەكی تریش لە ئاستی چەندایەتیش تا دێت ڕۆڵ و پێگەی كورد كەمتر دەبێتەوە.
بۆ ئەو هێزانەی خاوەنی پڕۆژەی ڕاستەقینەی گۆڕانكاری سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتین، بۆ دەربازكردنی قەیرانەكانی كۆمەڵگە، لەمڕۆدا لە هەموو كات زیاتر گەڕانەوە بۆ بەرنامەو دیدێكی ڕوونی سیاسی و فكری و قوڵكردنەوەی پرنسیپەكانی كاری بەیەكەوەیی پێویستە. ئەمەش گۆڕانكاری گەرەكە، به‌ پێی واقیعی تازەی ئەمڕۆمان و پێداویستییەكانی، لینین وتەنی : بە بێ‌ تیورێكی شۆڕشگێرانە هیچ بزووتنەوەیەكی جەماوەری ناتوانێت سەركەوتووبێت.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا