کارکردن لە ٩ بەنداوی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، لەکاتێکدا ئێستا تەنیا کار لە ٥ بەنداو لە هەولێر و دهۆک دەکرێت، کە زیاتر لە ١٠ ساڵە تەواونەکراون.

بەنداوە نیوەچڵەکان

قەیرانە ئابوورییەکەی ٢٠١٤، ئاستەنگی جددی لەبەردەم کۆی ئەو پڕۆژانە درووستکرد، کە لە پێش قەیرانەکەوە دەست بە جێبەجێکردنیان کرابوو، یان لە بەرنامەی جێبەجێکردندابوون، لەناویاندا درووستکردنی زنجیرەیەک بەنداو لە هەرێمی کوردستاندا.

ئێستا، کار لە ٥ بەنداو دەکرێت، کە سیانیان لە پارێزگای هەولێرن؛ هەردوو بەنداوی گۆمەسپان و ئاقوبان لە شەقڵاوە و شەوگێڕ لە کۆیە، هەروەها دوو بەنداوی دیکە لە پارێزگای دهۆک؛ بەنداوی سبنە دوو لە ئامێدی و گەلی بەنداوا لە سیمێل کارکردن تیایاندا بەردەوامە، بەڵام ٩ بەنداوی دیکە بەنیوەچڵی ڕاگیراون، ئەوەش بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە.

بەنداوە ڕاگیراوەکان پێکدێن لە؛ بەنداوی باوەنوور لە کەلار؛ بەنداوی باسەڕە لە چەمچەماڵ، بەنداوی بانی تاڵەبان لە کۆیە/هەولێر، بەنداوی نازەنین لە کۆیە/هەولێر، بەنداوی سورقاوشان لە دوکان/سلێمانی، بەنداوی زەلان لە شارباژێر/سلێمانی، بەنداوی چەق چەق دوو لە سلێمانی، بەنداوی خۆرنەوازان لە کفری/گەرمیان و هەروەها پڕۆژەی چاککردنەوەی زیانەکانی بەنداوی دەربەندیخان، لە دەربەندیخان/سلێمانی.

لەناو ئەو بەنداوانەدا، ڕاپۆرتێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی کردووە، بە داواکردنی بڕی ٢٠ ملیار دینار لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ تەواوکردنی بەنداوی باوەنوور و هەروەها باسیش لە نووسراوێک دەکات، کە لەوەتەی ئاداری ٢٠٢٣ەوە، ئاڕاستەی کۆمپانیای جێبەجێکاری بەنداوی نازەنین کراوە، بۆ دەستکردنەوە بە کارەکانی، بەڵام هیچ باسێک لە سەرجەم بەنداوەکانی دیکە نییە.

لە دەرەوەی ئەو بەنداوانەی کە لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاودا هاتوون، لەماوەی ڕابردوودا، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێم، بەردی بناغەی بەنداوێکی دیکەی دانا، کە بەنداوی بەستۆڕەیە لە سنوری پارێزگای هەولێردا.

بەنداوە تەواوکراوەکان

پێش ئەوەی قەیرانە ئابوورییەکەی ٢٠١٤ حکوومەتی هەرێم لە پەلوپۆ بخات، ١٨ بەنداو لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا تەواوکران. لە پارێزگای هەولێر ٥ بەنداوی تەواوکراو هەن؛ سیانیان لە سنوری کۆیەن کە پێکدێن لە بەنداوی جەلی، بەنداوی دێگەڵە و بەنداوی حەمامۆک، لەپاڵ دوو بەنداوی دیکە لە دەشتی هەولێر، کە بەنداوەکانی کۆدەڵە و چەمرگەن. لە سنوری پارێزگای سلێمانی، ٤ بەنداوی تەواوکراو هەن؛ بەنداوەکانی شیوەسوور و هەشەزینی لە چەمچەماڵ و بەنداوەکانی چەمی سۆر و دێوانە لە قەرەداغ. تەنیا دوو بەنداویش لە پارێزگای دهۆک تەواوکراون، کە بەنداوەکانی بێدۆهی و خەنەس دەگرێتەوە، ئەوەی دووەمیان سەربە قەزای شێخانە.

زۆرترین بەنداوی تەواوکراو لە هەرێمی کوردستاندا، کەوتوونەتە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانەوە، کە لە ٧ بەنداو پێکدێت؛ باوەشاسوار و ویری قادرکەرەم لە کفری، حەسەن کەنووش و تورەجاڕ لە کەلار، لەپاڵ سێ بەنداوی دیکە لە گەرمیان/چەمچەماڵ کە بەنداوەکانی هەڕاوە، قادرکەرەم و ئاوەسپی دەگرێتەوە.

ژمارەیەک لەو بەنداوانە، هێشتا پێوانەی کۆتایی و وەرگرتنی سەرەتاییان ماوە، لەناویاندا بەنداوەکانی هەشەزینی، خەنەس و تورەجاڕ.

بەنداوەکانی سەر کاغەز

لەماوەی ساڵانی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٥، لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، دیراسە و دیزاینی ٤٢ بەنداوی دیکە تەواوکراون، بەڵام دەست بە جێبەجێکردنیان نەکراوە و هەر تەنیا وەک پڕۆژەی نەخشەکێشراو ماونەتەوە.

سەرنجڕاکێشە، کە لە دوای ساڵی ٢٠١٥ەوە، لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە، تەنانەت نەخشە و دیزاینی بەنداوێکیش نەکێشراوە، ئەوەش ئەو پاشەکشەیە دەردەخات، کە بە درێژایی هەموو ئەو ساڵانەی ڕابردوو حکوومەتی هەرێم تێی کەوتووە.

لەکۆی ٤٢ بەنداوی پێشنیازکراو، ١٦ بەنداو لە پارێزگای هەولێر، ١٣ بەنداو لە پارێزگای سلێمانی، ٥ بەنداو لە پارێزگای دهۆک، ٤ بەنداو لە ئیدارەی گەرمیان، ٣ بەنداو لە ئیدارەی ڕاپەڕین و یەک بەنداویش لە پارێزگای هەڵەبجە دیراسە و دیزاین کراوە.

لە بەنداوەوە بۆ پۆند

ئەو قەیرانە ئابوورییەی بەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی گرتووە، وایکردووە لە درێژەدان بە درووستکردن و تەواوکردنی بەنداوەکان سست ببێت، لە بەرانبەردا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لەماوەی ئەو ساڵانەی ڕابردوودا، دەستی بە درووستکردنی زنجیرەیەک پۆند کردووە.

هەر بەپێی داتاکانی وەزارەتەکە، کە دەست زێدپرێس کەوتوون، تا ئێستا ١١٠ پۆند لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا تەواوکراون، ٤٠ پۆند لە ژێر جێبەجێکردندان یان کارەکانیان وەستاوە و ٧١ پۆندی دیکەیش تەنیا پێشنیازکراون.

پۆندەکان هەمان سوود و توانای بەنداوەکانیان نییە، بەڵام هێشتا سەرچاوەی گرنگن بۆ گلدانەوەی ئاو، پاڵپشتیکردنی ئاوی ژێرزەوی، پڕۆژەی جیاجیای ئاودێری و هەروەها سامانی ماسی.

 

زێدپرێس

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە