
دوای ململانێیەکی سەخت و دوورو درێژ لەگەڵ نەخۆشی ئێوارەی ئەمڕۆ مامۆستا و هونەرمەندی دیاری كوردستان (خەلیل موڕاد وەندی) خاوەنی گۆرانی بەناوبانگ (خۆشەویستەکەم ئارامی گیانم) كۆچی دوایی كرد.
خەلیل موڕاد وەندی لە ساڵی 1947 لە گوندی سەی برزوی سەربە شاری خانەقین لە خێزانێکی هەژار چاوی بە دونیا هەڵهێناوە، قۆناغەکانی سەرەتایی لە گوندەکەی خۆیانەوە دەستپێدەکات .
لە ساڵی 1973 بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە بەشی زمانی کوردی لە کۆلێژی ئاداب لە بەغدا بەدەست دەهێنێت. دواتر بەردەوام دەبێت لە خوێندن و دەچێتە خوێندنی باڵا و لە ساڵی 1974 بڕوانامەی خوێندنی باڵا لە ڕێگەکانی وانەوتنەوەدا بەدەست دەهێنێت.
1975 ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە 5 کوڕ و 2 کچ. دوایین جار بووەتە مامۆستا لە زانکۆی سۆران و لە ساڵی 2017 خانەنشین بووە.
لە سەرەتای حەفتاکانەوە دەستی کردووە بە کاری هونەریی و خاوەنی دەیان گۆرانی جوان و دانسقەیە و لە بواری هونەردا خزمەتێکی گەورەی بە هونەری ڕەسەنی کوردی کردووە. خەلیل وەندی یەکێکە لەو هونەرمەندانەی کە لەسەر دەستی هونەرمەندی مەزن عەلی مەردان پێی ناوەتە نێو کاری هونەرییەوە و بە قوتابی ئەو دادەنرێت، ئێستاش هەر کەسێک گوێی لە گۆرانی (خۆشەویستەکەم) بێت کە لە ساڵی 1971 وتراوە، وا هەست دەکات کە هیی ئەم سەردەمەیە و هەمان تاموچێژی هەیە، خەلیل وەندی نزیکەی 85 گۆرانی دیکەی بۆ ڕادیۆی کوردی بەغدا و 20 گۆرانی بۆ تەلەڤزیۆنەکان تۆمار کردووە، بە گۆرانی و ئاوازە ڕەسەنەکانی لەناو دڵ و دەروونی خەڵکی کوردستاندا جێگەی خۆی کردەوە و هەوادارێکی زۆری بۆ خۆی پەیدا کرد، ئێوارەی ئەمڕۆ دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و ژیانئاواییکرد.