هاوڕێ كرێكار/ گەرمیان
سزادان، لێبڕینی مووچە و دواكەوتنی پێدانی مووچەكانیان كە هەندێكجار دوومانگ تێدەپەڕێنێت، ئەو كردارانەن كە بەشێك لە كۆمپانیا و خاوەن كارەكان، بەرانبەر بەكرێكاران ئەنجامیدەدەن و لەبەرانبەریشدا سەندیكا و لایەنە پەیوەندیدارەكان لە حكومەت، نەیانتوانیوە وەك پێویست لێپێچینەوە ئەنجامبدەن.
پێشڕەو مەحمود، كرێكارێكی دانیشتووی ناحیەی ڕزگارییە، باس لەوە دەكات كە ماوەی حەوت ساڵە بەشێوەی گرێبەستی كاتی لەباخچەكانی گەڕەكەكەی خۆیان بەبڕی ۳۰۰ هەزار دیناری كرێی مانگانە كار دەكات، پێشڕەو جگە لەوەی نیگەرانی كەمی مووچەكەیەتی بەشێوەیەك كە بەشی پێداویستییەكانی رۆژانەی ناكات، هاوكات هێما بۆ ئەوەش دەكات كە بەبێ هیچ بیانووەیەك چەندینجار بۆ ماوەیەك دەكراوە و دواتر هێنراوەتەوە، یاخود هەر نەگەڕێنراوەتەوە شوێنی كارەكەی. دەشڵێت: " هەندێ جاریش تەنیا لەبەر دواكەوتن بۆ ماوەیەكی كورت كرێی ئەو رۆژە بە كرێكاەركە نادرێت.
حەمید شەعبان، كریكارێكی دیكەیە و باس لەو غەدر و ناحەقیانە دەكات كە خاوەنكارەكان بەرانبەر بە كرێكاران ئەنجامیدەدەن، ئەو دەڵێت: "كرێكاران تەنانەت لە پشووەكانیشدا دەبێت بچن بۆ سەر كار، كە ئەمە تەواو ناحەقییە بەرانبەرمان دەكرێت"، حەمید داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات كە خەمێكی چینی كرێكار بخۆن و ڕێگەنەدرێت بەئاشكرا پێشێلی مافەكانیان بكرێت.
بەپێی یاسایی هەمواركراوی ئەنجومەنی وەزیرانی ۱ی ئازاری ساڵی ۲۰۲۳، كرێكار نابێت مووچەكەی لە ۳٥۰ هەزار دینار كەمتر بیت، بەڵام بەداخەوە یاساشكێنی دەكرێت و چەندین كرێكار كەمتر لەو بڕە پارە وەردەگرن.
ئاری محەمەد، كارپێكەری بیری ئیرتوازییە و ماوەی 10 ساڵە بەشێوەی بەگرێبەست كار دەكات. ئاری نیگەرانی ئەوەیە كە چەندینجار بەڵێنیان پێدراوە كە بكرێنە هەمیشەیی، بەڵام هیچ جارێك بەڵێنەكەیان نەبردووەتە سەر. "پێویستە مووچەی كرێكاران بەگوێرەی كاتی كاركردنیان بێت، نەك زیاتر لە ٨ كاتژمێر كار بكرێت و مووچەكەش كەمتر بێت لە 350 هەزار دینار، كاتی ئەوەیە حكومەت ژیانی كرێكاران باشتربكات" .
كەریم ئەحمەد، چالاكی بواری مافەكانی كرێكارانە و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە دۆخی كرێكاران لەهەرێمی كوردستان بەگشتی خراپە، بەڵام لە شار و شارۆچكە بچووكەكان بۆ نموونە وەكو گەرمیان زۆر خراپترە. ئەمە جگەلەوەی كە كرێكاران گیان لەدەستدەدەن و بریندار دەبن بەڵام كەس خۆیان ناكات بە خاوەنی كێشەكەیان. " ژیانی ئەمڕۆ بە ۲٥۰ تا ۳۰۰ هەزار دینار بەڕێوەناچێت، دەخوازین حكومەت ئاوڕ لەژیانی كرێكار بداتەوە، چونكە لەچەندین ئاستدا پێشلی مافەكانیان دەكرێت".