ڕاگەیاندنی ئەنجامی فەرمی دەنگی لایەنەکان لە پارێزگای کەرکووک. لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ،بۆ پێکهاتەی کوردی پارێزگاکەو حزبە کوردستانیەکان نەک هەر مایەی نیگەرانی بوو بەڵکو شۆکهێنەریش بوو.

ئەگەرچی کورد هێشتا لە کەرکوک بە نزیکەی بیست هەزار دەنگێک لە پلەی یەکەمدایەو لەپێش پێکهاتەکانی دیکەوەیە، بەڵام بۆ یەکەمجارە لە دوای ۲۰۰٥، کورد نەیتوانی نیوەی کورسیەکانی پارێزگاکە، کە بریتیە لە ۱۲ کورسی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلا بکاتەوە.

سەبارەت بە لە دەستدانی کورسیەکی کورد لە کەرکوک، شێرزاد سەمەد، بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی کەرکوکی یەکێتی نشتیمانی کوردستان، بەڕێگای کوردستانی ڕاگەیاند، لە دەستدانی کورسیەک و دابەزینی کورسیەکانی کورد بۆ پێنچ کورسی،هۆکارەکەی دابەشکاریەکانی یاسای سانتلیگۆی هەموارکراوە، ووتیشی، بۆ ئەوەی کورد گرەنتی دەنگ و کورسیەکانی خۆی بکاتەوە پێویستی بە یەکلیستی یاخود دوو لیستی بەهێز هەیە بۆ داهاتوو.

هەر لە بارەی لە دەستدانی کورسیەکی کورد لە کەرکوک، لوقمان حسێن ئەحمەد” وتەبیژی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان. بە ڕێگای کوردستانی ڕاگەیاند، کۆمەڵە هۆکارێک هەن بۆ ئەوەی کورد لە کەرکوک کورسیەک لە دەست بدات، یەکێک لە هۆکارەکان یاسای سانتلیگۆی هەموارکراوی هەڵبژاردنەکانە، کە پێویستە ئەم یاسایە هەموار بکرێتەوە و نابێت چیتر بەم جۆرەی ئێستا کاری پێ بکرێت، هۆکارێکی تر تۆماری دەنگدەرانە، کە پێویستی بە پێداچونەوەو پاککردنەوە هەیە، لوقمان حسێن ڕونشیکردەوە، کە لە دوای ۱٦ی ئۆکتۆبەرەوە، عەرەبێکی زۆر خراوەتە نێو تۆماری دەنگدەرانەوە کە ژمارەکە بە وردی نازانرێت بەڵام لە نێوان ٤۰ بۆ ٥۰ هەزار دەنگدەر دەبێت.

هاوکات دڵشاد حەساری سکرتێری مەڵبەندی کەرکوکی حزبی شیوعی کوردستان، بە ڕێگای کوردستانی ڕاگەیاند، ئەنجامی هەڵبژاردن بۆ هەموو لایەک بە ئازار بوو، بەڵام ئەوە جێگەی سەرسوڕمان نییە، چونکە هۆکاری سەرەکی لە نەبوونی هاودەنگی و یەکڕیزیی کوردە. ئاماژەی بەوەشکرد، حزبی شیوعی کوردستان هەوڵی بەرچاوی داوە بۆ یەکخستنی هێزە سیاسییەکانی کەرکوک لەسەر یەک هەڵوێست، بەڵام ئەو هەوڵانە سەرکەوتوو نەبوون. کەرکوک و دانیشتوانە کوردەکەی بەردەوام بوونەتە قوربانی بەرژەوەندی تەسکی حزبی و لاوازی هەماهەنگی نێوان لایەنە سیاسییەکان.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا