
ڕێگای کوردستان/ ڕاپەڕین
لیژنەی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی مەڵبەندی ڕاپەڕین، خولێکی حزبی بۆ ژمارەیەک کادری حزبی سنووری ڕاپەڕین دەکاتەوە، دەستپێکی خولەکەش بە پێشکەشکردنی بابەتێکی ھزریی و فەلسەفی لەلایەن سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کرایەوە.
لەو خولەدا کە ماوەی چوار ڕۆژ دەخایەنێت، تیایدا چەندین بابەتی ھزری و فەلسەفی پەیوەست بە ژیانی حزبی و ڕێکخستن شڕۆڤە و تاوتوێ دەکرێن.
خولەکە ڕۆژی دوو شەممە(١ی تەمووزی ٢٠٢٤) لەشاری ڕانیە، بە پێشکەشکردنی بابەتێک لە لایەن ھاوڕێ د.کاوە مەحموود، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان، لەژێر ناوی"شڕۆڤەی کۆمەڵێک چەمکی ھزریی گرنگ لە حزبی شیوعی کوردستاندا"، دەستی پێکرد.
ھاوڕێ "حوسێن ئاڵەیی" بەرپرسی لیژنەی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی مەڵبەندی ڕاپەڕینی حزبی شیوعی، سەبارەت بە کردنەوەی ئەم خولە بە "ڕێگای کوردستان"ی گوت"بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی و تێگەیشتوویی ئەندامانی ناو ڕێکخستنەکانی حزبی شیوعی لە سنووری دەڤەری ڕاپەڕین ئەم خولە حزبییەمان ڕێکخستووە، ئامانجمان پێگەیاندنی کادرێکی ھۆشیار، تێگەیشتوو و پێگەیشتووە لەناو ڕێزەکانی حزبدا بۆ خزمەتی حزب و گەل".
ئاڵەیی گوتیشی"حزبی شیوعی، بابەتی خۆڕۆشنبیرکردن و پەروەردەکردن وەکوو ئەرک تەماشا دەکات و بایەخی تایبەتی پێدەدات، ئەندامەکانیشی ھاندەدات خۆڕۆشنبیرکردن لە ئەولەویاتی کارەکانیاندا بێت".
وانەکانی ئەم خولە، لەلایەن کەسانی شارەزا و پسپۆڕەوە دەوترێنەوە و ھەروانەیەکیش نزیکەی شەش کاتژمێر دەخایەنێت.

