🔻پارتی:هەندێ لایەن هەیە بۆ بەشداری کردن لە حكومەتی ئایندە ئامادەییان هەیە.

🔻نەوەی نوێ : شاسوار عەبدولواحید لە زیندان هەر بڕیارێک بدات ئێمەش پابەند دەبین پێوەی.

🔻یەکێتی :لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان دەرگای گفتوگۆمان كراوەیە.

 

زیاتر لە ساڵێکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە بەڵام تا ئێستا پەرلەمان پەکخراوەو حکومەت پێکنەهاتووە. 

پشک و دابەشکردنی پۆستەکان هەردوو حزب ، پارتی و یەکێتی لەیەک دوورخستووەتەوە، یەکێتی بە پشکی خۆی ڕازی نییەو پارتیش هەوڵی دۆزینەوەی بەدیلی یەکێتی دەدات, بەڵام ئەمڕۆ جۆرێک لە نەرمی نواندن و گۆڕانکاری لە هەڵوێستی لایەنەکان بەدیدەکران .

بەپێی ووتەی بەرپرسانی پارتی ، لە ئێستادا لایەنی تر هەیە خواستی بەشداریکردنی لە حکومەت هەیە.

عەلی حسێن  بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجەی پارتی ڕایگەیاند، هەندێ لایەنی سیاسی هەیە بۆ بەشداری کردن لە حكومەتی ئایندە خواست و ئامادەییان هەیە.

ووتیشی: ئەگەر ناكۆكییەكان بە چارەسەر نەكراوی بمێننەوەو نەگەینە رێككەوتن،  جگە لە بیركردنەوە لە هەڵبژاردنێكی پەرلەمانی نوێ لە كوردستان؛ هیچ بژاردەیەكمان لەبەردەمدا نامێنێت.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 15 کورسی بەدەستهێنا چەند جارێک ڕەتیکردەوە بچێتە حکومەتێکەوە کە پارتی و یەکێتی تێدا بێت، بەڵام دوای دەستگیر کردنی سەرۆکی جوڵانەوەکە ئێستا جۆرێک لەگۆڕانکاری لە هەڵوێست و بۆچونیان هاتۆتە ئارەوە،هەر ئەمڕۆ فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند، تا ئێستا وەک جوڵانەوەی نەوەی نوێ، نە بڕیارمان داوە بەشداری لە کابینەی حکومەتی هەرێم بکەین، نە بڕیارمانداوە بەشداری نەکەین. بڕیاری بەشداریکردن لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان شاسوار عەبدولواحید لە زیندان یەکلایی دەکاتەوەو ئێمەش پابەند دەبین پێوەی.

هاوکات یەکێتیش لە ئێستادا داوای سازان دەکات و دەشڵێت ، بۆ دابەشکردنی پۆستەکان دەرگای گفتو گۆمان کراوەیە.

ئەمڕۆ كاروان گەزنەیی وتەبێژی یەكێتیی لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، یەكێتیی لە رەشنوسی كارنامەی حكومەت لەگەڵ پارتی پەشیمان نییە و چاوەڕوانین لایەنەكانی تر پەشیمان نەبنەوە.

ووتیشی: لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان دەرگای گفتوگۆمان كراوەیە بۆ ئەوەی بتوانین زوو دانوستانەكان دەست پێ بكەینەوەو حكومەتێكی سەرتاسەری لە هەرێمی كوردستان دروست بكەین، بۆ ئەمە پێویستمان بە سازان و هاوسەنگی و هاوبەشی هەیە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا