لە راگەیەنراوێكدا مامۆستایانی نارازی داواكاریەكانیان دەگەیەننە دادگای فیدراڵی و لە گۆڕەپانی تەحریریش خۆپیشاندان دەكەن، هەروا روونیان كردەوە كە رۆژی دووشەممە لە چەندین شارو شارۆچكە خۆپیشاندان دەكەن.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئاشکرایان کرد، ڕۆژی یەکشەممە لە دادگای باڵای فیدراڵی دەبن بۆ بەرگریکردن لە ژیان و گوزەرانی هەمووان و ڕزگارکردنی مووچەکانمان لە " دەستی چەتە و دزەکان."
لەو کۆنگرەیەدا ئاماژەیان بۆ ئەوەش کرد کە ڕۆژی دووشەممە لە شەقام دەبن و دەڵێن" ئەو ڕۆژە دەکەنە گەڕانەوەی شکۆ بۆ هەمووان و لووت شکاندنی دەسەڵاتداران".
ئەوەشیان بیری دەسەڵات هێنایەوە کە لە ١٣ شار و شارۆچکەی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندان بەردەوام دەبێت.
دوێنێ ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیاندا بڕیاریاندا ڕۆژی دووشەممە سەرجەم مامۆستایان پابەندی دەوامی فەرمی قوتابخانەکانیان بن و بایکۆت بشکێنن و لەو بارەیەوە راگەیاندنێکیان بڵاوکردەوەو داوایان لە مامۆستایان کرد بەگەڕێنەوە پۆلەکانی خوێندن.