لە راگەیەنراوێكی مامۆستایانی وانەبێژدا هاتووە خۆپیشاندانەكانمان دەبەینە بەغدا و بەردەوامیش دەبین لە بایكۆت، تا بەیەكجاری بەشێوەی فەرمی دادەمەزرێین.
رۆژی سێشەممە 21-11-2023، پشکۆ ئەحمەد، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری سلێمانی راگەیێندراوی (گشتی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی لە هەرێمی کوردستان) خوێندەوە و تێیدا هاتبوو، دوای کۆبوونەوەیان بۆ ماوەی سێ کاژێر گەیشتوون بە چەند خاڵێک، لەنێویدا بۆ داواکردنی مافەکانیان کە دامەزراندنیانە رووبکەنە بەغدا.
لە راگەیێندراوەکەدا مامۆستایانی وانەبێژ رایانگەیاند، "بەردەوام دەبین لە بایکۆت و خۆپێشاندانی مەدەنیانە تاوەکو جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان کە دامەزراندنە بەشێوەی هەمیشەیی".
لەو راگەیێندراوەدا وانەبێژان دەڵێن، "لە رۆژانی داهاتوودا، پاڵپشت بە مامۆستایانی دامەزراو، ئاڕاستەی خۆپێشاندانەکانمان بەرەو بەغدا دەگرینەبەر و لە هەرێمی کوردستانیش بەردەوام دەبین لە بایکۆت".