هاوڕێ کرێکار/ ڕێگای كوردستان
لەدوای ناڕەزایەتیەکی زۆر لەکارکردنی کانە بەردینەکانی دەربەندیخان، لەلایەن ڕێکخراو و چالاکوانای ژینگەوە، بەبڕیارێک کانەکان داخراون و کارکردن تێیاندا ڕاگیرا.
سەروەر قەرەداغی، بەرپرسی ڕێکخراوی سروشتی کورستان، بەڕێگای کوردستانی وت: لەدوای هەوڵ و فشار و هەڵمەتی فراوانی ڕێکخراوی سروشتی کوردستان و پارێزەرانی ژینگە و دڵسۆزان و خەمخۆرانی سروشتی جوانی دەربەندیخان و بە بڕیاری جێگرایەتی داواکاری گشتی دەربەندیخان، و بەفەرمانی بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، و لەلایەن مەفرەزەیەک لە بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی دەربەندیخان، سەرجەم کانەبەردەکانی شاخی گوڵان لە دەربەندیخان کە ژمارەیان (٥)کانە، بەکاتی داخران و کلیلی ئامێرەکانیان لێوەرگیرا.
وتیشی: چونکە بوبونە هۆکاری تێکدان و شێواندنی ژینگەی سروشتی شاخەکانی دەربەندیخان و لەدەرەوەی یاسا و ڕێنماییە ژینگەییەکان چەندین ساڵە کاریانکردووە.
هەروەها،وتیشی : پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دۆسیەکانیان ڕێکخراوە و ڕادەستی داواکاری گشتی دەکرێت بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی. ڕێکخراوی سروشتی کوردستان پاڵپشتی لەم بڕیارە دەکات و داوادەکەین داخستنی کانەکان کاتی نەبن و هەمیشەیی بن و بەپێی یاسای پاراستنی دارستان و یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و ڕێگە نەدرێت ژینگەی سروشتی جوانی دەربەندیخان لەوە زیاتر دەستدرێژی بکرێتە سەر و تێکبدرێت
لەکۆتایدا،وتی : لەم لایەنەشەوە ئەرکی سەرەکی قایمقامی قەزای دەربەندیخانە کە پابەندی یاسا کارپێکراوە ژینگەییەکانبێ و مۆڵەتەکانیان بۆ نوێنەکاتەوە و مۆڵەت بەهیچ کانێکی تری دەرهێنانی بەرد نەدات، تا ژینگەی شاخەکانی دەربەندیخان بەپارێزراوی بمێنێتەوە.