
شارەزایەكی كەشناسی پێشبینی دەكات بۆ ماوەی هەفتەیەك بارانێكی بەخوڕ روو لە عێراق و هەرێمی كوردستان بكات، ئەم كەشناسە پێشبینی لافاویشی كردوە.
ئاراس جەبار، بڵاویکردەوە'' شەپۆلەکە بەهێزی بارانبارین کە لەنزمەپاڵەپەستۆیەکی چالاکی دەریای ناوەراست و سوورەوە پێکدێت بەهاتنی شێداریەکی زۆر لە ناوچە کەمەرەییەکانەوە بۆ سەر ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کە پێشبینی دەکرێت لە ٨ی ١٢ دەستپێبکات و تا ١٥ی ١٢ واتا بەنزیکەی هەفتەیەک زیاتر کاریگەریەکانی بەردەوامی ئەبێت بە قۆناخی جیاجیا.''
ئاماژەی بەوەشکردوە، چاوەروانی بارانێکی زۆر باشی لێدەکرێت بۆ سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و تەنانەت زۆربەی ناوچەکانی عێراقیش لەو شەپۆلەدا بارانێکی زۆر بەخۆوە ئەبینن ، دابارینەکان زیاتر بە بارانی بەخوڕ و تەرزە ئەبن لەگەڵ چالاکبوونی هەورە بروسکەی توند و هەندێک کاتیش توندی ناجێگیریەکە کەمدەبێتەوە شێوازی دابارینەکە دەگۆرێت بۆ بارانی دێمی.
کەشناسەکەش دەڵێت'' بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەسەرجەم ئاستەکانی هەوا لە رووی زەوی و بەرگەهەوا ساڵ لەدوای ساڵ ئەو شێوازانەی باران کە بەتوندی ئەبارێن زیاتر ئەبێت جیاواز لەجاران کە بۆ چەندین رۆژ کەشوهەوای باراناوی هەبووە بەڵام بارانەکان لەسەرخۆبوون و دابەشبوون بەسەر کاتێکی زیاتردا ئێستا ماوەی رۆژەکانی باران کەمترن بەڵام بەماوەیەکی زۆر کورت بارانێکی زۆر ئەبارێت بۆیە لەم ساڵانەی دوایدا لە زۆربەی شەپۆلەکاندا لافاو دروستبووە وە ئەم شەپۆلەی داهاتووش بەدەر نابێت لەو مەترسیانەی کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە زیادبوون لە دروستبوونی لافاوی گەورە.''