سەروتاری رێگای كورستان

تا ئێستا پرسیارێكی زۆر و گرنگ سەبارەت بە 14ی تەمووزی ساڵی 1958 دەكرێت، كە سەرجەمیان بابەتی گرنگ و ئاڵۆزن لە بواری توێژینەوەی سیاسی و، بێگومان وەڵام و شیكردنەوەی هەمەجۆر و جیاواز بەرهەمدەهێنێت. بەشێك لە بابەتەكانی ئەو پرسیارانە لەو بازنەیەدایە، كە ئەو ڕووداوە شۆِڕش یان كۆدەتای سەربازی بوو؟

ئاراستەی بنیاتنانی دیموكراسی لە ئاكامی ئەو ڕووداوەدا بە چ ئاقارێكدا ڕۆیشت؟

جیاوازی و ناكۆكی و خاڵی هاوبەشی هاوپەیمانە سیاسییەكانی پێش و پاش 14ی تەمووز بە چ ئاراستەیكدا ڕۆیشت؟

لە ئاكامی شۆڕشی 14ی تەمووز  خاڵە ئەرێنییەكان و دەسكەوتەكان بۆ خەڵك چی بوو و، بابەتە نەرێنییەكان و ئەوەی كە خەلًك چاوەڕیی دەكرد و نەكرا چی بوو؟

ڕۆڵی هێزی دەرەكی و هەرێمایەتی لە دژایەتیكردنی شۆڕش و ئاراستەكەی لە چ ئەندازەیك بوو؟

ئاستی ئازادییەكان و هەنگاوانان بۆ چارسەركردنی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان لە چوارچێوەی چ ڕەوشێكی سیاسی ناوخۆیی و دەرەكی هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێت؟

شەڕی ریفۆرمی كشتوكاڵی و یاسای باری كەسێتی كە ئەمڕۆ پاشگەزبوونەوە لە ئاستیدا هەیە و، پاراستنی سامانی نەوت و كاركردن بۆ سەربەخۆیی سیاسی و ئابووری بە چ شێوەیك ئاراستەدەكرا و ئاكامەكەی بە چی گەیشت؟

ئایا شۆڕش توانی ئەو ئامانجەی، كە دەستنیشنیكردبوو جێبەجێی بكات؟

ئەمانە و دەیان پرسیاری دیكە هەیە، كە بەشێكیان پەیوەندی بە سیاسەتەكانی حزبی شیوعی سەبارەت بە مامەڵەكردن لەگەڵ ڕووداوە پێشهاتەكاندایە.

سەرجەم ئەم پرسیارانە بابەتی توێژینەوەن بۆ ئایندە، هەرچەندە سەبارەت بە بەشێكیان نووسین و بەرهەمی هەمەجۆری هەڵسەنگاندن و شیكردنەوە هەیە.

ئەوەی بە نیسبەت حزبی شیوعی كوردستانەوە گرنگە ئەوەیە، كە 14ی تەمووز لەوانەیە لە بواری توێژینەوەكانی زانستی سیاسی جموجۆڵی سوپا لەو ڕۆژەدا بە شێوەیكی شەكلی بە كۆدەتای سەربازی دابنرێت، بەڵام ئەو جموجۆڵە لە ئاكامی ڕاپەرینی جەماوەر و جۆر پشتگیریكردنی جەماوەر و ئەنجامدانی وەرچەرخانی چلۆنایەتی لە گۆڕینی سیستمی سیاسی لە پاشایەتییەكی وابەست بە كۆلۆنیالزمی بەریتانی بۆ سیستمێكی كۆماری و، دواتر سەرجەم هەنگاوەكانی گۆڕانكاری ئابووری و كۆمەلایەتی و دابینكردنی سەربەخۆیی سیاسیی دەوڵەت، ئاماژەیە بۆ شوناسی شۆڕش و دواخوازی گەل بە مەبەستی گۆڕانكاری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی.

لە بواری دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان دەسەڵاتدارانی نوێی دوای شۆڕشی 14ی تەمووز بۆ یەكەمین جار لە دەستووردا ئاماژەیان بۆ شەراكەتی عەرەب و كورد لە وڵاتدا كرد، بەڵام ئەم ئاراستەیە بە شێوەیكی كردەیی جێبەجێنەكرا، كە هاوكات بوو لەگەڵ نەگواستنەوە بۆ قۆناغی دیموكراسی لەسەر بنەمای هەڵبژاردن و دانانی پەرلەمان.

شۆڕشی چواردەی تەمووز وەك هەر ڕووداوێكی كۆمەڵگایی مێژوویی، شوناسی ناكۆك و ئەرێنی و نەرێنی بە خۆوە دەگرێت و، یەكێك لەو نەرێنیانە پەنابردنە بەر هێز و چەك و جموجۆڵی سەربازی بوو دژ بە گەلی كوردستان كە لەو كاتەدا واتە لە 1961 شیوعییەكان درووشمی ئاشتی لە كوردستاندایان بەرزكردەوە و، دەیان ئەندام و لایەنگرانی حزبیش لەسەر هەڵوێستەكانیان ئازار و زیاندانی كران.

ڕووداو دیاردە مێژووییەكان لە نێو كۆمەڵگا و لە سایەی ناكۆكی و ململانییەكاندا بەڕێوەدەچێت و، هەردەم دوو ڕووی جیاواز و ناكۆك لە خۆ دەگرێت و، هەردەم پێویستمان بە هەڵسەنگاندنی زانستی هوشیار و بێ هەڵوێستی سیاسی پێشوەختانە هەیە و، لەم ڕوانگەیەوە دەڕوانینە شۆڕشی 14ی تەمووزی 1958، كە تا ئێستا باسكردن و هەڵسەنگاندن و هەڵوێستوەرگرتن لێی بەشێكە لە ململانێی سیاسیی و، هەر بۆیە دەسەڵاتدارانی نوێی دەوڵەتی عێڕاق، كە بەشێكیان لە ڕوانگەی خولیای كۆنەپەرستیەوە خۆزگە بە حوكمی پاشایەتی و وابەستیی دەخوازن و، 14ی تەمووزیان بە ڕۆژی نیشتمانی دەوڵەت دانەنا.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە