سوبحی مەهدی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان: رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی بۆ دروستكردنی ئارامی سەقامگیری لە هەرێمدا هەنگاوێكی باش بوو، بەڵام لە پیادەكردندا دەركەوت تەنیا بۆ دابەشكردنی كێكی دەسەڵات بوو
سوبحی مەهدی ناسراو بە " هاوڕێ مەهدی" ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستانە و ، یەكێكە لە سیاسەتمەدارەكانی كوردستان و لە كۆڕو كۆبوونەوە و دیدار و چاوپێكەوتنەكانیدا بەشداری كارای هەیە و بەزمانێكی توندی چەپگەرانە داكۆكی لەمافی كرێكاران و خەڵكی چەوساوە دەكات و بانگێشە بۆ ئازادی و یەكسانی كۆمەڵایەتی دەكات، لە گفتوگۆی ئەمجارە " مامەڵەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڕووداوەكانی عێراق و ناوچەكە" لەڕوانگەی ئۆپۆزسیۆنەوە بە دیدێكی رەخنەگرانە بەمجۆرە بۆچوون و پێشنیارەكانی خۆی خستە روو.
سوپاسی بەشی رۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم كە بۆ ئەم گفتوگۆ گرنگە" مامەڵەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ رووداوەكانی عێراق و ناوچەكە" هەموومانی كۆكردتەوە.
لە دەستپێكدا دەمەوێت ئەوە بڵێم، لە ڕوانگەی ئۆپۆزسیون و بە دیدێكی رەخنەگرانە قسە لەسەر ئەم پرسە دەكەم و، پێموایە خوێندنەوەی رەخنەگرانەش دیوەكەی دیكەی باسەكە تەواو دەكات و هەردوو ڕووەكە پیشان دەدات.
ئەگەر هەڵسەنگاندێكی وورد بۆ مامەڵەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ رووداوەكانی عێراق و ناوچەكە بكەین، دەبێت ئەم هەڵسەنگاندنە بخرێتەوە ناو ئەو فاكتەرانەی كاریگەریان لەسەر ئاستی مامەڵەكە هەبووە وەك " هەڵكەوتەی جوگرافی هەرێم، پەیوەندی هێزە سیاسیەكان لەگەڵ یەكتری و پەیوەندیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم، پەیوەندی دەسەڵات لەگەڵ خەڵك"
هەر یەك لەو فاكتەرانەی ئاماژەم پێكردن لق و پۆپی زۆر لێدەبێتەوە، بەڵام من لەسەر چەند خاڵێك هەڵوەستە دەكەم:
• هەڵسوكەوتی جیاواز لە نێوان دوو دەوڵەت كە كێشەی ناوخۆیان نیە " عێراق و ئێران"
• هەڵسوكەوتی لەگەڵ هەموو دەوڵەتانی دراوسێ كە هەمان كێشەی ناوخۆیان كێشەی كوردە و بوونی هەیە، دەوڵەتەكانیشیان بەچاوی نەیار سەیرت بكەن كارێكی قورسە.
• كاتێك حكومەت لە هاوپەیمانیەكی كۆك و بەرنامەیەكی هاوبەش سیاسەت دادەڕێژێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ عێراق و ناوچەكە لەسەربنەمای گەل و خاكی كوردستان، جیاوازە كە حكومەت لەناو هاوپەیمانیەكی ناكۆك و ململانێی سەخت سیاسەت دادەرێژێت،هەمان ئامانجی نابێت و سەركەتوو نابێت.
• بێگومان جیاوازییەكی زۆر لە نێوان دەسەڵاتێكدا هەیە كە بەرنامەكەی بە ئاراستەی خزمەتی خەڵك و دابینكردنی خزمەتگوزاری و ژیانێكی ئاسوودە بێت، لەگەڵ دەسەڵاتێك كە مووچە بە موژدە رابگەیەنێت و كەموكورتی لە خزمەتگوزارییە سەرەكیەكانی وەك كارەبا و ئاو و تەندوستی و خوێندن هەبێت.
كاتێك ئەم باردۆخە هەمووی پێكەوە لەبەر چاو دەگرین و لەناو ئەم باردۆخە مامەڵە بكرێت بێگومان ئەركێكی قورس دەبێت.
هەردوو حزب كە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە ، هەر لەسەرەتای شەستەكانەوە بەبەردەوامی لە ململانێی و ناكۆكیی جۆرا وجۆردا بوون، لەسەردەمی شەڕی ئێران-عێراقدا، لەبری ئەوەی دژی شەڕ بن و بێ لایەن بن ، خۆیان كرد بەبەشێك لەو شەڕە، لەگەڵ ئەوەی رژێمی بەعس و سەدام حوسێن پێشتر بەرنامەی دانابوو كە ئەنفال و كیماباران و جینۆسایدی كوردستان بكات و تاوانێكە لە ئەستۆی سەدام و بەعسدایە ، بەڵام رژێمی بەعس ئەمەی كردە بیانوویەك بۆ ئەوەی دڕنداتەتر و بە ئاشكرا ئەو كارە بكات.
پاش ئەو هەموو كارەساتەی بەسەر كوردستان هات، ئینجا لەساڵی 1988 بەرەی كوردستانی راگەیەنرا و ، وەك خەڵكی سادەش پێیان دەگووتین " شەقی زەمانە ناچاری كردن یەكبگرن" ، بەڵام وێرای هەموو ئەمانەش دامەزراندنی بەرەی كوردستانی هەنگاوێكی نیشتمانی بوو، توانی هەموو هێز و تواناكان لەدەوری خۆی كۆبكاتەوە ، هەر بۆیە كاتێك لە ئاكامی هەڵە و سەركێشیەكانی سەدام بە داگیركردنی كوەێت روویدا و هەڵومەرجێكی نێودەوڵەتی لەبار هاتە پێشەوە و گەلی كوردستان توانی راپەرین بەرپا بكات، ئەوكات رۆڵی پێكەوە كاركردن و بەرەی كوردستانی بۆ هەموو لایەك بەدیار كەوت و، دەرفەتێك هاتە پێشەوە بۆ پێرەوكردنی دیموكراسی هەڵبژاردن بۆ دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەت ئەنجامدرا، بەڵام بەداخە لەم هەڵبژاردنە میژوویەشدا ساختەكاری حزبەكان رێگەی نەدا ئیرادەی گەلی كوردستان وەك خۆی بەرجەستە بێت، لەبری ئەوەی سیستمی 50 بە 50 هاتە ئاراوە كە لەو كاتەوە بۆتە ئەو قەیرانەی زیانێكی گەورەی بە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان گەیاندووە.
رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی بۆ دروستكردنی ئارامی سەقامگیری لە هەرێمدا هەنگاوێكی باش بوو، بەڵام لە پیادەكردندا دەركەوت تەنیا بۆ دابەشكردنی كێكی دەسەڵات بوو.
ئەم سیاسەتە هەڵەیە ئێستا ئاكامەكەی بەمجۆرەیە:
- حزبێك بەرەو بەشە چەوسێنراوەكەی رۆژهەڵات پەیوەندییەكانی پتەوتر دەكات، حزبێكی دیكە بەرەو بەشە چەوسێنراوەكەی باكور.
- لە قوڵایی خاكی كوردستاندا بە موشەك و درۆن لێمان دەدەن، كەسانی ئەمنی هەردوو جەمسەری دەر و دراوسێمان خەریكی كردەوەی سەربازین .
- هەر لایەك بە جیا دەچێتە بەغدا ، لەوێ بە كۆمەڵێك بەڵێن و رێككەوتنی خۆش و جوا دەگەرێتەوە، بەڵام زۆر ئەو بەڵێن و رێككەوتنانە هەفتەیەكی بڕ نەكردووە ئەگەر لەماوەی چەند كاتژمێریكدا لێی پاشگەزبوونەوە.زیاتر لە 50 ماددەی دەستوری و تەنانەت مووچەی ئاسایی خەڵك بە هەڵواسراوی لەگەڵ بەغدا ماوەتەوە.
- شێوازی مامەڵەی حزبەكاندا لەگەڵ بەرامبەرەكانیان هەست دەكرێت جۆرێك خۆ بەكەم زانین هەیە.
- نەبوونی دامەزراوەیەك بۆ هاریكاری حكومەت لەچارەسەركردنی كێشەكان، دامەزراوەیەك كە پشت ئەستوور بێت بە پسپۆر و پڕدەست بێت بە داتاو زانیاری.
- لەزۆر پرۆسەدا هاوپەیمانیمان لەگەڵ رۆژئاوادا كردووە، وەك " لەدووبارە بونیادنانەوەی عێراق لەدوای 2003، دواتر لەشەڕی دژی داعش ، هاوكاریكردنی سوپای عێراق لەشەڕی دژی داعش لە موسڵ و حەویجە" هەموو ئەمانە رێككەوتن كراوە، بەڵام رێككەوتنەكان دیكۆمێنتی ئیمزاكراوی نیە یان ئەگەر هەشبێت زۆر كەمە، بۆیە نەبوونی ئەم دیكۆمێتە دەبێتە هۆكاری نەتوانین لەبەردەم لایەنی سێهەم داكۆكی لەمافەكانی خۆمان بكەین.
- گومان خستنە سەرخاك و گۆرێنی ناونیشانی خاكی بە " كێشە لەسەر" لە چوارچێوەی ماددەی 140ی دەستووری عێراقدا.
- هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە سیمبولی فیداكاری بوون لەگەڵ و خاكی كوردستان، ئێستا بوونە هێزی حزبی و وەك هێزێكی نیشتمانی رێكنەخراون،ئەمە لەكاتێكدا هاوپەیمانان ئامادەباشیان لەم پرۆسەیە هاوكاری زۆر باشمان بكەن.
لە ئێستادا چی بكەین و هەنگاوەكانمان چی بن؟
لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا چەند پێشنیارێك دەخەمەڕوو.
1- بەدامەزراوەیی كردنی دامەزراوەكانی حكومەت و دیاریكردنی دەسەڵاتەكانیان بەپێی یاسا.
2- یەكخستنەوەی هەردوو ئیدارەی هەرێم، لەگەڵ بە رووكەش یەكخراونەتەوە بەڵام بە پراكتیكی هەردوو ئیدارەكە بوونی هەیە.
3- دامەزراندنی دەستەیەك بۆ هاریكاری حكومەت و رێكخستنی گفتوگۆكان ، گرنگە كار ئاسانیان بۆ بكرت لە رووی دابینكردنی زانیاری بەردەست و توانای كاركردنەوە.
4- یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە كە گەرەنتی سەلامەتی و مانەوەی قەوارەی سیاسیی هەرێم مسۆگەر دەكات.
5- لە پەیوەندییە دەرەكیەكاندا، لەكاتی كۆبوونەوە لەگەڵ ئەو شاندانەی دینە كوردستان و ئەوانەشی سەردانی وڵاتان دەكەن، پێداگیری لەسەر پشتیوانی سیاسی بۆ هەرێمی كوردستان بكەن، ئەوەی ئێستا هەیە تەنیا هاوكاری " ئابوری و مرۆیی"ن، وەك ئەوەی مامەڵە لەگەڵ كەمپێكی ئاوارەدا بكەن.
6- گرێدانی كۆنگرەیەكی نیشتمانی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان ، لەم كۆنگرەیەدا نوینەرانی سەرجەم توێژ و چینەكان و حزب و پێكهاتەكان بەشداربن بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارە بێ وەڵامەكان بدرێتەوە و پلان بۆ داهاتووی ئەم نیشتمانە دابڕێژرێت.
7- بایەخدان بە پشكی هەرێم لە پۆست و دامەزراوەكانی حكومەت و دەوڵەتی فیدرالی عێراق، زۆر گرنگە خەڵكانی بەتوانا و پسپۆر و بڕیار بەدەست بنێرینە ئەنجوومەنی نوێنەران ، وەزارەتەكانی حكومەتی فیدرالی ، بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە مامەڵە بكەن و خەم لە بەرژەوەندییەكان هەرێمی كوردستان بخۆن و داكۆكی لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن.
لە دماهیدا دەمەوێت بڵێم، لەم گفتوگۆیەدا كارەساتی خوشك و برا ئێزدییەكان زۆر بە باشی خرایە روو و هەورەها كەمتەرخەمی پەرلەمانی عێراق لە ئاستی ئەم كارەساتە گەورەیە خرانەڕوو ، بۆیە بەشێك لەو بەرێزانەی لەم گفتوگۆیە لەگەڵمان بەشدارن و خۆیان گوێبیستی ئەو كارەساتە گەورەیە بوون و بەشێكیشن لە دەسەڵات و پرۆسەی سیاسیی عێراق، جێگەی خۆیەتی كە گەرانەوە بۆ بەغدا هەڵوەستەی جدی لەسەر كارەساتی خوشك و برا ئیزدییەكان بكەن.
ئەوەی ماوەتەوە ئاماژەی پێبكەم ، كێشەكان چەند گەورە بن ، گفتوگۆ چارەسەریان دەكات، شەڕی گەورەی نێوان دەوڵەتان ، شەڕی پێكهاتەكانی ناو یەك دەوڵەت سەرەنجام چەند درێژەی كێشا بێت هەر لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر كراوەو هەر لەوێش چارەسەر دەبێت.
*لە گۆڤاری گوڵان وەرگیراوە