ڕاپۆرت: محەمەد چاوشین
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەشێک لە چین و توێژە جیاوازەکانی سنووری ڕاپەڕین، ھاوڕێ"عوسمان زیندانی"بەربژێری ژمارە(٢) لە لیستی ھاوپەیمانی ھەرێمی کوردستان ژمارە(١٣٣) بۆ سنووری بازنەی سلێمانی، کارنامە و بەرنامەی خۆی و لیستەکەی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، پەڕلەمانی داھاتووی کوردستان دەکەنە مەیەدانێک بۆ شەڕی یاسایی و داکۆکیکردن لە بەرژەوەندییەکانی خاک و خەڵک.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە ڕۆژی(٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٤)لەبارەگای مەڵبەندی ڕاپەڕینی حزبی شیوعی کوردستان بەڕێوەچوو، تیایدا ھاوڕێ عوسمان زیندانی، وێڕای ئەوەی کارنامە و بەرنامە و ھێڵە گشتییەکانی کارکردنی خۆی، بۆ چۆنییەتی کارکردن لە پەڕلەمانی داھاتووی کوردستاندا خستەڕوو، ھاوکات بە بایەخەوە لە خەباتی یاسایی پارڵەمانیی ڕووانیی و ڕایگەیاند" کاری پاڕلەمانی وەکوو ئەرکێکی تێکۆشەرانە تەماشا دەکەم بۆ خزمەتی خاک و خەڵک نەک بەرژەوەندی تایبەتی و تاکەکەسیی".
ھەر لە میانی قسەکانی خۆیدا، بەربژێری ژمارە(٢)لەناو لیستی"ھاوپەیمانیی ھەرێمی کوردستان" ژمارە (١٣٣)لە سنووری بازنەی سلێمانی، لەسەر مێژووی تێکۆشانی خەڵکی سنووری پشدەر و بیتوێن وەستا و ڕایگەیاند"دەڤەری ڕاپەڕین مێژوویەکی پڕ شکۆداری ھەیە لە خەبات و تێکۆشاندا، بۆیە پەڕلەمانی داھاتووی کوردستان، پێویستی بە کەسانی دڵسۆز و خەمخۆر و لێھاتوو ھەیە بۆئەوەی شکۆ و سەنگ و قورسایی ئەو دەڤەرە بپارێزێت".
ناوبراو ھەروەھا گوتیشی"ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەڕلەمانی کوردستان لەکاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە دۆخێکی ئاڵۆز و قەیراناوی سەرتاسەری ناوچەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە و کوردستانیش بەدەرنییە لە پڕیشکی ئەو قەیران و دۆخە ئاڵۆزە. دەبێ ھێزە سیاسییەکانی کوردستان بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخی پێشھاتوودا بکەن و سەربەخۆیی سیاسی خۆیان بپارێزن و چارەنووس و بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرن، نەک ببنە لایەنێک لە لایەنەکانی وڵاتانی ھەرێمایەتی".
"عوسمان زیندانی"بەربژێری ژمارە(٢) لە لیستی ھاوپەیمانی ھەرێمی کوردستان ژمارە(١٣٣) ئەوەشی ڕوون کردەوە"حزبە حوکمڕانەکان لەھەموو ڕوویەکی سیاسەتی ئابووریی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان شکستی ھێناوە، ھیچ بەرنامەیەکیان نییە و نەبووە بۆ کشتوکاڵ و پەروەردە و تەندرووستی و ئاوەدانکردنەوە. تەنانەت مووچەی خەڵکیش نادەن و دەستیان بەسەردا گرتووە، کەرتە خزمەتگوزارییەکانیان ھەڕاج کردووە و کردوویانەتە کەرتی تایبەت، باج و ڕسوومات چەند ھێندە زیادی کردووە، ژیانی خەڵک ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێت، ئیتر کاتی ئەوە ھاتووە ئەو شێوازە لە ئیدارەدان و حوکمڕانێتییە بگۆڕدرێت".
ناوبراو لەبەشێکی دیکەی قسەکانی خۆیدا، لەسەر ئەرکەکانی پاڕلەمانتاریی وەستا و ڕوونی کردەوە"خەباتی پاڕلەمانیی، تەواوکەری خەباتی سەرشەقام و جەماوەرییە. کە لە پاڕلەمانیش بین، دەستەبەرداری شێوازەکانی دیکەی خەباتی جەماوەریی نابین. لە پاڕلەمان بە یاسا و لە شەقامیشدا بە خەباتی جەماوەریی شەڕی بەرژەوەندییەکانی خاک و خەڵک دەکەین".
"عوسمان زیندانی" لەسەر بابەتی ئەوەی کە ھەندێک ھەوڵ بۆ ساردکردنەوەی جەماوەری دەنگدەر ھەیە و دەنگۆی ئەوە بڵاودەکەنەوە کە خەڵک بچێت و نەچێت بۆ دەنگدان ھیچ لە دۆخی خەڵک ناگۆڕدرێت، بەتوندی ئەوەی ڕەد کردەوە و داوای لە خەڵک کرد پێویستە بچێتە دەنگدان و دەنگ بدات، بەڵام دەبێ ھۆشیار بێت، ئەوەی پێشتر تاقیکراونەتەوە، نابێ تاقی بکرێتەوە، چونکە پەرێزیان دیارە چ نەھامەتییەکان تووشی ئەو خەڵکە کردووە".
"زۆربەی زۆری لیستەکانی بەشدار بۆ ھەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی داھاتووی پاڕلەمانی کوردستان، ھیچ پڕۆژە و بەرنامەیەکی کاریگەر و کورت مەودا و درێژ مەودایان نییە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکانی ئێستا، ھەموویان تەنھا جنێوو دەبەخشنەوە نەک نەخشەڕێگای دەربازبوون لە قەیرانەکان.پێشتر ھێندە درۆیان لەگەڵ خەڵک کردووە، ئێستا لەڕوویان نایەت ھیچ بڵێن، تەنھا جنێوو بەیەکتر دەڵێن". "عوسمان زیندانی"بەربژێری ژمارە(٢) لە لیستی ھاوپەیمانی ھەرێمی کوردستان ژمارە(١٣٣) وایگووت.
ناوبراو لە دوابەشی قسەکانی خۆیدا گوتی"دەسەڵات و حزبە حوکمڕانەکانی ھەرێم، لەھەموو مەیدانێکەوە دەست بۆ گیرفانی خەڵک و قووتی خەڵک دەبەن، ئێمەش ھەموو مەیدانێکیان لێ دەگرین، ھەموو شێوازەکانی تێکۆشان دەگرینەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان. بۆ تێکۆشان مەیدانەکە بەرفراوانە، ھیچ شێوە تێکۆشانێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی نادادیی و نایەکسانی فەرامۆش ناکەین، خەباتی یاسایی پاڕلەمان و خەباتی سەرشەقام و جەماوەریی پێکەوە گرێدەدەین لەپێناوی خاک و خەڵکدا".
دوای تەواوبوونی قسەکانی "عوسمان زیندانی"بەربژێری ژمارە(٢) لە لیستی ھاوپەیمانی ھەرێمی کوردستان ژمارە(١٣٣)، بەشداربووانی کۆبوونەکە کە بەشێک لە کادر و ئەندامانی ڕێکخستنی حزبی شیوعی لە سنووری پشدەر و بیتوێن، ھەروەھا چەندین کەسایەتی دیار لە چین و توێژە جیاوازەکانی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕینی لەخۆ گرتبوو، پاڵپشتی و پشتیوانیی خۆیان بۆ ناوبراو لە ڕۆژی دەنگداندا بۆ ناوبراو دووپات کردەوە.
"عوسمان زیندانی" بەربژێری ژمارە(٢)یە لەناو لیستی"ھاوپەیمانیی ھەرێمی کوردستان"ژمارە(١٣٣)بۆ ھەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەڕلەمانی کوردستان کە وابڕیارە ڕۆژی ٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤، لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستاندا بەڕێوە بچێت.