وتاری هاوڕێ كاوە مەحموود سكرتێری حزب لە كۆنفرانسی كاری جەماوەری

بەرەو سیاسەتی نوێبوونەوە و كرانەوە لە كاری جەماوەریدا

پێشەكی جەخت لەسەر دوو چەمكی گرنگ لە دروشمی ئەم كۆنفرانسە دەكەم، كە ئاماژە بە نوێبوونەوە و كرانەوە دەكات. ئەم دوو بابەتە، كە گرێدراوە بە یەكتر ڕەنگدانەوەی پێداویستییەكی بابەتییە بۆ پێداچوونەوەی بەردەوامی سیاسەتمان لە بواری كاری جەماوەریدا. هۆكاری پێداچوونەوە لەوەدایە، كە كۆمەڵگا هەردەم لە بواری ریزبەندی چینایەتی نوێدان و، شوناسی ناكۆكی و ململانییەكانی جیهان لە گۆڕانكاریدا و، كوردستان و عێڕاق و ناوچەكەش لە دەرەوەی مێژوودا نین و بەشێكن لە جیهان و ئەو گۆڕانكارییە دەیانگرێتەوە. گۆڕانكاری لە ڕەوشی گشتی هەردەم پێویستی بە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن و دانانی سیاسەتی و میكانیزمی نوێ هەیە. خوێندنەوەی نوێ و كاراكردنی تێكۆشانی جەماوەری هەردەم پێویستی بە كرانەوە و تەیاركردنی سەرجەم ئەو هێز و چین و توێژە كۆمەڵایەتییانە هەیە، كە بەرژەوەندییان لە گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی هەیە.

بەم شێوەیە هاوكێشەی حزبمان لە تێڕوانینی بۆ كاری جەماوەری بریتییە لەوەی كاری جەماوەری بابەتێكی هزرییە و سیاسییە و، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە پرۆسەی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتییەوە هەیە و، تێڕوانینی ماركسییانە بۆ گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی، كە بە نیسبەت حزبمانەوە، خۆی لە ئەركی نیشتمانی كوردستانی و چینایەتی و داكۆكی لە ئازادییە گشتییەكان و مافی ژنان و كاركردن بۆ نەریتەكانی مۆدێرنە و عەقلانیزم و ڕۆشنفیكری دەگرێتەوە، بناغەی سیاسەتی حزبە بۆ كاری جەماوەری و، بەو مانایەی كاری جەماوەری حزب بابەتێكی هزرییە پێش ئەوەی میكانیزم و ئامراز و شێوازی كاری كردەیی بێت.

ئەم شوناسە هزرییە بۆ كرۆكی كاری جەماوەری و سیاسەتی حزبمان لەم بوارە و لە چوارچێوەی قۆناغی ئێستای تێكۆشاندا، مۆركی سیاسەتی كاری جەماوەری حزبمان دەخاتە ڕوو، كە بریتییە لە تێكۆشانێكی چینایەتی بە شێوازی دیموكراتی مەدەنی ئاشتییانە و، لەسەر ئەم بنەمایەش میكانیزمەكانی كاری جەماوەری حزبمان پەیڕەو دەكرێت.

چینایەتی بوونی میكانیزمەكانی كاری جەماوەری پەیوەندی بە چینایەتی بوونی شەقامی سیاسییەوە هەیە. زۆرجار لە گفتوگۆكاندا باس لەوە دەكرێت كە: "شەقام وای دەوێت".  پێوەری سەرەكی حزبمان بە پشتبەستن بە ماركسیزم ئەوەیە، كە شەقام گۆڕەپانێكی كۆمەڵایەتی چینایەتییە، واتە سەرجەم ئەو چین و توێژانەی كە لەناو كۆمەڵگا هەن، بیرو بۆچوونەكانیان و، ململانێیەكانیان لەناو شەقامدا ئەنجام دەدەن. لێرەدا گرنگە، ئێمە وەك حزب لەناو شەقامدا درووشم و بیر و بۆچونەكانمان چییە و بە چ شێوەیەك كار لە ئاراستە جیاواز و ناكۆكەكانی نێو شەقام دەكەین؟

 بنەمای سەرەكی و دروشمی سەرەكی حزبمان بەپشت بەستن بە ماركسییەت لەبواری مامەڵەكردن لەگەڵ شەقامدا، ئەوەیە نابێت شیوعییەكان دوای جادە بكەون و پاشكۆی شەقام بن، ئەبێت جادە دوای شیوعییەكان كەوێت، واتا هاوكێشەی مامەڵەكردن لە گەڵ جادەدا ئەویە، كار بكەین شەقام دوای دروشمەكانی حزب بكەوێت، نەك جادە چ تەپڵێكی لێدا، ئێمە لەسەر ئەو ریتمە هەڵپەڕكێ بكەین. جادە دەستەواژەیەكی چینایەتییە و گرنگە ئەوە بزانین، كە جادە و وەزعی كۆمەڵایەتی و ڕەوشی چینایەتی لە حاڵەتێكی چەق بەستودا نییە و، بەردەوام لە گۆڕانكاریدایە. واتە بەردەوام ریزبەندی چینایەتی، نەك تەنها لە كۆمەڵگای ئێمە، بەڵكو لە هەموو جیهاندا لە گۆڕانكاریدایە.

كۆمەڵگەی كوردستان شوێنێكی دابڕوا نییە لەدەروەی میًژوو، واتە تێكڕای ئەو یاسا گشتییانەی پەرەسەندن وگۆڕانكاری مێژووی مرۆڤایەتی، كە حزبمان باوڕی پێیەتی و بنچینەی هزری ئێمەیە، دەبێـت لەو بوارەی ئیشی تێدا دەكەین، كە باسەكەمان كاری جەماوەرییە، رەنگ بداتەوە. 

ئەمە وامان لێدەكات بەبەردەوامی خوێندنەوامان هەبێت و بزانین كۆمەڵگای ئێمە بەرەو كوێ دەڕوات و، ئەو ریزبەندییەی لە بواری چینایەتی و توێژی كۆمەڵایەتی ڕوودەدات بەرەو كوێ دەڕوات. 

ئەوەی ڕچاو دەكرێت نەك تەنیا لە كۆمەڵگای ئێمە، بەڵكو لە هەموو جیهاندا لە سایەی تاكە جەمسەری و لە چوارچێوی سیاسەتەكانی بەتایبەتكردنی ڕەها و هەژموونی نیولیبرالیزم، لە جیهاندا دیاردەی بوونی توێژی پەراوێزخراو دروست بووە، كە بە دەستەواژەی سیاسیی هاوچەرخ پێێ‌ دەڵێن (پریكاریا)، واتە ئەوانەی لە پەراوێزدا دەژین. ئەم دیاردەیە لە كۆمەڵگا سەرمایەدارییە سەنتڕاڵەكاندا هەیە، هەروەكو نمونە یەلەك زەردەكان لە فەرنسا. 

دیاردەی (پریكاریا) پەراوێزخستن لە كوردستان و عێڕاقدا بوونی هەیە. لە خۆپیشاندانەكانی تشرین لە بەغدا كۆمەڵێك داواكاری سیاسی و ئابووری و چینایەتی ڕەوا خرایە ڕوو، بەڵام بە هۆی زاڵبوونی شوناسی پەراوێزخراوان و بۆچونەكانیان لەسەر ئەو خۆپیشاندانانە، درووشم و داواكارییەكان لە بەرژەوەندی پرۆسەی گۆڕانكاری پێویستی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئەو كاتە نەبوو.

 بۆ نموونە لە جیاتی ئەوەی خۆپیشاندەران داوابكەن گەندەڵكارانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دادگایی بكرێن، داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكانیان كرد، كە لە ناوەڕۆكدا بوونیان شێوازیكە لە لامەركزی ئیداری و، هەروەها لە جیاتی یاسایەكی باشتر بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق، لە ئاكامی فشاری ئەوان یاسایەكی خراپتریان هێنایە كار. 

دیاردەی پەراوێزخستن لە كوردستان هەیە و، هەموو ساڵێك زانكۆكان و خوێندنگاكانی كوردستان بە هەزارن كەس دەخاتە نێوبازاڕەوە، بێ ئەوەی فرسەتی كاریان بۆ درووست بكات.

ئەم هەموو لاوانە ناوەندێكی پەڕوێزخراو پێك دەهێنن و، خاوەن بڕوانامەن و بیكارن و، ئەم ناوەندەش شوناسیكی سیاسی و كۆمەڵایەتی وكەلتووری وەردەگرێت و، لە ڕەفتاری ڕۆژانەیان و لە تێڕوانینیان بۆ سیاسەت و مەسەلەی نیشتمانی و دەسەڵات و چالاكی ئابووری ڕەنگدەداتەوە.

گرنگە لەم بوارەدا درووشمی سەرەكیمان ڕێكخستنی میكانیزمەكانی بازاڕ بێت كە خزمەتی هێزی كار و پەراویزخراوەكان بكات، نەك ڕێكخستنی هێزی مرۆیی و هیزی كار بۆ خزمەتكردنی میكانیزمەكانی بازاڕ وەك ئەوەی حكومەت دەیكات. 

لە هەمان كاتدا پرسیار ئەوەیە ئایا هەلًَوێست و گوتار و ئامرازی ئێمە بۆ رێكخستنی ئەوانەی پەراوێزخراون، كە دیاردەیەكی چینایەتی كۆمەڵگاییە و لەوانیە لەناو خێزانی هەمووماندا هەبێت، چییە؟

چۆن دەتوانین پێگەی ڕێكخراوەیی لەو ناوەندە بۆ داكۆكیكردن لە بەرژەوەندییەكانیان درووست بكەین؟ 

چۆن دەتوانین ڕووبەڕووی گوتاری پۆپۆلیزم ببینەوە كە هەژمون و كارتێكردنی لەسەر ناوەندی پەراوێزخراوەكاندا و سەرجەم ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكاندا هەیەو، پێشتریش ئەم گوتارە بۆ بە هۆی لەبارچوونی بزافی جەماوەری لە 17ی شوباتی 2010؟

شوناسی چینایەتیبوونی گوتارمان بواری بابەتی نیشتمانی كوردستانی و ئەركەكانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان و بواری ناكۆكییە ئابووری و كۆمەڵایەتی و كلتورییەكان دەگرێتەوە، كە پێویستە لە بوارە جیاجیاكاندا چارەسەر و بەرنامەی ئەلتارناتیفمان هەبێت.

مەبەست لە بابەتی چینایەتی خوێندنەوەی وەزعی چین و توێژە كۆمەڵایەتییەكان و هۆكاری كارتێكردنە سەر هەڵوێستیانە و، بە وابەستی ئەم بۆچونەوە، ئاماژە بە مەترسییەكانی گوتاری پۆپۆلیستی دەكەین، كە زۆر بە ئاسانی پشت بە وروژاندنی بێ بەرنامەیی دەبەستێت و، زۆر بە ئاسانی لە توانای ئۆپۆزیسۆنی ڕاستڕەو و دەسەڵاتە بۆ بەكارهێنانی لە ئاراستەیان بۆ چەواشەكردنی هۆشمەندی جەماوەر و بەفیرۆدانی جموجۆڵیان بۆ گۆڕانكاریكردن لە ڕەوش و گوزەرانی ژیانیان.

ناوەڕۆكی درووشمە پۆپۆلیستەكان شوناسی چینایەتی نییە، بەڵكو شوناسی شێواندنی هۆشمەندی چینایەتی هەیە.

 سیاسەتی كاری جەماوەری حزبمان وەك ئاراستەیەكی چینایەتی، وابەستە بە پرۆسەی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی لە پێناوی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و یەكسانیخوازی و مافی مرۆڤ و مافی ژنان و یەكسانی جەندەری و مافی خوێنكاران و لاوان و جوتیاران و كرێكاران و ڕەنجدەرانی بیروبازو و، پێشمەرگە و خانەنشین.. هتد. بۆچونەكانی حزبمان سەبارەت بە مافەكانی تێكڕای ئەو ئاراستانەی باسمان كردن لە ڕاپۆرتی سیاسی كۆنگرە و بەرنامەی حزبدا هاتووە و، بۆیە ڕاپۆرتی سیاسی كۆنگرە و بەرنامەی حزب بنەمای ئاراستەكانی حزبە لە كاری جەماوەریدا.

 لێرەدا ئەو پرسیارەی لە ناوخۆی حزب ڕووبەڕوومان دەبێتەوە ئەوەیە، كە لە نێو حزبدا جێبەجێكردنی ئەو سیاسەتە ئەركی كێیە؟

 كاری جەماوەری كاری سەرجەم ڕێكخراوەكانی حزبە و ئەركێك نییە، كە تەنیا لە بازنەی تایبەتمەندی كاری جەماوەری و هەندێ رێكخراودا بێت، كە شیوعییەكان لە نێو حزبدا یان لە ڕێكخراوە پیشەیی و سەندیكاكاندا كاری تێدا بكەن.

ڕێكخراوی حزبی بە ئاستی جۆراجۆرە، واتە لە تێكڕای كۆمیتەكانەوە تا دەگاتە سەركردایەتی حزب، بەشێك لە ئەركەكانیان كاری جەماوەرییە. كۆبونەوە حزبییەكان شوێنی دانانی پلان و جموجۆڵی كاری جەماوەرییە، كە لە نێو ناوەندەكانی خەڵكدا ئەنجام دەدریت. 

كاری جەماوەری ئەركی هەر ئەندامێكی حزبە و لە نێو جەماوەردا ساز دەكرێت و، بۆیە كرانەوە بە ڕووی جەماوەر و فێربوونی وانەی شۆڕشگیری لێیان و ئاراستەكردنیان بە ئەزموونی حزب و بەرنامە و گوتارەكانی، پێداویستی چەمكی كرانەوە لە سیاسەتی كاری جەماوەری دەخوازێت. لێرەشدا كرانەوە مانای كاركردنە لەگەڵ جەماوەر و فێربوون لێیان و كارتێكردنە سەر ئاراستەكانیان، دەگرێتەوە.

كاری جەماوەری گۆڕەپانێكی گەورەی ئامادەكردنی جەماوەرە بۆ داكۆكی لە بەرژەوەندیەكانی خۆی و، لەم ڕوانگەیەوە  بەردەوام دەڵێن: پێویستە داكۆكیكردن لە مەسەلەی نیشتمانی كوردستانی لە بازنەی حزبی سیاسیدا نەمێنێتەوە و، خودی جەماوەر خاوەنی مەسەلەی نیشتمانی بێت و، بە هەمان شێوە جەماوەر داكۆكی لە بەرژەوەندی چینایەتی و كۆمەڵایەتی خۆی بكات و، بەم پێیەش خوێدنكاران و لاوان و ئافرەتان و چین و توێژە كۆمەڵایەتییەكان داكۆكی لە مافەكانی خۆیان بكەن.

ئەم كۆنفرانسەی كاری جەماوەری حزب، كۆنفرانسی ئەو ڕیكخراوە پیشەیی و سەندیكایی و سەنتەر و ڕێكخراوە مەدەنییانە نییە، كە شیوعییەكان كاری تێدا دەكەن، بەڵكو كۆنفرانسێكە تایبەتمەندی كاری جەماوەری بۆ هەموو حزب بە سەرجەم دەستە و كۆمیتەكانی رێكیخستووە، بە مەبەستی دانانی سیاسەتی گونجاو بۆ ئاراستەكردنی ئەندامی حزب، بەتایبەتی ئەو هاورێیانەی، كە لە سەندیكا و ڕێكخراوە پیشەیی و مەدەنییەكان كار دەكەن و، ئەركی حزب ئاراستەكردن و سەركردایەتیكردنی ڕێكخراوە پیشەیی و مەدەنییەكان نییە.

لەم ڕوانگەیەوە حزب بەرپرسە بەرامبەر ئەندامی حزب، كە بانگەشە بۆ سیاسەت و گوتاری حزب لەو ریكخراوانەدا بكات و، لە هەمان كاتدا دەبێ سەربەخۆیی ئەو ڕێكخراوە پیشەیی و مەدەنیانەی، كە شیوعییەكان كاری تێدا دەكەن و بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆیی خۆیان هەیە و مۆڵەتی كاركردنیان وەرگرتووە وەك یەكێتی گشتی قوتابیان و لاوان و كۆمەڵەی ئافرەتان بپارێزێت، چونكە ئەو ڕێكخراوانە مەدەنی و سەربەخۆن و حزبی نین. حزبی شیوعی بەرامبەر ئەو ڕێكخراوانە كە بە نموونە باسم كردن بەرپرس نییە، بەڵكو بەرپرسە بەرامبەر هەڵوێست و ڕەفتاری ئەو شیوعییانەی، كە لەو ڕێكخراوانەدا كار دەكەن و، تایبەتمەندی كاری جەماوەری و ڕێكخراوە حزبییەكانمان ئاراستەی ئەندامانی حزب لەو ڕیكخراوانەدا دەكەن.

چەمكی نوێبوونەوە و كرانەوە لە كاری جەماوەردا وا دەخوازی كار بۆ ڕێكخستنی كارەكانمان لە بواری كاری پیشەیی دیكەدا ئەنجام بدەین و شێوازی ڕێكخستنی گونجاو بدۆزینەوە، وەك بواری پارێزەران و مافپەروەران و ئەندازیاران و پزیشكان و مامۆستایان و بوارە سەندیكاكانی دیكە، بە جۆرێك هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانە بۆ كار و هەڵوێَست و بڕیارەكانی پێشووترمان بكەین و، بە پێی گۆڕانكارییەكان هەڵوێستی نوێ وەرگرین و، سیاسەتی نەرم و كرانەوە و كۆكردنەوەی هێز و هەڵگری پرۆژەی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی كۆبكەینەوە.  

بەشێكی گرنگی نوێبوونە و كرانەوە بابەتی چۆنێتی كاركردنی هێزە چەپ و پێشكەوتنخوازەكانی كوردستانە لە بواری كاری جەماەری و ڕێكخراوە پیشەیی و سەندیكا و مەدەنییەكاندا.

 بە پێی ئاراستەی شەشەمین و حەوتەمین گۆنگرەی حزبی شیوعی كوردستان كاری هاوبەشی چەپ یەكێكە لە بنەما سەرەكییەكانی سیاسەت و بڕیارەكانی هەردوو كۆنگرەیە، بۆیە گرنگە جەخت لەسەر كاری هاوبەشی حزب و لایەن و كەسایەتی چەپ لە سەرجەم بوارەكانی كاری جەماوەری و لە بواری ڕێكخراوە پیشەییەكان و سەندیكاكان و سەنتەر و ڕێكخراوە مەدەنییەكان بكەینەوە.

بەربەستییەكانی چالاكی جەماوەری پەیوەندی بە تێڕوانین بۆ چۆنێتی بەكارهێنان و بەگەرخستنەوەی وزەكانمان هەیە، كە ئەمەش وابەستە بە تێگەیشتنی هزریمان بۆ سیاسەتی حزب و چۆنێتی پەیڕەوكردنی وئاگاداربوونەوە لە كێشە و گرفتەكان جەماوەر لە گەڕەك و شوێنی كاركردن، و ئامادەكردنی خەڵك بۆ داكۆكیكردن لەو مافەكانیان، بەتایبەتی ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە ژیانی ڕۆژانە و گوزەرانیان هەیە و، لەم بوارەشدا گرنگە هاوڕێیانمان جەخت لەسەر داواكاری جەماوەر لە بواری ئاو و كارەبا و خزمەتگوزاری تەندروستی و زیادنەكردنی باج بكەنەوە.

یەكێك لە گرفتەكانی دیكەی كاری جەماوەری نێو حزب پەیوەندی بە تێگەیشتنمانە لە بواری ئەركی تایبەتمەندییە حزبییەكان و تەماشاكردنی ئەرك و چالاكی بوارێك بە دابڕان لە بوارێكی دیكەی كاری حزبی. لێرەدا جەخت دەكەینەوە، كە ئەركی كاری جەماوەری و تایبەتمەندییەكەی لە ئەركی تایبەتمەندی ڕێكخستن یان كاری هزری یان هەر تایبەتمەندییەكی دیكە كەمتر نییە و جیاناكرێتەوە و، تێكڕای ئەم بوارانە بە كۆمەڵ ئەركی گشتی و بەیكگرێدراوی حزب پێكدەهێنن. 

ئەم خاڵانەی لە سەرەوە باسم كردن ڕِیگای نوێبوونەوە و كرانەوەیە. نوێبونەوە بە مانای قورتاربوون لە چەمكە سواوەكان و، بە مانای هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانە و داهێنان لە بواری هزر و بیركردنەوە و دۆزینەوەی شێواز و میكانیزمی نوێ بۆ كاركردن لە ناوەندی جەماوەر و داكۆكیكردن لێیان و وەرگرتنی متمانەیان. 

 

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

     

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە