لەماوەی هەفتەیەكدا دەیان هێرش كراوەتە سەر دامەزراوە خزمەتگوزاری و مەدەنییەكان
رێگای كوردستان
لە ماوەی تەنیا ٤ رۆژدا دەوڵەتی توركیا زیاتر لە 100 هێرشی كردووەتە سەر رۆژئاوای كوردستان و بەهۆیەوە ١٧ هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و ٥٩ كەسی دیكەش برینداربوون، هاوكات بەهۆی هێرشەكانەوە بۆ سەر ژێرخانی ئابووری، دەیان دامەزراوەی خزمەتگوزاری لە كاركەوتوون. سەركردەیەك لە رۆژئاوا ئەم هێرشانە بە كۆمەڵكوژی ناودەبات و فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكراتیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە پلانی توركیا لەناوبردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییە لە رۆژاوای كوردستاندا.
رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو، پارتی كرێكارانی كوردستان هێرشێكی چەكداری كردە سەر دامەزراوەی پیشەسازیی فڕۆكەوانی و بۆشایی ئاسمانی توركیا لە ئەنقەرە و لەكۆتایی هەمان هەفتەدا دەوڵەتی توركیا ئۆپەراسیۆنێكی نوێی فراوانی بۆ سەر رۆژئاوا و هەرێمی كوردستان دەستپێكرد.
ئەم ئۆپەڕاسیۆنە چڕەی توركیا كە لەرێگەی دەیان درۆن و فڕۆكەی جەنگییەوە دەستیپێكردووە و چەندین ناوچە لە رۆژئاوا و باشووری كوردستان كراونەتە ئامانج لەكاتێكدایە كە بەڕێوەبەرانی خۆسەری لە رۆژئاوا بێبەریبوونی خۆیان لەو هێرشەی پەكەكە راگەیاندووە و وەك مەزڵوم عەبدی دەڵێت: “هیچ پەیوەندییەكمان بە هێرشەكەی ئەنقەرەوە نییە و هیچ كەسێك لەسنووری ئەوانەوە نەچووەتە توركیا و ئێمە هیچ ئۆپەراسیۆنێكمان لەناوخۆی توركیا و باكووری كوردستان ئەنجامنەداوە و نایدەین".
بەگوێرەی ئامارێكی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لەماوەی چوار رۆژی هێرشەكەدا كە كراوەتە سەر ژێرخانی رۆژئاوای كوردستان، دەیان دامەزراوەی خزمەتگوزاری لەكاركەوتوون و ١٧ هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و ٥٩ كەسی دیكەش برینداربوون."فڕۆكەكانی توركیا (١٠٠) گورزی ئاسمانییان بۆ سەر (٣٧) دامەزراوەی خزمەتگوزاری ، لەناوچەكانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، لە رۆژئاوای كوردستان ئەنجامداوە، كە (٨٤)یان بە فرۆكەی بێفڕۆكەوان بووە، لەگەڵ (١٨) هێرشی تر كە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ئەنجامیانداوە، وێڕای ئەو بۆردومانە زەمینییەی كەچەندین ناوچەی گرتووەتەوە ". بەگوێرەی راپۆرتی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ هێرشەكانی توركیا بەزۆری كراونەتە سەر دامەزراوە مەدەنییەكانی وەكو وێستگەكانی ئاو و غاز و كارەبا و فڕەنەكان و سایلۆكانی دانەوێڵە و نەخۆشخانەكان. بەگوێرەی ئاماری رونگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بەهۆی هێرشەكانی كۆتایی هەفتەی رابردووی توركیاوە بۆسەر رۆژئاوای كوردستان، زیانێكی زۆر بە ژێرخانی ناوچەكانی خۆبەڕێوەبەری كەوتووە و بەهۆیانەوە ٣٠ دامەزراوە پەكیانكەوتووە لەناویاندا وێستگەی نەوت و غاز و كارەبا.
هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا لەماوەی 3 رۆژی سەرەتای ئەم هەفتەیەشدا بەردەوامییان هەبووە و ئەنجوومەنی جێبەجێكاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە بەیاننامەیەكدا كە لەبەردەم بینای ئەنجومەن لە ڕەققە بڵاویانكردەوە ئاشكرایان كرد كە ژێرخان و ناوچە نیشتەجێبووەكانی جەزیرە، كۆبانی، منبج، تەل تەمر، و عەین عیسا كراونەتە ئامانج.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هۆشداریدەدات لەوەی كە بەردەوامیی هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا ببێتە هۆی دروستكردنی دۆخێكی كارەساتبار و مرۆیی و ئابووری و دروستكردنی بەربەست لەبەردەم هەوڵەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. ئەنجوومەنەكە ئەم هێرشانە بە مەترسیدار بۆسەر ژیانی پێنج ملیۆن خەڵكی ڕەسەن و ئاوارە لە ناوچەكانی ئیدارەی خۆسەر ناو دەبات.
غەریب حەسۆ هاوسەرۆكی پارتی یەكێتیی دیموكرات پەیەدە باس لەوە دەكات كە دەوڵەتی توركیا بە كوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنی و هێرشكردنە سەر دامەزراوە خزمەتگوزارییەكان تاوانی جەنگ ئەنجامدەدەات و جەختدەكاتەوە كە هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان ئەنجامدانی جینۆسایدە.
لەلایەكی دیكەوە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات، رەتیدەكاتەوە كە ئەوان هیچ پەیوەندییەكیان بە هێرشەكانی ئەم دواییەی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە هەبێت بۆسەر دامەزراوەی پیشەسازیی فڕۆكەوانی و بۆشایی ئاسمانی توركیا لە ئەنقەرە و جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەوان هیچ ئۆپەراسیۆنێكیان لە ناوخۆی توركیا و باكووری كوردستان ئەنجامنەداوە و نایدەن، هاوكات هیچ كەسێك لەسنووری ئەوانەوە نەچووەتە توركیا. عەبدی روونیدەكاتەوە كە ئامانجی توركیا نەهێشتنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییە. فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات رایدەگەێنێت كە هەڵوێستی هاوپەیمانان و ڕوسیا لەبارەی هێرشەكان لە ئاستی پێویستدا نییە ،هۆشداری ئەوەش دەدات ئەگەربێت هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان بەردەوامییان هەبێت ،وەڵامدانەوەیان دەبێـت.
هەر لەچوارچێوەی ئەم ئۆپەراسیۆنە نوێیەی دەوڵەتی توركیا چەندین ناوچە لە هەرێمی كوردستان كراونەتە ئامانج و بەپێی ئامارەكان زیاتر لە 50 هێرش لەماوەی چوار رۆژی رابردوودا كراونەتە سەر چەند ناوچەیەك لەوانە برادۆست و شنگال كە بەهۆیانەوە ژمارەیەك هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون.
بەشێك لە چاودێرانی سیاسی رەخنە لە كۆمەڵگەی نێودوڵەتی و بەتایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان دەگرن لەئاست بێدەنگییان بەرانبەر بەم هێرشە بەردەوامانەی دەوڵەتی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان و باشووری كوردستان كە بەهۆیانەوە سەدان هاووڵاتی مەدەنی شەهید و بریندار بوون و هاوكات دەیان دەمەزراوەی خزمەتگوزاری و ژێرخانی ئابووری خاپووركراون.
لە نوێترین پێشهاتدا وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل جیاوازی ئەم هەڵوێستانەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرانبەر بە كورد و فەلەستین بە لوتكەی دووڕوویی ناو دەبات و باس لەوە دەكات "لەكاتێكدا توركیا هێرش دەكاتە سەر كوردەكان نەتەوە یەكگرتووەكان بێدەنگە و بەوان ناڵێن تیرۆریست، كەچی كە ئیسرائیل وەڵامی بۆ تیرۆریستان دەبێتت دێنە سەر خەت و ئیدانەی دەكەن" ئیسرائیل كاتز لە ڕاگەیەندراوێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە پلاتفۆڕمی "X" بڵاویكردەوە، "ئەردۆگان خەریكی كوشتار و لەناوبردنی كوردانە و جیهانیش هەروا بێدەنگە، دیكتاتۆرەكە لە ئەنقەرەوە خەریكی بۆمبارانكردنی خەڵكی مەدەنیی بێگوناهی كوردە لە باكووری سوریا و سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكانیش، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس نقەی لێنایەت". ئاماژەی بەوەشكرد، "كوانێ بانگەوازتان بۆ ئاگربەست و كۆبوونەوەی خێرا و پێویستی ئەنجومەنی ئاساییش؟ كوانێ خەمخواردنتان لە مافەكانی كورد و شكاتكردن لە ئەردۆگان لەبەردەم داداگای تاوانی نێودەوڵەتی لە لاهای؟". وەزیرەی دەرەوەی ئیسرائیل باسی لەوەشكرد، "كاتێك ئیسرائیل دژی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان بەرگریی لەخۆی دەكات گۆتێرێس بەردەوام هێرشدەكاتە سەر ئیسرائیل، بەڵام كاتێك هاوڕێ دژە- جوەكەی (ئەردۆگان) خەریكی ئەنجامدانی تاوانی جەنگییە، لەناكاو ون دەبێت، لوتكەی دووڕوویی و ڕیاكاری"..
لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا دەوڵەتی توركیا بە بەردەوامی هێرشی كردووەتەوە سەر باشووری كوردستان و رۆژاوای كوردستان، سەركردەكانی ئەو وڵاتە بەئاشكرا رایدەگەێنن كە ئەوان دژ بە هەر قەوارەیەكی كوردی دەبن لەهەر شوینێك دروست بكرێت، لەو پێناوەشدا لەرێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و فڕۆكە جەنگییەكانیانەوە سەدان هێرشیان ئەنجامداوە و دەیان هاووڵاتییان كوشتووە و هاوكات بەشێكی خاكی كوردیان لەو دوو پارچەیە داگیر كردووە.