میدیایەکی بەریتانی باس لەهەوڵەکانی بەهێزکردنی هەواڵگری و دەزگا ئەمنیەکانی تری عیراق دەکات لەسایەی ئەو ترسەی کە بەغدا هەیەتی لەسەرهەڵدانەوەی داعش.
ماڵپەڕی ئەمواج لەراپۆرتێکیدا باسی لەو ترسە کردوە کە دەسەڵاتدارانی عیراق هەیانە لەبەرامبەر ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش و شکستی هەوڵەکانی سودانی بۆ کۆنترۆڵکردنی گروپە چەکدارە شیعەکان.
بەپێی ئەو راپۆرتە، لەدوای گەیشتنی ئیسلامییە سوننەکان لەسوریا بەدەسەڵات، عیراق دەستیکردوە بە بەهێزکردنی دەزگا ئەمنیی و هەواڵگرییەکان و پتەوکردنی هاریکاری ئەمنی لەگەڵ ئێران و ئەمریکا، ئەوەش بە ئامانجی بەرگرتن لە مەترسی سەرهەلدانەوەی داعش
ئاماژە بەوەشکراوە، بەغدا فشارەکانی لەسەر دیمەشق زیاد دەکات بەئامانجی رێگری لەدزە کردنی چەکدارانی تیرۆریست و پاراستنی شیعەکانی سوریا.
لە راپۆرتەکەدا هاتوە، ئەگەر دیمەشق سەرکەوتو نەبێت لە رێگریکردن لە دزەکردنی چەکدارە توندەرەوەکان بۆ عێراق پاراستنی شیعەکان، ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە گروپە شیعەکانی عێراق دەستوەردان لەکاروباری سوریا بکەن، ئەوەش ئالۆزبونی دۆخی ناوچەکەی لێدەکەوێتەوە.