ئهمڕۆ پێنجشەممە تۆڕی هەواڵی قودسی فەڵەستین ڕایگەیاند، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە 43 کەس لە هێرشە ئاسمانییەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی کەرتی غەززە کوژراون.
تۆڕی هەواڵی قودسی فەڵەستین بە پشتبەستن بە سەرچاوە پزیشکییەکان بڵاویکردەوە، کە سوپای ئیسرائیل لە بەرەبەیاندا ماڵ و خێمەکانی لە خان یونس لە شاری غەززە و کەمپی پەنابەرانی جەبەلیا بۆردومان کرد.
لە دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە، وەزارەتەکە ڕایگەیاند، کە ژمارەی کوژراوانی شەڕی ئیسرائیل لەسەر کەرتی غەززە بۆ 52 هەزار و 928 کەس بەرزبوەتەوە، هاوکات لە مانگی تشرینی یەکەمی 2023ەوە ژمارەی بریندارەکان بۆ 119 هەزار و 846 کەس زیادیکردوە.
لەو چوارچێوەیەدا، پزیشکانی بێ سنوور پشتڕاستیان کردەوە کە ئیسرائیل بە ئەنقەست کارەساتێکی مرۆیی لە کەرتی غەززە دروست کردوە.
کەرتی غەززە بوەتە دۆزەخێکی زیندو بۆ فەڵەستینییەکان
ڕێکخراوەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردوە کە کەرتی غەززە بوەتە دۆزەخێکی زیندو بۆ فەڵەستینییەکان، لە ئێستادا شایەتحاڵی دروستبونی زەمینەسازین بۆ قڕکردنی فەلەستینییەکان لە غەززە.
ههروهها هۆشداریدا لەوەی تیمە پزیشکییە مەیدانییەکانی لە ماوەی دو هەفتەی ڕابردوودا بە ڕێژەی 32% زیادبونی ژمارەی ئەو نەخۆشانەیان بەدیکردوە کە بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن.
ڕێکخراوەکە ڕونیكردهوه، ماوەی 11 هەفتەیە تیمەکانی لە غەززە هیچ پێداویستییەکیان وەرنەگرتوە و ڕوبەڕوی کەمیی پێداویستییە پزیشکییە پێویستەکان بونەتەوە، جگه لهوهی ژمارهیهكی كهم كارمهند له ئێستادا لهكاردان.