موتەنا سامەڕائی سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە" لە کاتێکدا ئێمە جەخت لەسەر گرنگی مەلەفی نەوت دەکەینەوە وەک پرسی سەرەکی سەروەت و سامانی خەزێنەی دەوڵەت، سەرسوڕمانی خۆمان لەو لێدوانە چەواشەکارانە و کردەوە نابەرپرسیارانە دەردەبڕین کە هەوڵدەدەن ڕێگری لە ڕێکارە تەکنیکییەکان بکەن و چارەسەری پراکتیکی بۆ چارەسەرکردنی پرسە ئابوورییە هەڵپەسێردراوەکان دەکەن".
دەشڵێت" بودجەی گشتی شایەتی زیانێکی زۆر بوو لە ئەنجامی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان بە هۆکاری تەکنیکی پەیوەست بە دیاریکردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و باجی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان کە لە ناوچەکەدا کاردەکەن".
سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم لە پەرلەمانی عێراق ڕاشیگەیاندووە" ئەم وەستانە لە ئەنجامی خەمڵاندنی ورد یان نادروستی نرخی نەوتی دەرهێنراو لە کێڵگەکانی هەرێمەوە بووە، بەو پێیەی تێچووی بەرهەمهێنان بەپێی سروشتی زەوی و قووڵایی بیرە نەوتییەکان دەگۆڕێت، بۆ نموونە تێچووی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی بەسرە دەگاتە نزیکەی ٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لە کاتێکدا تێچووی زیاترە لە هەندێک کێڵگەی ناوچەکەدا ٢٠ دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو نرخەی لە هەموارکردنەوەی یاساکەدا دیاریکراوە (١٦ دۆلارە) نوێنەرایەتی خەمڵاندنێکی پێشوەختە دەکات و خەمڵاندنێکی کۆتایی نییە، هەروەها پەیوەستە بە وردبینی لەلایەن ئەو دەزگای ڕاوێژکارییەوە کە لە پێشنیازی هەموارکردنەکەدا ئاماژەی پێکراوە، ئەمە جگە لە وردبینی فیدراڵی دیوانی چاودێری دارایی، ئەم هەموارکردنە پێویستە بۆ پاڵپشتیکردنی جێبەجێکردنی بڕگەکانی بودجەی پەسەندکراو، بەتایبەتی کەرەستەی پەیوەست بە هاوردەکردنی نەوت، لەبەر ڕۆشنایی زیادبوونی خەرجییە گشتییەکان و خراپتربوونی کورتهێنانی دارایی.
جەختیشیکردەوە کە" راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و بەشێک لە نەوتی کەرکوک لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا زیانی زۆری بۆ ئابووری عێراقی لێکەوتەوە کە بەهای ١٨ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، لەم ڕوانگەیەشەوە حکومەت بەرپرسە لە جێبەجێکردنی بڕگەکان لە بەرنامەی حکومەت، دیارترینیان مەلەفی نەوت، بە دۆزینەوەی چارەسەرەکان، بەرپرسیارێتییەکی تەکنیکی کاریگەر، کە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی جەختی لەسەر گرنگییەکەی کردووەتەوە و پشتگیری بەردەوامبوونی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی کردووە بۆ بەدەستهێنانی میکانیزمی هەناردەکردنی نەوت کە لە یاسای بودجەدا هاتووە، لە ڕێگەی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراقی (سۆمۆ) ئەنجامدراوە، بەپێی دەستوور و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی".