بەپێی ئەو ئامارانەی فیلیپۆ گراندی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردوونەتەوە، لەنێوان 8ـی کانوونی یەکەمی 2024 و 16ـی کانوونی دووەمی 2025، نزیکەی 195 هەزار و 200 سووریایی گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
گراندی نووسیویەتی "بەمزووانە سەردانی سووریا و وڵاتە دراوسێکانی دەکەم، چونکە کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران هاوکارییەکانی بۆ پەنابەرە گەڕاوەکان و خەڵکی خۆجێیی زیاد دەکات."
سەدان هەزار سووریایی ساڵی رابردوو لە ترسی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا، لوبنانیان جێهێشت و گەڕانەوە وڵاتەکەیان. ئەمەش پێش ئەوە بوو کە گرووپە ئیسلامییەکان لە هێرشێکی خێرادا دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بڕووخێنن و هیوای کۆتاییهێنان بە شەڕێکی 13 ساڵە ببووژێننەوە کە نیو ملیۆن کەسی تێدا کوژرا و ملیۆنانی دیکەش دەربەدەربوون.
تورکیا، سنوورێکی 900 کیلۆمەتری لەگەڵ سووریا دا هەیە، 2.9 ملیۆن پەنابەری سووریایی لەخۆگرتووە کە لەدوای ساڵی 2011ـەوە پەنایان بردووەتەوە بەر ئەو وڵاتە.