
پێدەچێت ئەمریکا هەوڵەکانی چوار چێوەی هاوئاهەنگی و گروپە چەکدارەکان شکستپێبهێنێت و چانسێکی تر بە محەمەد شیاع سودانی بداتەوە،بەڵام پێ ناچێت ئێران و دۆستە عێراقیەکانی هەروا بە ئاسانی خۆیان بدەن بە دەستەوەو دەستی ئەمریکا بەسەر خۆیاندا زاڵ بکەن
هەرچەندە لە ئێستادا زۆرینەی لایەنەکانی چوار چێوەی هاوئاهەنگی و گروپە چەکدارەکان ، بە توندی ڕەتیدەکەنەوە ، سودانی خولێکی تر پۆستی سەرۆکایەتی وەزیران وەربگرێتەوە، بەڵام مارک ساڤایا به نوسینێکی کورت و هەڕەشە ئامێز ئاهێکی خستەوە بەر سودانی و ناڕاستەوخۆ پشتیوانی خۆی بۆ دەربڕی.
مارك ساڤایا، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە عێراق لە سەكۆی "ئێكس" نوسیویەتی: ئەمریكا هیچ دەستوەردانێكی دەرەكی لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێرق قبوڵناكات و رێگەی پێنادات، بەبۆچونی شرۆڤەکاران و چاودێرانی سیاسی ، مەبەست لەم هەڕەشەو هۆشداریەی ساڤایا تەنها ئێرانە، کە لە ئێستادا پەڕلەمان پڕبووە لە دۆست و نزیکەکانی و هەوڵدەدات لە ڕێگەی زۆرینەی پەرلەمانەوە هەژموونی خۆی زیاتر بەسەر عێراقدا بسەپێنێت .
هەروەها ساڤایا نوسویەتی: عێراق لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوەو هیوادارین لە چەند مانگی داهاتوودا ئەم پێشکەوتنە بەردەوام بێت، لە هەمان کاتدا بە وردی چاودێری پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەکەین.
چاودێران پێیان وایە ئەم هۆشداریەی ساڤایا، پشتگیریکردنە لە کارەکانی سودانی لەماوەی حکومڕانیداو پشتیوانیکردنیەتی لە وەرگرتنەوەی خولێکی تری سەرۆکایەتی حکومەت، بۆیە ئەگەر پێشتر باس لە ئاوابونی خۆری سودانی دەکرا، بەڵام دوای قسەکانی ساڤایا، ئەستێرەی بەختی کەوتووەتەوە درەوشانەوە
هەروەها بە بۆچونی چاودێرانی سیاسی ، دوای ئەم هۆشداریەی ساڤایا، ئێران خۆی بۆ گەڕێکی تری ململانیە لە گەڵ ئەمریکا ئامادە دەکات و هەروا بە ئاسانی دەستبەرداری ساحەکە نابێت بۆ ئەمریکا، بەتایبەت ئێستا یاریزانە دۆستەکانی کۆنتڕۆڵی یاریەکەیان کردووە، بە دووریشی نازانن هاوشێوەی خولی ڕابردوو، گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان لایەنە سیاسیەکان سەر هەڵبداتەوەو عێراق بکەوێتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە.
پێشتریش مشعان جبوری پەرلەمانتاری پێشووی عێراق ڕایگەیاندبوو، ئەمریکا بەم ئەنجامەی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕازی نابێت، چونکە زۆرینەی ئەوانەی گەیشتنە پەرلەمان بەشیعەو سوننەوە، دۆستەکانی ئێرانن، بە دووریشی نەزانیوە بەهۆی پێکنەهاتنی لایەنەکان و دروستبونی گرژی هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە.