شیکاری/ ڕێگای کوردستان

لە ئەگەری ڕوودانی هەر هێرشێکی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، عێراق وەک دراوسێیەکی جوگرافی و هاوپەیمانێکی ئاڵۆزی هەردوو وڵات، دەبێتە یەکەمین و گەورەترین گۆڕەپانی کاریگەرییەکان. عێراق کە هێشتا بەدەست ناسەقامگیریی قووڵەوە دەناڵێنێت، لە چەندین ئاستی جیاوازەوە ڕووبەڕووی بوومەلەرزەیەکی گەورە دەبێتەوە.

لە ڕووی سیاسیەوە ، عێراق ساڵانێکە هەوڵ دەدات هاوسەنگییەک لە نێوان واشنتۆن و تاراندا ڕابگرێت، بەڵام جەنگێکی ڕاستەوخۆ کۆتایی بەم هاوسەنگییە دەهێنێت.
هێزە سیاسییە نزیکەکانی ئێران لە پەرلەمان و حکومەتدا فشارێکی بێوێنە دەخەنە سەر حکومەتی عێراق بۆ دەرکردنی خێرای باڵیۆزخانە و هێزەکانی ئەمریکا.
پێشبینی دەکرێت حکومەتی فیدراڵی تووشی قەیرانێکی گەورە یان تەنانەت هەڵوەشانەوە ببێت، چونکە ناتوانێت لە یەک کاتدا هاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ ئەمریکا بپارێزێت و داواکارییەکانی لایەنە نزیکەکانی ئێرانیش جێبەجێ بکات.

لە حاڵەتی ڕوودانی جەنگ مەترسیدارترین لێکەوتە بۆ عێراق لە ڕووی ئەمنییەوە دەبێت، گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە خۆیان بە بەرەی مقاوەمە دەناسێنن، بەشداری لەو شەڕەدا دەکەن و پێشبینی دەکرێت سەرجەم بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوخۆی عێراق بکەنە ئامانج، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا بێدەنگ نابێت و وەڵامی توندی دەبێت.
ئاسمانی عێراق دەبێتە ڕێڕەوی سەرەکیی فڕۆکە و مووشەکەکانی ئەمریکا یان ئیسرائیل و ڕەنگە ئێرانیش لە عێراقەوە وەڵام بداتەوە.
بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنییەوە، گروپە تیرۆریستییەکانی وەک داعش دەتوانن سوود لەو بۆشاییە ئەمنییە وەربگرن بۆ ئەنجامدانی پەلاماری نوێ.

شەڕ کاریگەری لە سەر ئابوری عێراق درووست دەکات و ئابووریی عێراق بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەر گورزی ئەم ململانێیە دەکەوێت، عێراق بۆ دابینکردنی کارەبا بە ڕێژەیەکی زۆر پشتبەستووە بە گازی هاوردەکراوی ئێران، لە کاتی جەنگدا، ئەگەری پچڕانی ئەم گازە زۆرە، دەبێتە هۆی تاریکبوونی شارەکان و وەستانی کارگەکان.
متمانە بە بازاڕ نامێنێت، خواست لەسەر دۆلار بە شێوەیەکی شێتانە بەرز دەبێتەوە و نرخی دینار لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا دادەبەزێت ، جووڵەی بازرگانی لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتەوە دەوەستێت، ئەمەش دەبێتە هۆی گرانبوونی خۆراک و کاڵا بنەڕەتییەکان.

شەقامی شیعی لە عێراقدا دەکەوێتە حاڵەتی ئامادەباشی و جۆش و خرۆشێکی مەزهەبی و نەتەوەییەوە بە مەبەستی پشتگیریکردن لە ئێران، ئەمەش هێزی گرووپە چەکدارەکان لە سەر شەقام زیاتر دەکات.
سوننەکان خۆیان لە نێوان بەرداشی دوو مەترسیدا دەبیننەوە، لە لایەکەوە نایانەوێت ببنە بەشێک لە ململانێیەک بۆ بەرژەوەندیی ئێران، لە لایەکی تریشەوە دەترسن لەوەی هەر هەڵوێستێکی بێلایەن یان دژ بە ئێران، بیانکاتە ئامانجی گرووپە چەکدارەکان، ئەمەش هەستی پەراوێزخستن و دابەشبوونی کۆمەڵایەتی و تائیفی زیاتر دەکات.
ئەمە جگە لەوەی سوننەکان ڕوخانی دەسەڵاتی ئێران، بە لاوازبوونی دەسەڵاتی شیعەی عێراق دەڕوانن و خۆیان بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵات ئامادە دەکەن.

پێشبینی دەکرێت فشارەکان لەسەر هەرێمی کوردستان بگەنە لوتکە، هەرێم کە وەک دۆستێکی ئەمریکا سەیر دەکرێت و هێزەکانی هاوپەیمانانی تێدایە، ڕەنگە ڕووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی چڕتری گرووپە چەکدارەکان یان خودی ئێران ببێتەوە بە بیانووی بوونی بنکەی بیانی ، بە تایبەتی ئەگەر حکومەتی بەغدا بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا بدات و هەولێر ڕەتی بکاتەوە. 

لە کۆتاییدا، هەر جەنگێک لە نێوان واشنتۆن و تاراندا، تەنیا لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئێراندا نامێنێتەوە. عێراق بەهۆی پێکهاتە ئاڵۆزەکەی و لاوازیی دامەزراوەکانییەوە، باجی هەرە گەورەی ئەم ململانێیە دەدات، هێرشێکی لەم شێوەیە دەتوانێت عێراق بگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سفر و ببێتە هۆی سەرهەڵدانی شەڕێکی ناوخۆیی و هەرێمیی درێژخایەن کە سەرجەم پێکهاتەکان تێیدا زیانمەند دەبن.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا