
پاپا لیۆ چواردەهەم دوێنێ یهكشهممه لە ئیستانبوڵەوە گەیشتە بەیروت، لە یەکەمین سەردانی دەرەوەی وڵاتەکەی لە دوای هەڵبژاردنی لە مانگی (ئایار/5)ی ڕابردوەوە، جەختی لەسەر خواستی خۆی کردهوه بۆ ئەوەی ببێتە "نێردراوی ئاشتی" کە کاردەکات بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەیەکدا کە بەهۆی شەڕ و دوبەرەکییەوە ماندو بوە.
لە یەکەم ڕۆژی سەردانەکەیدا، پاپا داوای لە بەرپرسانی لوبنان کرد کە کار بۆ چاکەی گشتی بکەن و ڕەچاوکردنی تائیفی وەلا بنێن، داوای ئاشتەوایی هەمەلایەنەی کرد بە سەرۆکایەتی ئەو دامەزراوانەی کە "دان بەوەدا بنێن کە بەرژەوەندی نیشتمانی لە پێش بەرژەوەندیی لایەنەکاندایە".
پاپا سەردانی مەزارگەی سەینت چاربێلی کرد لە شارۆچکەی ئانایا لە باکوری بەیروت، بوە یەکەم سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکی کە سەردانی ئەو شوێنە بکات، کە شوێنی زیارەتکردنە بۆ هەردو مەسیحی و مسوڵمان.
هەروەها لە مەزاری خاتونی لوبنان لە شاری حەریسە لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی ئایینی کۆبوەوە، پێش ئەوەی بەشداری لە کۆبونەوەیەکی دیالۆگی ئیکۆمێنیکی و نێوان ئایینەکان بکات لە گۆڕەپانی شەهیدان لە ناوەندی شاری بەیروت، کە تێیدا بانگەوازی خۆی بۆ ڕێزگرتن لە فرەچەشنی و کراوەیی لە نێوان پێکهاتە ئاینییەکان نوێکردەوە.