شكستی پارتەكەی ماكرۆن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا سەرەۆك وەزیرانی ئەم وڵاتە ناچاری دەست لەكار كێشانەوە دەكات.
نوسینگەی سەرۆکی فەرەنسا، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردەوە" ئیمانوێل ماکرۆن چاوەڕێی دوایین ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەڕەنسا دەکات پێش ئەوەی هەر بڕیارێک بدات".
ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی نەریتی کۆمارییەکان، چاوەڕێی پێکهێنانی ئەنجوومەنی نیشتمانی نوێ دەکات بۆ ئەوەی بڕیاری پێویست بدات.
هەروەها لای خۆشیەوە گابرێل ئاتال سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا نیازی خۆی بۆ پێشکەشکردنی دەست لە کارکێشانەوەی خۆی بۆ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ڕاگەیاند و دەڵێت" لە راپەڕاندنی کارەکانم وەک سەرۆک وەزیران بەردەوام دەبم، تا ئەو کاتەی پێویست بێت"، (ئەمەش دوای ئەوەی هاوپەیمانی چەپ لە هەڵبژاردنی یاسادانان سەرکەوتنی بەدەستهێنا).
ئاتال ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمڕۆ دەریخست کە توندڕەوەکان ناتوانن زۆرینەی ڕەها پێکبهێنن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەکان ژان لوک مێلێنشۆن سەرۆکی هاوپەیمانی چەپی فەرەنسا ڕایگەیاند" پێویستە ئیمانوێل ماکرۆن بانگهێشتی لایەنە چەپەکانی فەرەنسا بکات بۆ پێکهێنانی حکومەت".
وتیشی" ماکرۆن شکستی هێنا و دەبێت دان بەوەدا بنێت".
هێمای بۆ ئەوەش کرد کە" پێویستە ئێستا ڕێز لە ئیرادەی گەل بگیرێت".
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی خولی دووەمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی فەرەنسا، هاوپەیمانی چەپەکان ١٧٢ بۆ ٢١٥ کورسی بەدەستهێناوە، هەروەها پارتی بەرەی نیشتمانی راستڕەوی دژە کۆچبەر ١٣٠ بۆ ١٥٠ کورسی بەدەستهێناوە، هاوپەیمانی ناوەڕاست کە هاوپەیمانێتییەکی میانڕۆی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسایە ١٥٠ بۆ ١٧٠ کورسییەکانی بەدەستهێناوە.
پەرلەمانی فەرەنسا لە ٥٧٧ کورسی پێکدێت و هەر لایەنێکیش بۆ پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە ٢٨٩ کورسی هەیە بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی ڕەها لە ئەنجوومەنی نیشتمانی.