سەرۆکی چین بە ڕۆژنامەی گڵۆباڵ تایمز رایگەیاند، هەڵبژاردەیەکی دروست کراوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان پەکین و واشنتۆن.
شی جینپینگ، سەرۆکی چین، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی گڵۆباڵ تایمز رایگەیاند، “لە کاتێکدا لە قۆناغێکی مێژووییداین لەگەڵ ئەمریکا، پێکەوە هەڵبژاردەیەکی دروستمان کردووە”.
چوارشەممەی ڕابردوو جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، یەکەمین دیداری ڕووبەڕووی خۆی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە دوای ساڵێک ئەنجامدا لە میانی بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوەی لوتکەی هاوکاری ئابوری ئاسیا و زەریای هێمن لە سانفرانسیسکۆ.
لە میانەی گفتوگۆکانی سەرۆکی چین و ئەمریکا، هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر ئاستێکی یەکسان لە نێوان وەزارەتە سەربازییەکانی هەردوو وڵاتدا، لەوانەش کۆبوونەوەی کارکردنی وەزیرانی بەرگری، ڕاوێژکردن لەسەر پرسەکانی ئاسایشی دەریایی و ئەنجامدانی گفتوگۆی تەلەفۆنی لە ئاستی فەرماندەکانی ناوچەی شەڕدا، بێجگە لەوەش هەردووکیان بڕیاریاندا گفتوگۆیەک لەسەر ئاستی حکومەت بۆ پێشخستنی پڕۆژەکان لە بواری زیرەکی دەستکرد دەستپێبکەن.