
دوای کۆبوونەوەی شاندی ئۆکرانیا و ئەمریکا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پلانی ترەمپ بۆ ئاشتی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای دەکات، ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی هەیە.
بۆ جاری دووەم شاندی ئۆکرانیا و ئەمریکا بۆ تاوتوێ کردنی پلانی ترەمپ لە فلۆریدا کۆبوونەوە، هەر یەکە لە مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ لەگەڵ دانوستانکارانی ئۆکرانیا کە ڕوستێم ئومێرۆڤ، وەزیری پێشووی بەرگریی وڵاتەکە سەرۆکایەتیی شاندەکەی دەکرد، کۆبوونەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، دوای دوایین دانوستانەکانی ئەمریکا و ئۆکرانیا لە فلۆریدا، چانسێکی باش هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەنێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، گفتوگۆی درێژ هەن و بەباشی بەڕێوەدەچن.