مارکۆ ڕوبیۆ، لە یەکەم ڕۆژی کارکردنیدا و لەمیانی وتارێکدا کە پێشکەشی کارمەندانی وەزارەتەکەی کرد ڕایگەیاند، "گۆڕانکاری زۆر بەسەر جیهاندا هاتوە و دەبێت بزانین لە داهاتودا چی ڕودەدات، لێرەشدا ئەرکی من ئاسان نابێت، ڕوبەڕوی ئالەنگاری و ساتی قورس دەبنەوە، هەوڵدەدەین دوربکەوین لە ململانێکان، بەڵام ئەوە لە سەر حسابی بەهاكانمان نابێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، "سیاسەتی دەرەوەمان سەرەتا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانمانە ئینجا بنەماكانی دیكە، ئەگەر بەرژەوەندییەکانمان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەوانی دیکەدا یەکی گرتەوە، ئەوا لەگەڵیان کاردەکەین".
وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەشكرد، "ئەرکی ئێمە بەرەوپێشبردنی ئاشتییە لە سەرانسەری جیهان، هەروەها بەرگری لە بەهاکانشمان دەكەین".
ئەوە لەكاتێكدایە ئێوارەی دوێنێ دوشەممە، ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بە کۆی دەنگ دەستنیشانکردنی مارکۆ ڕوبیۆی وەک وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕاگەیاند، بەوەش مارکۆ ڕوبیو بوە یەکەم ئەندامی کابینەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی نوێی ئەمریكا.
ڕوبیۆ، سیناتۆری کۆمارییەکانە لە ویلایەتی فلۆریدا، لەنێو ئەو کاندیدانەی ترەمپدایە کە کەمترین مشتومڕی لەسەرە و دەنگدانەكەش لە بەرژەوەندی ئەودابو. ڕوبیۆ کە لە ساڵی 2011ەوە ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکایە، بەپێی ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی، وەک "پەپولەیەکی نەریتی سیاسەتی دەرەوە" وەسف دەکرێت.