بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، دانیشتنی پەرلمانی عێراق بەڕێوەبچێت و مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلمان بە ڕۆژنامەی (سەباحی) ڕاگەیاند" دوای گفتوگۆیەکی بەرفراوان، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ سەرۆکی کوتلە و لیژنەکان ڕێککەوتین ئەو دەقەی کە حکومەت بۆ هەمواری یاسای بودجە ناردوویەتی پەسەند بکەن".
مەشهەدانی ئەوەشی خستەڕوو کە پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجە خراوەتە یەکەم خاڵی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلمان کە بڕیارە موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلمان سەرۆکایەتی بکات و وتیشی"من گەشتم بۆ دەرەوەی عێراق کردووە".
پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەخنەی لەو هەموارە نوییە گرتبوو کە حکومەتی عێراق بۆ یاسای بودجەی ناردووە و پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندبوو "دوای چەندین کۆبوونەوە و هەوڵ و ماندووبوون بۆ ئەوەی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەموار بکرێتەوە و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە ،هەرچەندە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیشی بۆ کرا، بەڵام بەداخەوە لە کۆتا ساتەکاندا ، دەنگی لەسەر نەدرا" .
وتیشی" ئێمە تووشی سەرسوڕمان بووین بەوەی پێشنیارێک لە لایەن نوێنەری حکومەتی فیدراڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، تاکلایەنە و بە بێ ئەوەی ڕاوێژ لەگەڵ حکومەتی هەرێم بکرێت، یان لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە دەنگی لەسەر درابێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران نێردراوە، كە ئەم پێشنیارە لەهەمانکاتدا دژی بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵیشە تایبەت بە هەموارکردنەوەی پڕۆژە یاسای بودجە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان".
لە راگەیەندراوەکەی وتەبێژی حکومەتی هەرێمدا هاتبوو کە " ئەم هەوڵانە زیان بە هەموو عێراق دەگەیەنن و کێشەکان قووڵتر دەکەنەوە و خزمەت بە چارەسەرکردنی پرسەکان ناکات. بۆیە ئێمە ئەو هەوڵ و پێشنیارانە، بە هەموو شێوەیەک ڕەت دەکەینەوە و دژی دەوەستین. بۆیە دەبێت ئەو پێشنیارەی لەسەر ڕێککەوتووین ، بخرێتە دەنگدانەوە".