ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لە میانی دانیشتنی ئاسایی خۆیدا چەند بڕیارێکی دەرکرد، لەوانە پەسەندکردنی ڕەشنوسی سیستمی ڕێکخستنی بازرگانی ئەلیکترۆنی لە عێراق، هەروەها تەرخانکردنی نزیکەی 400 ملیار دینار بۆ دابینکردنی تێچوی جێبەجێکردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی 2025.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمشەو لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران چوارەمین دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەمساڵی کرد و تێیدا بارودۆخی گشتی وڵات تاوتوێکرا و گفتوگۆی دۆسیە گرنگەکان و كارە لە پێشینەكانی بەرنامەی حکومەت کرا، جگە لە تاوتوێ کردنی بابەتەکانی سەر کارنامەی حکومەت و بڕیاردانی پێویست لەو بارەیەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەنجومەنی وەزیران بەدواداچونی بۆ دۆسیەی وزە کرد و ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر گرتنەوەی کێڵگەی نەوتی مەجنون لەپڕۆژەکانی بەرژەوەندی کۆمەلایەتی لەسەر بنەمای یەکسان لەگەڵ ئەوەی لەگرێبەستەکانی دیکەی مۆڵەتدا کاری پێ دەکرێت، هەروەها ساڵانە بڕی (10) ملیۆن دۆلار تەرخان بکرێت، لەلایەن وەزارەتی داراییەوە لەهەژماری کێڵگەی نەوتی مەجنون بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکان لەچوارچێوەی بودجەی پلاندانانی کۆمپانیای کارپێکەری کێڵگەکە/ کۆمپانیای نەوتی بەسرە.

  1. وەزارەتی گواستنەوە گرێبەستی لەگەڵ ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی تایبەتمەند (دامەزراوەی دارایی نیودەوڵەتیIFC) بکات بۆ ئامادەکردنی نامیلکەی وەبەرهێنان بۆ بەڕێوەبردن و کارپێکردن و پەرەپێدانی فڕۆکەخانەکانی (بەسرە و موسڵ و زیقار و نەجەف) بە هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی و تێچوی لێکۆڵینەوەی راوێژکاریی لەسەر براوە بێت و بەشێکی لەسەر پارێزگا پەیوەندیدارەکان دابنرێت.
  2. وەزارەتی گواستنەوە یان ئەو پارێزگایەی کە (فڕۆکەخانەکەی لێ دامەزراوە)، بەرپرسیارێتی گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو لایەنە لە ئەستۆدەگرێت کە پێویستە هاوبەش بێت لەگەڵی (براوە)، بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی ئاماژەپێکراو و ئەو پارێزگایەی کە فڕۆکەخانەکەی تێدا دامەزراوە.
  3. وەزارەتی گواستنەوە، چاودێریکردن و سەرپەرشتی فڕۆکەخانەکان لەئەستۆ دەگرێت، داهاتی فڕۆکەخانەکان و دامەزراندن تێیدا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەو پارێزگایەدا دەبێت کە فڕۆکەخانەکەی تێدا دامەزراوە، هەروەها دەبێتە خاڵی پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ ئاسانکاری لە هەمو ڕێوشوێنەکانی پەیوەست بە حکومەت.
  4. بەڕێوەبردنی پاسپۆرت، گومرگ، تەندروستی، ئاسایش، ئاسایشی فڕۆکەخانەکان و چاودێری ئاسمانی، ستانداردکردن و کوالیتی فڕۆکەخانەکان لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵیدا دەبێت.
  5. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد لە بڕگەی (2)ی ئاماژەپێکراو بەدەر دەبێت و وەزارەتی گواستنەوە وەک لایەنی گرێبەست لەگەڵ وەبەرهێنەرەکە دەمێنێتەوە.

 

ئەنجومەنی وەزیران ئەم بڕیارانەی خوارەوەی پەسەند کرد:

  1. وەزارەتی گواستنەوە/ هێڵی ئاسمانی عێراقییە پاش واژۆکردنی گرێبەستی وەبەرهێنان یان هاوبەشی بەپێی سیستەمی کرێ لە فڕۆکەخانە مەدەنییەکان (6ی ساڵی 2018) ئەو بڕەی لەسەری ماوە دەیدات.

 

  1. وەزارەتی گواستنەوە دانوستان لەگەڵ وەبەرهێنەران یان بەشداربوانی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانە دەکات بۆ نوێکردنەوەی کەمترین بڕی داهاتی فڕۆکەخانە کە دەبێت لایەنی عێراقی گەرەنتی بکات، و کۆنوسی دانوستانەکان پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیران بکرێت بۆ ئەوەی وەزارەتی دارایی بتوانێت گەرەنتی پێویست پێشکەش بکات.
  2. وەزارەتی گواستنەوە ڕێککەوتن بکات لەگەڵ وەبەرهێنەر یان بەشداربو لە بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانە بۆ دانانی بڕگەیەک لە گرێبەستەکەدا كە بریتی بێت لە دیاریکردنی بڕی قەرەبو کە پێویستە بدرێت لە حاڵەتێکدا ئەگەر بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەخانەکە یان هەر لایەنێکی حکومی خاوەن دەسەڵاتی گرێبەست کردنی وەبەرهێنان یان هاوبەشی بە ویستی خۆی پێش کۆتایی هاتنی ماوەی گرێبەستەکە کۆتایی پێ بهێنێت.
  3. وەزارەتی گواستنەوە و دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی و دەستەی راوێژکاران، پرۆژە هەموارکردنێک بۆ سیستەمی کرێ لە فڕۆکەخانەکان ژمارە (6ی ساڵی 2018) ئامادە بکەن، بۆ دڵنیابون لە چارەسەرکردنی پرسی کرێی وەرگیراو بەپێی سیستەمی ئاماژەپێکراو، بەشێوەیەک لەگەڵ سروشتی گرێبەستەکان و ئابوری بازاڕی گواستنەوەی ئاسمانیدا بگونجێت.

کاری دیوانی بیمە پەیوەستە بە بانکی ناوەندی عێراقەوە

لە چوارچێوەی ڕێوشوێنەکانی چاکسازی داراییدا، ئەنجومەنەکە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسایەکی پەسەند کرد کە تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، کاری دیوانی بیمە پەیوەستە بە بانکی ناوەندی عێراقەوە، بەوپێیەی دیوانەکە یەکێکە لەو دامەزراوە داراییە نابانکیانەی کە کار بۆ ڕێکخستن و سەرپەرشتیکردنی کەرتی بیمە دەکات، بەمەبەستی مسۆگەرکردنی گەشەپێدانی و دەستەبەرکردنی بازاڕێکی کراوە شەفاف و پارێزراوی دارایی.

دەسەڵاتدان بە بەڕێوبەری گشتی دەستەی گشتی باج لەوەزارەتی دارایی بدرێت

لەبواری هاریکاری باجدا، ڕەزامەندی درا لەسەر ئەوەی كە دەسەڵاتدان بە بەڕێوبەری گشتی دەستەی گشتی باج لەوەزارەتی دارایی بدرێت بە مەبەستی دانوستان و داڕشتنی پڕۆژە ڕێکەوتننامەیەک سەبارەت بەدورکەوتنەوە لە دو باجدان و ڕێگریکردن لە خۆدزینەوە لە باجی سەپێنراو لەسەر داهات و سەرمایە لەنێوان حکومەتی کۆماری عێراق و حکومەتی سوڵتەنەی عومان لەسەر بنەمای بڕگەکانی دەستور،

بە مەبەستی پەرەپێدانی بازرگانی و ئاسانکردنی ڕێکارەکان، ئەنجومەنی وەزیران ڕەشنوسی (سیستەمی ڕێکخستنی بازرگانی ئەلیکترۆنی لە عێراق) پەسەند کرد.

پڕۆژە یاسای هەموارکردنی یەکەمی یاسای دیوانی وەقفی سوننەی پەسەند کرد

هەروەها ئەنجومەنەکە پڕۆژە یاسای هەموارکردنی یەکەمی یاسای دیوانی وەقفی سوننەی پەسەند کرد (ژمارە 56ی ساڵی 2012 ) کە لەلایەن ئەنجومەنی دەوڵەتەوە پێداچونەوەی بۆ کرا و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران کرا، لەسەر بنەمای بڕگەکانی دەستور و بە لەبەرچاوگرتنی تێبینییەکانی فەرمانگەی یاسایی لە ئەمیندارییەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران.

پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی بینای کەلەپوری قشلە

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ پەرەپێدانی ناوچە دێرینەکانی بەغداد، ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر بەدەرکردنی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی بینای کەلەپوری قشلە (فەرمانگەی پۆستەی ئەقسا) لە ڕێنماییەکانی جێبەجێکردنی گرێبەستە حکومییەکان (2 ی ساڵی 2014) و کۆنتڕۆڵەکانی هاوپێچی، و گرێبەست کردن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەی کە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوارەکانەوە دەستنیشان کراوە.

ئەو پڕۆژە ڕاگیراوانەكەی كە دەكەونەوە كار:

  1. نوێکردنەوەی پێکهاتەی (دابینکردنی کەرەستەی پزیشکی، کەلوپەلی پزیشکی، ئۆفیس و پێداویستی پزیشکی) لە چوارچێوەی پێکهاتەکانی پڕۆژەی (نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی موسڵ) کە لە خشتەی بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی تەندروستی بۆ ساڵی 2023 دانراوە، بە مەرجێک بە گرێبەستێکی نوێ بێت بەپێی کۆنتڕۆڵەکان و زیادکردنی تێچوی گشتی پڕۆژەکە.
  2. زیادکردنی بڕی یەدەگ و تێچوی گشتی پڕۆژەی (کۆمەڵگەی نیشتەجێبون لە پارێزگای دیالە/غالبیە) و زیادکردنی بڕی سەرپەرشتی کردن و چاودێری.
  3. زیادکردنی بڕی یەدەگ و تێچوی گشتی پڕۆژەی (کۆمەڵگەی نیشتەجێبون لە پارێزگای واست/زەرباتیە).
  4. زیادکردنی بڕی یەدەگ بۆ پێکهاتەی (دروستکردنی هۆڵی خوێندن) کە لە چوارچێوەی پێکهاتەکانی پڕۆژەی (دیزاین و جێبەجێکردنی بیناکانی کۆمەڵگەی ئەندازیاری) دامەزرێنراوە لە زانکۆی بابل، زیادکردنی بڕی سەرپەرشتیکردن و چاودێری و نوێ کردنەوەی پێکهاتەیەک بەناوی (بڕی زیادبونی ئەو شایستانەی کە نەدراوە بۆ پێکهاتەی دروستکردنی هۆڵەکانی خوێندن) و زیادکردنی تێچوی گشتی بۆ پڕۆژە سەرەکییەکە.

 398 ملیار دابین دەكرێت بۆ تێچوی هەڵبژاردنی پەرلەمان

لەچوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ دابینکردنی پشتیوانی بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان، ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر لەخۆگرتنی بڕی پارەی جیاواز کە دەکاتە 294 ملیار و 370 ملیۆن دینار، لەچوارچێوەی خشتەی خەمڵاندنەکانی بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2025، لەسەر بنەمای بڕەکانی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی (13ی ساڵی 2023) بۆ ئەوەی ببێتە 398 ملیار و 600 ملیۆن  ملیار دینار، بەمەبەستی دابینکردنی تێچوەکانی جێبەجێکردنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ساڵی 2025.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە