
بڕیار عەبدولڕەحمان - ڕواندز
بۆ یەکەمجار، کۆمەڵێک چوارینەی (حوسێن حوزنی موکریانی)، لە دووتوێی کتێبێکدا بە ناوی (لانەی شەوان)، لە یادی سەت ساڵەی دەرچوونی گۆڤاری زاری کرمانجی بڵاوکرایەوە.
ئەم بەرهەمە لە لایەن (یاسین برایم و دڵشاد خەتات) ئامادەکراوە. ناوەڕۆکی کتێبەکە کۆمەڵێک زانیاری گرنگی لەسەر ژیان و کارەکانی حوسێن حوزنی موکریانی لەخۆگرتووە، چەند زانیارییەکی تازە و چوارینەکان بۆ یەکەمجارە بڵاودەکرێنەوە. ئەم چوارینانە دڵشاد خەتات لە باوکیەوە (عەبدولڕەحمان فەقێ حەسەن) وەریگرتوون، ناوبراویش ئەوکاتەی حوسێن حوزنی لە ڕواندز بووە، لای ئەو کاری کردووە و چوارینەکانی لە خودی حوسێن حوزنی وەرگرتوون، دڵشاد خەتات بۆ ماوەی چەندین ساڵ چوارینەکانی لای خۆی پاراستوون.
سەید حوسێن عەبدوللەتیف ناسراو بە حوسێن حوزنی موکریانی (١٨٩٠_ ١٩٤٧) بە یەکەم مێژوونووسی کورد دادەنرێت لە سەدەی بیستەمدا، بە کوردی مێژووی نووسیوە. چاپخانەی لە حەلەب و ڕواندز دامەزراندووە. لە ڕواندز گۆڤاری (زاری کرمانجی)، لە هەولێر (ڕووناکی)، لە بەغدا (دەنگی گێتیی تازە)ی دەرکردووە و خاوەن چەند بەرهەمێکی چاپکراوە.
