ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان 27ی كانوونی یەكەمی 2017 لە هەولێر كۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.

لە كۆبوونەوەكەدا، باری ئابوری كوردستان و ئاسەوارەكانی خراپی باری گوزەرانی خەڵك و لاوازی ئاستی خزمەتگوزاری و بەردەوامبوونی كیشەی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و فراوانبوونی دیاردەكانی هەژاری و بێكاری، بە وردی لەلایەن ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی حزبەوە گفتوگۆیی لەبارەوە كرا.

 

ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەندراوەكەیە:

 

راگەیەندراوی كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان

 

كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان لە 27 كانونی یەكەمی 2017 كۆبونەوەی ئاسایی خۆی بەست، وتیایدا كۆمەڵێك بابەتی گرنگی هەنوكەیی خستە بەر باس و لێكۆڵینەوە، لە سەروی هەمویانەوە باری ئابوری كوردستان و ئاسەوارەكانی خراپی باری گوزەرانی خەڵك و لاوازی ئاستی خزمەتگوزاری لە سەرجەم بوارەكاندا و بەردەوامبوونی كیشەی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و فراوانبوونی دیاردەكانی هەژاری و بێكاری، كە تێكرای ئەم حاڵەتانە هاوكاتە لە گەل بوونی بۆشایی متمانە نێوان خەڵك و حكومەت وچارەسەرنەكردنی قەیرانە سیاسییە ناوخۆییەكانی كوردستان جگە لەو بابەتانەی پەیوەندییان بە خراپی بەرێوەبردنی دەسەڵات و نەبوونی شەفافیەتەوە هەیە.

هەر لەم روانگەیەوە كۆبونەوەی كۆمیتەی ناوەندی جەختی لەوە كردەوە كە داواكاریی رەوای خەڵكی كوردستان و دەربڕینی ئەو داواكارییە بە هەموو شێوازێكی دیموكراسی و مەدەنی وئاشتیانە و لە رێگای خۆپیشاندان و مانگرتن و شێوازە مەدەنییەكانی دیكە، كارێكی تێكۆشەرانەی رەوایە و هەردەم حزبمان نەك تەنها داكۆكی لێكردوە بەڵكو بە درێژای ساڵی 2017 بەشداری لە چالاكییە جەماوەرییەكان كردوە و لە شارو شارۆچكەكانی كوردستان و بۆ داكۆكیكردن لەو بەرژەوەندی خەڵكی زەحمەتكێش دەستپێشخەری ئاشكرایی هەبووە.

لە روانگەی ئەم هەڵوێستەوە حزبمان داوادەكات كە حكومەتی هەرێم داواكارییە رەواكانی جەماوەر لە دوواى خۆپیشاندانەكاندا و لە چالاكییەكانی رابووردووی دیكەشدا، بە هەند وەرگرێ و كار بۆ جێبەجێكردنی بكات، و سەرجەم گیراوەكانی دوواى خۆپیشاندان ئازاد بكات و لە چوارچێوەی قانون مامەڵە لە گەڵ رۆژنامەگەری و سەرجەم كارەكاندا بكات بە جۆرێك دامودەزگای گشتی بپارێزرێت، ولە كۆتایشدا سەرجەم چالاكییە جەماوەرییەكان لە چوارچێوەی خەباتی دیموكراسی مەدەنی ئاشتیانە دوور لە توندوتیژییەوە، بێت، كە پێمان وایە تەنها ئەم رێگایە خزمەت بەداواكارییەكانی خەڵكی كوردستان دەكات.

هەر سەبارەت بە وەزعی خەڵكی كوردستان كۆبونەوە داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات بایەخ بە رەوشی خەڵكی دەربەندیخان بدات كە تائێستا بەشێكیان بە هۆی رووداوی بومەلەرزەوە لە بارودۆخێكی خراپدا وەزع بە سەر دەبەن.

هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەغدا و ئەنجومەنی پارێگاكانی عێراق كە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بە نیازە ئەنجام بدرێن بابەتیكی دیكەی كۆبونەوەی كۆمیتەی ناوەندی حزب بوو. سەبارەت بەم بابەتەش حزبمان جەخت لەسەر ئامادەكردنی پێداویستیكانی دەكاتەوە كە خۆی لە ئاسایكردنەوەی وەزعی "ناوجە ناكۆكییە لەسەرەكان" و نەهێشتنی سەرجەم دیاردە سەربازییەكان لەو ناوچەیە و ماوەنەدان بە مانەوەی حەشدی شەعبی و سوپا لەو ناوچانە و و زەمینەخۆشكردن بۆ گەراندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان بۆ كارو ئەركی خۆیان، دەبینێتەوە. هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا پێداویستی گەرانەوەی ئاوارەكانی كەركوك و دوز و كرستییان و ئێزییدەیەكانی دەشتی موسڵ و شنگال بۆ شوێنی خۆیان و قەرەبوكردنی ئەو زیانانەی لێیان كەوتوە. شایانی باسە ئەم ناوەندانە پێویستیان بە هاوكاری بەپەلە لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە بەتایبەتی لەم هەولومەرجەدا كە نەحكومەتی عێراق و نە یونامی ئاوریان لێناداتەوە.

كۆبونەوەكە پێی وایە خۆئامادەكردن بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق پێویستی بە بوونی یەك لیستی كوردستانی یەكگرتوو هەیە بەتایبەتی لەم هەلەمەرجەدا كە سەرجەم مافەكانی گەلی كوردسان لە دەوڵەتی عێراقدا لە ژێر مەترسیدایە و رۆژانە پێشێلدەكرێت، وپرنسیپی شەراكەت و جێبەجێكردنی بەشێكی زۆری ماددەكانی دەستوری عیراق فەرامۆشكراوە. كاركردن بۆ لیستێكی كوردستانی یەكگرتوو پێویستی بە كاركردنی سەرجەم حزب ولایەنە سیاسییە كوردستانییەكان هەیە دوور لە بەرژەوەندی بەرتەسكی حزبایەتی بۆ ئەنجامدانی شیوازێك لە كۆدەنگی، و زەمینەخۆشكردنی یەكریزییەكی واقیعی كە لە گەڵ رەوشی نوێی كوردستان بگونجێت و لە ئاستی ئاستەنگەكانی ئەمرۆی كوردستان بێت. بێگومان بوونی یەك لیستی هاوبەش و یەكگرتوو ئامرازێكی بەهێز بۆ وەفدی هەرێمی كوردستان لە دانوستانەكانی لەگەڵ بەغدا دەبێت.

بابەتەكانی پەیوەست بە كارو باری حزب خاڵیكی دیكەی كۆبونەوەی كۆمیتەی ناوەندی بوو و لەم بوارەشدا كۆمیتەی ناوندی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرجەم ئەو كەس و لایەنانە دەكات كە لە ماوەی رابووردوودا هاوكاری "ستلایتی رێگا"یان كردوە و تێكرای ئەو كارمەندانەی كە كاریان تێدا كردوە كە بەشێكی بەرچاویشیان خۆبەخش بوونە، و ئەمرۆش بە هۆی باری داراییەوە لە كۆتایی ساڵی 2017 پەخشی رادەگیرێت. كۆبونەوەكە بریاری دا كە لە ساڵی 2018 وە سەرلەنوێ رۆژنامەی رێگای كوردستان دەربكاتەوە، وبۆ ئەم مەبەستەش چاوەریی هاوكاری وكۆمەكی دۆستان ولایەنگران و ئەندامانی حزبە.

كۆبونەوەی كۆمیتەی ناوەندی حزبمان جەختی لەسەر سووربونی تێكۆشانی شیوعییەكان كردوە و گرنگی داگۆكردن لە مەسەلەی نیشتمانی كوردستانی و كاركردن بۆ دیموكراسی سیاسی و تێكۆشان بۆ ئازادییەكان و جەختكردنەوە لە سەر مەسەلە چینایەتییەكان و ئارستەبوونی كارەكان بۆ كاری هاوبەشی رۆژانەی لایەن و كەسایەتییە چەپەكان كوردستان و بتەوكردنی رایەڵی پەیوەندی لەگەڵ لایەنەكانی چەپ و عەلمانی لە عێراق و لە ناوچەكەدا.

كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان

28/ دیسەمبەر؛2017