ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

له‌به‌ر چه‌ندین هۆكار كۆچی به‌لێشاو بۆ هه‌نده‌ران درێژه‌ی هه‌یه‌. فیدراسیۆنی په‌نابه‌ران یه‌كێكه‌ له‌ ڕێكخراوه‌ چالاكه‌كانی ئه‌و بواره‌ له‌ كوردستان و هه‌نده‌ران. بۆ تیشك خستنه‌ سه‌ر ئه‌و پرسه‌ "ڕێگای كوردستان" دیدارێکی له‌گه‌ڵ ئاری جه‌لال به‌رپرسی كوردستانی ئه‌و ڕێكخراوه ‌و چالاكی بواره‌كه‌ ساز کرد‌.

 ڕێگای كوردستان - سلێمانی

 

به‌پێی زانیارییه‌كانتان ئێستا ڕێژه‌ی كۆچكردن له‌چ ئاستێكدایه‌؟ داتایه‌كی ڕێژه‌ییتان له‌به‌رده‌ستدا هه‌یه‌ كه‌ له‌ساڵی 2018 كۆچكردن بۆ هه‌نده‌ران زیادی كردووه‌ یاخود كه‌م؟

-لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٧٠ هەزار هاووڵاتی عێراق و کوردستانیان جێهێشتووە و بە شێوەی فەرمی لە زیاتر لە ٣٠ وڵاتی جیهان داوانامەی مافی پەنابەرییان پێشکەش کردووە بەدەر لە کەسانی سیاسی کە تەنیا بە ژمارەش ئەژمار ناکرێن و بەشێوەی نهینێ دەمێنێتەوە. بەراوردی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ لەگەڵ  پاردا هیچ جیاوازییەکی ئەتۆیان نییە و ڕاستە کەمی کردووە، بەڵام هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ توندکردنەوەی سنورەکان لەلایەن تورکیا کە دەروازەیەکی سەرەکییە بۆ وڵاتانی ئەوروپا.

 هۆكاره‌كانی كۆچكردنی به‌رده‌وام له‌ كوردستانه‌وه‌ چین؟

-هۆکارگەلێک هەن کە وا لە هاووڵاتییان دەکات وڵات جێبهێڵن وەک قەیرانی دارایی،  نەبوونی مووچە لەکاتی خۆیدا، دانەمەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان، نەبوونی کاری گونجاو بۆ گەنجان و قەیرانی سیاسی بەتایبەتی ناڕوونی ئایندەی سیاسی و نەبوونی یەکگوتاری لایەنە سیاسییەکان بۆ باشترکردنی ڕەوشی هاووڵاتییان لە داهاتوودا.

 به‌و پێیه‌ی فیدراسیۆنی په‌نابه‌ران له‌ هه‌نده‌راندا بوونی هه‌یه‌ و به‌دواداچوون بۆ ڕه‌وشی كۆچبه‌رانی كوردستانی و عێراقی ده‌كات، ڕه‌وشی ژیانی كۆچبه‌ران له‌چ دۆخێكدایه‌؟

-ڕەوشی پەنابەرانی عێراقی بەتایبەتی ئەو پەنابەرانەی پێش ڕێککەوتننامەی نێوان وڵاتانی ئەوروپا و تورکیا ئەنجامدرا بەڕێژەی ٩٠٪ی ئیستا وەڵام بەخواستەکانیان دراوەتەوە و داوانامەی مافی پەنابەرییان لەلایەن وڵاتانەوە پەسەند کراوە. وەک هەموو هاووڵاتییەکی ئەو وڵاتە مافی خوێندن و کاریان هەیە. بارودۆخ و گوزەرانیان لەوپەڕی باشیدایە.

ئەو پەنابەرانەشی لەدوای ئەو ڕێککەوتننامەیە گەیشتوونەتە وڵاتانی ئەوروپا زۆرینەیان بەهۆی کێشەی سەختی ڕێگا و دەستگیرکردنیان لەلایەن وڵاتانی بەڵکان کە سەرە ڕێگان بە گەیشتنیان بە وڵاتانی ئەوروپا بەهۆی کێشەی فینگە پرێنت و ڕەتکردنەوەی داوانامەکانیان لە کەمپ و گرتووخانە داخراوەکاندا ڕەوشی ژیان و گوزەران و هەتا لە ڕووی دەرونیشەوە زۆر خراپ و ناجێگیرن.

 به‌پێی زانیارییه‌كانتان له‌ ساڵی 2018 چه‌ند كه‌س دیپۆرت كراونه‌ته‌وه‌؟ زیاتر له‌ چ وڵاتێكه‌وه‌ دیپۆرت ده‌كرێنه‌وه‌؟

-نزیکەی سی پەنابەرێک لەهەریەک لە وڵاتانی فلەندا و سوید و نەرویج دیپۆرت کراونەتەوە بەهۆی فشارەکانی فیدراسیۆنی پەنابەران لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات جارێکی دیکە ناردنەوەی زۆرەملێی پەنابەران ڕاگیراوە.

 ئه‌وانه‌ی دیپۆرت ده‌كرێنه‌وه‌ له‌ هه‌رێم هیچ به‌رنامه‌یه‌ك هه‌یه‌ بۆ ڕێكخسته‌وه‌یان له‌كۆمه‌ڵگادا چ له‌لای ئێوه‌ یان ڕێكخراوه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان؟

-تەنیا ڕێکخراو لەسەر کەیسی دیپۆرتکراوان کار بکات فیدراسیۆنی پەنابەرانە، بەداخەوە نەحکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێكخراوه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان تایبەت بە کاروباری  پەنابەران هیچ جۆرە پڕۆژەیەکیان نییە بۆ پەنابەرانی دیۆرتکراوە. بەداخەوە باڵوێزخانەکان سپۆنسەری چەندین ڕێکخراو دەکەن بۆ کاروباری پەنابەران، بەڵام تا ئێستا هیچ جۆرە پڕۆژە و بەرنامەیەکیان نەبووە بۆ پەنابەرانی دیپۆرتکراوە کە قوربانی دەستی حکوومەتەکانی ئەوانن. دەبیت ئەو باڵوێزخانانەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق نوسینگە و نوێنەرایەتیان هەیە پڕۆژەی تایبەتیان هەبێت بۆ دیپۆرتکراوەکان کە قوربانی دەستی حکوومەتەکانی ئەوانن. فیدراسیۆنی پەنابەران لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق چەندین جار پڕۆژەی پێشکەشی هەردوو پەرلەمان کردووە لەلایەن حکوومەتی عێراقی بڕیاری ٢٦٢ هەیە تایبەت بە قەرەبوو کردنەوە، هاوکاریکردنیان و لە پارێزگاکانی عێراق جێبەجێ دەکرێت، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو هیچ جۆرە پڕۆژەیەکانیان پەسەند نەکردووە بۆ پەنابەرانی دیپۆرتکراوە.

 ئه‌وانه‌ كه‌ كۆچ ده‌كه‌ن له ‌ڕابردوودا زیاتر لاوان بوون، ئاخۆ كێن ئه‌وانه‌ی ئێستا كۆچ ده‌كه‌ن؟

-ڕاستە لە چەند ساڵی ڕابردوودا گەنجان ڕێژەی ٧٥٪ی کۆچبەرانیان پێک دەهێنا، بەڵام ئێستا سەرجەم جێن و توێژەکانی گرتووەتەوە و ڕێژەی خێزاندار زۆر زیادی کردووە، ئەوەش بە هۆکاری سەرەکی ئەو قەیرانە یەک لە دوا یەکانەی ڕوو دەکەنە ناوچەکە.

 داتایه‌كتان هه‌یه‌ بۆ قوربانیانی كۆچ ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ساڵی 2018 گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، یان شوێن بزرن؟

-بەداخەوە لەگەڵ دەستپێکردنی کۆچی بەلێشاوی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق و لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٧٨ هاووڵاتیی عێراقی کە زۆرینەیان ژن و منداڵن گیانیان لەدەست داوە و بێسەروشوێنن.

لەماوەی ساڵی ڕابردوودا ٦٥ هاووڵاتی عێراقی گیانیان لەدەستداوە و بێسەروشوێن بوون و تەرمی ٣١ هاووڵاتی گەڕێندراوەتەوە و تەرمی ٣٤ هاووڵاتی دیکەش تا ئێستا دیار نییە. کۆی گشتی بێسەروشوێن بووانی سێ ساڵی ڕابردوو ١٣٣ هاووڵاتیین کە بۆ زۆرینەیان پشکنینی پزیشکی ئەنجام دراوە و ڕەوانەی وڵاتان کرانەتەوە.

 هه‌ر زانیارییه‌كی دیكه‌ ئه‌گه‌ر بتانه‌وێت بیده‌ن به‌ خوێنه‌رانی ڕێگای كوردستان؟

داواکارین لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەکاتی کۆچکردنیان بە هیچ جۆرێک نەکەونە ژێر پڕوپاگەندەی قاچاخچییەکان و ناسنامە و شوناسی خۆیان نەگۆڕن بۆ وڵاتێکی دیکە، چونکە ئەنجامەکانی زۆر خراپ دەبن و ڕەنگە هاوشێوەی پەنابەرانی چەند مانگی ڕابردوو تووشی ناڕەحەتی زۆر ببنەوە و بگرە سزای یاسایی دەدرێن و هیچ ڕێکخراو و دەوڵەتێکیش ناتوانن بەرگرییان لێ بکەن.

 

 

  • 1