ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

كیكێ سێتین، راهێنه‌ری نوێی یانه‌ی بارسێلۆنا له‌ یه‌كه‌م یاریی خۆیدا له‌گه‌ڵ یانه‌ كه‌ته‌لۆنییه‌كه‌ ریكۆردێك تۆمارده‌كات، كه‌ له‌دوای رۆیشتنی پێپ گواردیۆلا، ئه‌و یانه‌یه‌ تۆماری نه‌كردووه‌.

له‌ یه‌كه‌م یارییدا كێكێ كاریگه‌ری خۆی به‌سه‌ر ئاستی بارسادا جێهێشت، كاتێك له‌ گه‌ڕی 20ی لالیگادا له‌سه‌ر یاریگه‌ی كامپ نو رووبه‌ڕووی گرانادا بووه‌وه‌ و به‌ گۆڵێكی بێبه‌رامبه‌ر لێیبرده‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵێكی رۆژنامه‌ی ماركای ئیسپانی، بارسا له‌و یارییه‌دا باشترین ئاماری ئه‌مساڵی تۆماركرد، كه‌ له‌ كۆی 1005 پاس كه‌ یاریزانه‌كانی له‌و یارییه‌دا به‌ یه‌كدییان داوه‌ 921 پاسی دروستبووه‌، كه‌ ئه‌مه‌ رێكۆردێكی نوێیه‌ بۆ خودی كیكێ له‌ لالیگادا و پێشتر نه‌یتوانیوه‌ له‌گه‌ڵ هیچ تیپێك تۆماریبكات، كه‌ به‌ر له‌و یارییه‌ باشترین تۆماری 719 پاسی دروستبوو له‌ كۆی 788 پاس، ئه‌ویش له‌گه‌ڵ یانه‌ی ریال بێتیس بوو.

ئه‌مه‌ باشترین تۆماریشه‌ بۆ كیكێ له‌وه‌ته‌ی پێپ گواردیۆلا له‌ بارسا رۆیشتووه‌، كه‌ یاریزانانی ئه‌و راهێنه‌ره‌ له‌ وه‌رزی 2010 ـ 2011دا له‌ به‌رامبه‌ر لێڤانتی 962 پاسی دروستیان دا.

هه‌روه‌ها له‌م یارییه‌دا بارسا سێیه‌م باشترین رێژه‌ی كۆنترۆلی تۆپی تۆماركرد له‌وه‌ته‌ی وه‌رزی 2005 ـ 2006، كه‌ بریتی بوو له‌ 82.6% له‌ به‌رامبه‌ر گرانادا، بارسا له‌ سه‌رده‌می گواردیۆلادا له‌ به‌رامبه‌ر رایسینگ سانتاندێر رێژه‌ی كۆنترۆلی گه‌یشته‌ 84% و به‌رامبه‌ر لێڤانتیش گه‌یشته‌ 83.9%.