ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بارسا بووه‌ میوانی یانه‌ی ئیبیزا، كه‌ له‌ ساڵی 2015 دامه‌زراوه‌ و له‌ خولی یانه‌ پله‌ سێیه‌كانی ئیسپانیا یاری ده‌كات.

یارییه‌كه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌موو پێشبینییه‌كان به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ پێپ مارتین له‌ خوله‌كی 9دا گۆڵی یه‌كه‌می بۆ ئیبیزا تۆماركرد، دوای ئه‌و گۆڵه‌ش یاریزانانی بارسا هیچ به‌رچه‌كردارێكییان نه‌بوو، به‌ڵكو یاریزانانی ئیبیزا له‌ خوله‌كی 39دا نزیك بوون له‌ تۆماركردنی گۆڵی دووه‌م، كاتێك تۆپێكی رودادۆ به‌ر ستوونی گۆڵی بارسا كه‌وت.

له‌ نیوه‌ی دووه‌میشدا یاریزانانی بارسا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كۆنترۆلی تۆپیان به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، به‌ڵام نه‌یانتوانی تاوه‌كو خوله‌كی 72 گۆڵی یه‌كسانبوون به‌ده‌ستبهێنن، تا ئه‌وكاته‌ی گریزمان پاسێكی جوانی له‌ ئارسه‌ره‌وه‌ پێگه‌یشت و تۆڕی یانه‌ بچووكه‌كه‌ی هه‌ژاند.

 

هه‌مان یاریزان له‌ خوله‌كی 4 زیادكراودا، پاسێكی دیكه‌ی جوانی له‌ خۆردی ئه‌لباوه‌ پێگه‌یشت و گۆڵی دووه‌م و بردنه‌وه‌ی بۆ بارسا به‌ده‌ستهێنا و بلیتێكی قۆناخی 16ی بۆ یانه‌ كه‌ته‌لۆنییه‌كه‌ بڕی.